دوو شایەتحاڵ لە گفتوگۆیەکدا بۆ گاردیەن لێدانی ئارمیتا گراوەند لەسەر حیجاب پشتڕاستدەکەنەوە

ئارمیتا گراوەند

چیرۆکی ئارمیتا گراوەند و چوونە ناو کۆمای ئەو کچە نەوجەوانە وەک باس دەکرێت بەهۆی "لێدانی لەسەرحیجابی زۆرەملێ" لە میترۆی تاران بووەتە گرنگترین هەواڵی نێو میدیا و خەڵکی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاردانەوەی بەرفراوانی نێودەوڵەتیشی لێکەوتوەتەوە.

دوایین هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئێران لە ترسی دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناحکومی لە ئێران قەدەغەکردووە لە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئەو کچە لاوە.

هاوکات ماڵپەڕی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕۆژی پێنجشەممە،5ی مانگی 10 لە هەوالێکدا سەبارەت بەم بابەتە رایگەیاندوە کە دایکی ئارمیتا بەناوی شەهین ئەحمەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش هیچ هەواڵێک لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەیەوە نەخراوەتەڕوو.

هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکەوە نووسیوێتی "خاتوون ئەحمەدی بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەرکراوە و بنەماڵەکەشی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە کە خۆیان لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە بەدوور بگرن."

بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران، دەستگیرکردنی شەهین ئەحمەدی ڕەتکردەوە.

سەرەڕای هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان سەبارەت بە دۆخی ئارمیتا گراوەند، بەڵام هەواڵەکە لە ئیستادا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت ئاژانسە هەواڵییەکانی دەرەوەشی تەنیوە.

ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە،5ی ئەم مانگە سەبارەت بە چۆنییەتی لەهۆش چوونی ئارمیتا گراوەند، قسەی دوو شایەتحاڵی ئەو ڕووداوەی بڵاوکردوەتەوە کە دەڵێن "هەر کە ئارمیتا سواری میترۆکە بوو، ژنێکی بەرپرسی جێبەجێکردنی حیجابی زۆرەملێ بە هۆی حیجابەکەی ئارمیتاوە دەستیکرد بە دەمەقاڵە لەگەڵیدا و هاواری بەسەردا کرد و گوتی بۆچی قژت دانەپۆشیوە و ئارمیتاش وەڵامی دایەوە و گوتی مەگەر من داوا دەکەم کە تۆ لەچکەکەت لەسەر لابەی کە تۆ داوا دەکەیت من لەچک لەسەر بکەم و هەر ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی ئەو بریکاری حکومەتەی ئێران هێرش بکاتە سەر ئارمیتا و پاڵی پێوەبنیات."

ئەو شایەتحاڵانە هەروەها بە گاردیەنیان وتووە "هەمان ئەو ژنە کە لەسەر حیجاب پاڵی بە ئارمیتاوە ناوە، کاتێک بەشی فریاکەوتن بۆ گواستنەوەی ئارمیتا هاتووە، لە تەنیشت دەرگای ئەمبولانسەکەوە بووە."

لێدوانەکانی ئەو شایەتحاڵانە لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای میترۆی تاران ڕۆژی دوای ڕووداوەکە "ئەگەری تێوەگلانی بەرپرس و کارمەندانی میترۆی لە ڕووداوەکەدا ڕەتکردبووە و جەختی لەوە کردبووە کە ئەو خوێندکارە کچە بە هۆی دابەزینی فشارەوە بێهۆش بووە.

لە دوایین کاردانەوە بەو ڕووداوەی بەسەر ئارمیتادا هاتووە، وەزیری دەرەوەی کەنەدا کاردانەوەی هەبووە بەرامبەر بە هەواڵی بێهۆشبوونی ئارمیتا و داوای ڕوونکردنەوەی حکومەتی ئێرانی کردوە.

ئەو لە تویتێکدا نووسیویەتی "ئەوەی بەسەر ئارمیتا گراوەندا هاتوە، نابێت دۆخێکی بەردەوام بێت بۆ ژنانی ئێران."

هەروەها بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری مافی مرۆڤی پێنجشەممە، 5ی ئەم مانگە ڕایگەیاندووە "ئەمەریکا لە هەواڵی هێرشی دڕندانەی پۆلیسی ئاکاری ئێران بۆ سەر ئارمیتای تەمەن 16 ساڵ، بەهۆی ئەوەی بەبێ سەرپۆش سواری میترۆ بووە، تووشی شۆک بووە."

عزرا زیا دەڵێت "ڕێبەڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت ڕێگە بە گەنجەکانی بدات کە ئایندەی وڵاتەکەیان دروست بکەن نەک هێرشیان بکاتە سەر."

ئەو دەشڵێت "ئەمەریکا پابەندبوونی خۆی بۆ لێپرسینەوە لە کۆماری ئیسلامی لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دووپاتدەکاتەوە و جارێکی دیکە داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکات توندوتیژی ڕابگرێت".

ئارمیتا گراوەندی تەمەن 16 ساڵ خوێندکاری پۆلی 11ی ئامادەیی دانیشتووی تارانە کە 1ی ئەم مانگە لەکاتی گەڕانەوەی لە قوتابخانە، لە ڕووداوێکدا لە وێستگەی میترۆی "شۆهەدای تاران" بێهۆش دەبێت و دەگواسترێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری تاران و هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو تاکو ئیستاش لە بێهۆشیدایە.