حزبە دژبەرەکانی ئێران: کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی عێراقەوە بڕیاری گرتنی بۆ 22 سەرکردە و فەرماندەکانمان دەرکردووە

سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێران فشاری خستووەتە سەر حکومەتی عێراق، تا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک لە سەرکردەی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەربکات."

سەرچاوە نزیکەکە لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "زانیاریمان بەدەستگەیشتووە، عێراق بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووین، لەکاتێکدا ئێمە لەبەر خاتری هەرێم و بیانوونەدان بەدەست ئێرانەوە، هیچ نەما نەیکەین."

ئێران داوای ڕادەستکردنی نزیکەی 22 کەسی لە سەرکردەو فەرماندەکانی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەی کردووە، بەشێک لەو سەرکردانە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، بەڵام بەشێکی تریان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمن و شوێنی مانەوەیان نادیارە.

سەرچاوە نزیکەکە لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، دەڵێت،"وەفدی ئەمنی ئێران، کاتێک قسەیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کردووە، نموونەی بە ئامانج کردنی سەرکردەکانی پەکەکەیان لەلایەن تورکیاوە هێناوەتەوە، گوایە ئەوانیش مافی خۆیانە سەرکردەی حزبە کوردییەکان بە ئامانج بگرن."

سەبارەت بە ئەنجامی گفتووگۆکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئێران لەبارەی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە عەبدوڵا ئاکرەیی، ڕێکخەری پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ تاران کرد، بەڵام ئامادەنەبوو لەوبارەیەوە لێدوان بدات.

سەرجەم ئەو سەرکردانەی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە لەلایەن ئەو وڵاتەوە داواکراون، ڕێوشوێنی توندیان بۆ پاراستنی خۆیان گرتووەتە بەرو شوێنی بەشێکی زۆریان نادیارە.

ئەمجەد پەناهی، سەرکردەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لەبارەی داواکاری ئێران بۆ ڕادەستکردنی سەرکردەکانیان و دەرچوونی بڕیاری دەستگیرکردن بۆیان لەلایەن عێراقەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە خۆمان دەپارێزین، لەپەنای گەلی خۆمانداین و هیچ ترسێکمان بۆ دەستگیرکردن و ڕادەستکردن نییە."

ئێران ڕۆژی 19 ی ئەیلولی وەکو دوا وادە بۆ چەککردن و داخستنی بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی دانابوو، بەڵام پێش ئەو وادەیە لەلایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، هێزە کوردییەکان لە ناوچە سنورییەکان کشێنرانەوە، هێزەکانیشیان لە کەمپەکانی زرگوێز و کۆیەو ناوچەکانی تر "چەککران".

سەرچاوە نزیکەکە لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، دەڵێت،"کەمپەکان هیچ هێزێکیان تێدا نەماوە، تەنها ژن و منداڵییان تێدایە."

هەروەها وتیشی،"داوامان لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش کردووە، تا لێکۆڵینەوە بکات و لە دۆخی کەمپەکان دڵنیا ببێتەوە. یوئێن و عێراقیش بە دۆخەکەو مانەوەمان وەکو پەنابەر ڕازین، بەڵام ئێران هاوشێوەی موجاهیدینی خەڵق داوای دەرکردنمان لە عێراق دەکات."

زانیارییەکان ئاماژەبەوەدەکەن، هێشتا هاتووچۆی وەفدی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە دۆخی حزبە کوردییەکان بەردەوامە، بەشێک لەو سەردانانە بە نهێنی ئەنجام دەدرێن.

ئەمجەد پەناهی، دەڵێت، "ئەوەی پێویستبوو ئەنجامماندا،هیچ شتێک نەماوە ئەنجامی بدەین، تا بیانوو بەدەست ئێرانەوە نەمێنێت بۆ دژایەتیکردنی هەرێم، هەرچەندە دڵنیایین ئێمەش نەبین، ئێران بیانووی تر دەدۆزێتەوە."