ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند پێویستە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگە بە شاندێکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی، لەوانەش شارەزایانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو بارودۆخەی کە بووە بە هۆی بێهۆشبوونی ئارمیتا گراوەند.
بەیاننامەکە کە ڕۆژی هەینی 6ی مانگی دە لە ماڵپەڕی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە بڵاو کراوەتەوە، نووسیوێتی "بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بێهۆشی و چوونە کۆمای ئارمیتا لە میترۆی تاران بە هۆی توندوتیژیی جێبەجێکارانی یاسای حیجابەوە بووە."
هەروەها لیژنەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لە چیرۆکی "چوونە ناو کۆما"ی ئارمیتا گراوەند دەکات کە ساڵێک دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاردا ڕوویداوە.
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە ڕایگەیاندووە کە حکومەتی ئێران سێ خولەک و 16 چرکەی لە گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێراکانی مێترۆ لابردووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان.
دیانا ئەلتەحاوی، جێگری بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە ئاماژەدان بە نامومکین بوونی لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن و سەربەخۆی ناوخۆیی لە ئێران گوتی "بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە هێرشی بریکاری حیجاب زۆرەملێ بۆ سەر ئەرمیتا دەکەن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە فشار بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ئەوەی ڕێگە بە پانێڵێکی نێودەوڵەتی سەربەخۆ بدەن بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە بارودۆخی قورسی ئەو نەوجەوانە."