شارەزایەکی بواری ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند، ئێران پاڵپشتی لەهەموو هێز و گروپەکانی نێو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکات، تا شەڕو ئاڵۆزی لەنێوخۆی وڵاتەکەی دووربخاتەوەو بیگوێزێتەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر.
حاکم حەمدی گلی، عەمیدی خانەنیشین و شارەزای بواری ئاسایشی نیشتمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ستراتیژیەتی ئێران، دوورخستنەوەی شەڕو ئاڵۆزییە لە ناوخۆی وڵاتەکەی و گواستنەوەی شەڕە بۆ ئەو وڵاتانەی هێز و گروپی جیا جیای تێدایەو لە خۆیەوە نزیکن."
حوسییەکان لەیەمەن، حزبوڵا لە لوبنان، حەشدی شەعبی لە عێراق، ڕژێمی ئەسەد لە سوریاو بزووتنەوەی حەماس لە ئیسرائیل، ئەو هێزو گروپانەن لەلایەن ئێرانەوە بە پێدانی چەک و تەقەمەنی و هاوکاری سەربازی و ئابووری پاڵپشتی دەکرێن.
حاکم حەمدی گلی، دەڵێت، "ئێران پاڵپشتی هەموو هێزەکانی ناوچەکە دەکات بۆ خزمەتکردنی ستراتیژییەتی خۆی، تەنانەت لە ڕابردوودا پاڵپشتی شۆڕشی کوردیشی کردووە. ئێران دەیەوێت لە ژێر پەردەی مەزهەبگەرا، ببێتەوە خاوەنی ئیمپراتۆرییەت و باڵادەست بێت لەناوچەکەدا."
Your browser doesn’t support HTML5
ڕۆژی شەممە، ڕۆژێکی جیاواز بوو بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین و تەنانەت وڵاتانی جیهانیش، کاتێک پێچەوانەی پێشبینی و چاوەڕوانییەکان، بزووتنەوەی حەماس هەموو بەربەستە هەواڵگیری و ئاسایشی و سەربازییەکانی ئیسرائیلی بڕی و هێرشیکردە سەر ئەو وڵاتە، بەو هۆیەوە بەسەدان کەس کوژران و برینداربوون.
هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بە "میژوو"یی و "شۆکهێنەر" وەسفکران، بەو پێیەی ئیسرائیل خاوەنی یەکێک لە بەهێزترین دەزگا هەواڵگیری و سەربازییەکانە.
حاکم حەمدی گلی، شارەزای بواری ئاسایشی نیشتمانی، دەڵێت،"ئەنجامدانی هێرشەکان لەلایەن حەماسەوە دەریخست ئیسرائیل لە ڕووی هەواڵگیری و سەربازییەوە کەم و کوڕی هەیە، ڕاستە وڵاتێکی بەهێزی جیهانە، بەڵام دەبێت لەمەودوا حساباتی خۆی بگۆڕێت."
بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس، دەڵێن سەرەتای هێرشەکانیان بە بۆمبارانکردنی ئیسرائیل بە 500 موشەک دەستپێکردووە، دواتر چەکدارەکانیان بەربەستە ئاسایشی و هەواڵگیرییەکانیان بڕیووەو چوونە نێو ئەو وڵاتەوە.
بونیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کاردانەوەی هێرشەکانی حەماس و کوژران و برینداربوونی سەدان هاوڵاتی وڵاتەکەیدا، هەڕەشەی خاپورکردنی کەرتی غەزەی کرد و داوای لە دانیشتوانەکەی کرد چۆڵی بکەن.
حاکم حەمدی گلی پێیوایە، ئیسرائیل هێرشی یەکلایی کەرەوەو دەکاتە سەر کەرتی غەزە، هێرشەکانیش بە شێوەیەک توند دەبن، "موجامەلەی" هیچ وڵاتێکی تێدا نابێت.
حەمدی گلی، دەڵێت، "هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەریخست، هەوڵی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل شکڵین، لەڕووی کردارییەوە هەنگاو نەنراوە."
ئەو وتیشی،"هێرشەکانی حەماس نەفەسێکی دایە عەرەب، بەوەی ئەوان هەرچەندە بێدەنگن، بەڵام دەتوانن شت بکەن."
بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی، هەرچەندە بزووتنەوەیەکی چەکداری ئیسلامی سونەیە، بەڵام بە نزیکایەتی لەگەڵ ئێران و پاڵپشتیکردنی لەلایەن ئەو وڵاتەوە تۆمەتبار دەکرێت.
ئەمەش ببینە بلینکن: ڕەنگە ئەمەریکا یارمەتییەکی سەربازیی نوێ بۆ ئیسڕائیل ڕابگەیەنێت
حاکم حەمدی گلی ڕوونیکردەوە، هەرچەندە حەماس لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام دواجار ئاراستەی شیعی بە سەرۆکایەتی ئێران و ئاراستەی سونە ڕکابەری یەکن لە ناوچەکەدا، بەڵام ئاراستەی شیعی بەهێزترەو هەوڵی فراوانخوازی زیاتر دەدات.
ئەو دەڵێت،"داعش زیانی گەورەی بە ئاراستەی سونە گەیاند، بەڵام پێناچێت سونە تا سەر بەرامبەر هەوڵە فراوانخوازییەکانی ئێران بێدەنگ بن."
سەبارەت بە کاریگەری شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لەسەر هەرێم و ناوچە کوردییەکانی سوریا، حاکم حەمدی گلی وتی،"مەترسی گەورە لەسەر هەرێم و ناوچە کوردییەکان هەیە، چونکە ناوچە کوردییەکان کراوەن بەرامبەر دەستوەردانی ئێران و تورکیا."
ئەو وتیشی،"کورد جگە لەوەی یەکگرتووی لەدەستداوە، ستراتیژییەتی ئاسایشی نیشتمانیشی نییە، بۆیە دۆخەکە بۆ کورد لەهەموو ڕوویەکەوە خراپە. بەتایبەت ئەو گروپانەی هاوشێوەی حەماس لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هەموویان دراوسێی ناوچە کوردییەکانن."