شرۆڤەکارانی سیاسی گومانیان هەیە لە بەهێزی کوتوپڕی حەماس و غافڵگیری هێزەکانی ئیسرائیل

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حکومەتی ئیسڕائیل ڕایگەیاند بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە زیاتر لە 600 کەس لە ئیسڕائیل کوژراون، هاوکات بەرپرسانی غەزە دەڵێن لانیکەم 370 کەس کوژراون و هەزاران کەسی دیکەش لە هەردوولا بریندار بوون. بەڵام بەهۆی بۆردومان و شەڕ و پێکدادانەکانەوە ژمارەی قوربانییەکان لە بەرزبوونەوەدایە.

دکتۆر عادل باخەوان پرۆفیسۆری زانکۆ لە پاریس و لێکۆڵەر لە پرسەکانی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست ڕای وایە " دەستپێکەردنەوەی جەنگێکی خوێناوی لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا، بەدرێژایی مێژووی نێوان ئەم دوانە، ئەمە یەکەمجارە کە حەماس بتوانێت بەمشێوەیە جەنگێکی بەرفراوان بباتە نێو خاکی ئیسرائل. ئەمە شۆکێکی یەکجار گەورەی لە ئیسرائیل دروستکردووە. ژمارەی کوژراو و بریندار و دیلەکان یەکجار زۆرن و تا ئێستاش لە بەرزبوونەوەدان. ئەتوانم بڵێم ئەمە 11 ی سپێپتمبەری ئیسرائیلیەکانە و دڵنیام کارایی دادەنێت بەسەر سەرلەنوێ داڕشتنەوە و ئاڕاستەکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە."

لەگەڵ هێرشەکەی چەکدارانی حەماس لەبەرەبەیانی زووی ڕۆژی شەممەدا، دەمودەست کۆمەڵێک ڤیدیۆ و وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایتەییەکان و میدیاکانەوە بڵاوبوونەوە و ڤیدۆکان ئەوە نیشاندەدەن کە چۆن هەزاران موشەک بەسەر ئەو شار و ناوچانەدا دەبارێن و هاووڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیلیش لە پیناو ڕزگارکردنی ژیانی خۆیاندا بە لێشاو ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێدەهێڵن، ئەمە بێجگە لە ڤیدۆی کۆنترۆڵکردنی بنکەیەکی لەشکری ئیسرائیل لە لایەن چەکدارانی حەماس و ئەشکەنجەدان و پەلاماردانی خەڵکی مەدەنی و دیلەکان لەلایەن چەکدارەکانی حەماسەوە.

ئەم هێرشانە لە ساتەوەختێکی غافڵگیری ئیسرائیلییەکاندا بووە لەکاتێکدا حکومەت و لەشکری ئیسرائیل دەیان ساڵە لە بەهێزکردنی دەزگا هەواڵگیرییەکان و لەشکردایە.

ئێستا پرسیارەکە لەوەدایە ئایا ساتەوەختی دیاریکراوی ئەم هێرشانەی حەماس کتوپڕ بووە یان بەرنامە بۆداڕێژراو بووە؟ ئایا حەماس ئەو هێزەیە کە بتوانێت بە تەنیشت ئیسرائیلەوە ئەمباری موشەکەکانی پڕبکات بۆ ڕۆژێکی ئاوا و هێرشێکی کتوپڕ بکات؟ ئایا هیچ هێزێکی دەرەکی هەیە لە پشت ئەم هێرشانەی حەماسەوە پشتیوان و پلانداڕێژەر بێت؟ سەرۆکی ئیسرائیل دەڵێت "ئەوەی هێرشی کردووەتە سەرمان، حەماس نییە ئێرانە." بەڵام ئێران تەنها خۆشحاڵی خۆی بۆ هێرشەکان دەربڕیوە و لەسەر شەقامەکان و ئاهەنگیان گێڕاوە بەڵام بە فەرمی و نافەرمی باسیان لە هیچ هەوڵێکی لەو جۆرە نەکردووە.

لەم بارەیەوە شرۆڤەکاری سیاسی ئارام حاجی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هێزێکی سەربازی وەک ئیسرائیل کە نوێترین چەک و تەکنەلۆژیای ئاژانسی هەواڵگریی و پێداویستییە سەردەمیەکانی سەربازیی و بەرگریی لەبەردەست بێت، چۆن دەکرێت بەو ڕاددەیە غافڵگیرانە و لە کاتێکی دیاریکراودا هێزەکانی حەماس لەزەوی و ئاسمانەوە بەقوڵایی 60 کیلۆمەتر لە پتر لە بیست قۆڵەوە هێرشبکەن و بەو هۆیەوە بارەگای سەربازی ئۆپەراسیۆنەکانی غەزە و چەندین بنکەی دیکەو کامپەکانی نیشتەجێبوون بکەونە ژێر کۆنتڕۆڵییەوە!"

ماکس ئەبراهمس مامۆستای زانکۆی Northeastern University لە چاوپێکەوتنێکی نۆرسێرن گلۆبەڵ نیوزدا دەڵێت "هێرشێکی لەناکاوی بێ وێنەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەدا لە جەژنێکی گەورەی جولەکەکاندا ڕەنگە لە ڕووی ئۆپەراسیۆنییەوە سەرکەوتوو بووبێت، بەڵام "هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە دەبێت بۆ ئەم گروپە فەلەستینییانە". ئەبراهمس دەشڵێت "هەرگیز هێرشێکی بەم ئاستە وردبینییەمان نەبینیوە کە هەزاران موشەکی تێدا بەکارهاتبێت، من باسی دزەکردنی چەکدارەکان لەلایەن بەلەم و پەڕەشوتەوە ناکەم."

هاوکات چاودێرانی تری وەکو جۆرج بەشارەت، مامۆستای زانکۆی UC Law San Francisco پێی وایە ئەمە یەکێکە لە گرنگترین ساتەکانی شەڕی فەلەستینییەکان بەرامبەر بە ئیسرائیل. لە لێدوانێکیدا بۆ ئەی بی سی نیوز ڕایگەیاند " بە دڵنیاییەوە بەرچاوترین کردەوەی سەربازیی فیداییە کە تا ئێستا لە دژی ئیسرائیل لەلایەن فەلەستینییەکانەوە کرابێت." بەشارەت پێیوایە پێدەچێت هێرشەکە پلانێکی درێژخایەن بووبێت، واتە دەمێکە ئەم پلانە دانراوە لەئێستادا جێبەجێکراوە.

سکات ڤینەر سیناتۆری ویلایەتی کالیفۆرنیا دەڵێت "ئیسرائیل وڵاتێکی نمونەیی بێ کەموکوڕی نییە". دەشڵێت "من ڕەخنەی زۆر گشتی خۆمم هەیە لەو بارەیەوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا بەزاندنی هێڵی سوورە. هیچ شتێک پاساو نییە بۆ ئەو هێرشە تیرۆریستییانە کە ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان بینیمان".

هەروەها ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە "هەرگیز هیچ پاساوێک بۆ تیرۆر نییە. ئێمە هاوسۆزین لەگەڵ حکومەت و گەلی ئیسرائیلدا و پشتیوانیانین و سەرەخۆشی خۆمان بۆ گیانلەدەستدانی ئەو ئیسرائیلیانە ڕادەگەیەنین کە لەم هێرشانەدا کوژراون".

بەڵام ڕیچارد لیبارۆن ئەندامی باڵای بەرنامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەنجومەنی ئەتڵەنتیک و باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا بووە لە کوەیت و جێگری سەرۆکی نوێنەرایەتییەکانی پێشووی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بووە لە ئیسرائیل دەڵێت " لەم جەنگەدا کەس براوە نابێت. سەدان کەس گیانلەدەست دەدەن و جارێکی دیکە وێرانکارییەکی بەرفراوان بەسەر غەززەدا دێت. بەڵام تا ئێستا حەماس توانیویەتی سەرکردایەتی ئیسرائیل و ئامێرە سەربازی و هەواڵگرییەکانی بە شێوەیەکی خراپ شەرمەزار بکات. بۆ حەماس ڕەنگە ئەوە بەس بێت."

ڤۆڵکەر توێرک کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "ئەم هێرشە کاریگەرییەکی ترسناکی لەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل هەیە، نابێت هەرگیز هاووڵاتیانی مەدەنی ببنە ئامانجی هێرشەکان." بەڵام دوو رۆژە هێرش و بۆردومانەکانی هەردوولا بە ڕادەیەک تاویسەندووە کە سات بە سات ژمارەی قوربانییەکان لە بەرزبوونەوەدایە.

ئێران دەکەوێتە کوێی ئەم هاوکێشانەوە؟ لەکاتێکدا ئێران پشتیوانی یەکەمی بزوتنەوەی حەماسە و ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بە "درێژەی سەرکەوتنەکان لە لوبنان و سوریا" ناوبرد.
یەحیا سەفەوی، ڕاوێژکار و یاریدەدەری باڵای ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش "پیرۆزبایی" لە ئۆپەراسیۆنەکانی میلیشیا فەلەستینییەکان لە دژی ئیسرائیل و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە کرد و گوتی "کۆماری ئیسلامی تا ئازادکردنی فەلەستین و قودس لە تەنیشت موجاهیدانی فەلەستینەوە دەوەستێت."

عادل باخەوان لەو بارەیەوە دەڵێت " ئەوەی گرنگە لێرەدا بەوردی چاودێری بکرێت، کاردانەوەی ئیسرائیلە لە ڕۆژانی داهاتوودا. ئایا لە ڕێگای هێرشی سەرزەمینیەوە پەلاماری غەززە دەدات و داگیری دەکات ؟ ئایا پەلاماری کۆماری ئیسلامی ئێران دەدات وەک بەرپرسی یەکەم لە چەکدارکردنی حەماس ؟"

سەرباری ئەوەی هیچ لێدوانێکی توندی هەڕەشەئامێز لەلایەن ئیسرائیلەوە دژی ئێران لە ئارادا نییە بەڵام لێپێچینەوە لە درۆن و جۆری موشەکەکان و ئەو تەکنۆلۆژیایانەی کە حەماس لەم هێرشانەدا بەکاریهێناوە هەروا بەردەوامە. ئایا ئیسڕائیل بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕووبەڕووی ئێران دەبێتەوە یان ئەو هێرشانەی حەماس لەناو خودی غەزە و ناوچەکانی دیکەی ئیسرائیلدا چارەسەر دەکات؟ ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمەریکا و وڵاتانی خۆرئاوای پشتیوانی ئیسڕائیل بەرامبەر ئەم جەنگە چ هەڵوێستێکی سیاسی و لەشکری دەگرنەبەر بۆ پشتیوانیکردن لە ئیسڕائیلییەکان یان هێورکردنەوەی بارودۆخەکە!