تورکیا تا ئێستا هەزاران هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردییەکانی سوریا (ڕۆژئاوا)

هێزەکانی تورکیا لە نێوان ساڵانی 2018 تا مانگی 6ی 2023 لانیکەم شەش هەزار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو ناوچانەی سوریا و عێراق ئەنجامداوە کە زۆرینەیان کوردن، بە کۆی گشتی لە ساڵی 2016ەوە مەزەندە دەکرێت 6 هەزار و 500 هێرشی ئاسمانییان ئەنجامدابێت، هێرشەکان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆرتربوون، هاوکات گەیشتوونەتە قووڵایی خاکی عێراق و سوریا.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز شیکاری بۆ ڕووداوە توندوتیژەکان کردووە کە لەلایەن پڕۆژەی (ACLED) زانیاریی دیاریکردنی شوێن و ڕووداوەکانی شەڕی چەکداری تۆمارکردووە کە ڕێکخراوێکی توێژینەوەی جیهانییە و ڕاپۆرتی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕاپۆرتی حکومی و گروپە ناحکومییەکان و سەرچاوەکانی دیکە کۆدەکاتەوە. ئەم شیکارییە دەریدەخات کە لە ساڵی 2022دا تورکیا لانیکەم 2044 هێرشی ئاسمانی لە ناوچەکانی عێراق و سوریا ئەنجامداوە کە زۆرینەیان ناوچە کوردییەکانن.

بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی 53% هێرشەکان زیادیکردووە و بەرزترین ژمارەیە لەو کاتەوەی کە کۆمپانیای ACLED لە ساڵی 2017 ەوە دەستیکردووە بە بەڵگەنامەکردنی هێرشەکان لە سەرانسەری ئەو دوو وڵاتەدا.

بەپێی زانیارییەکان و ئەو ڕاپۆرتانەی تا ئەوڕۆکە بڵاوکراونەتەوە بۆردومانەکانی ئەم دواییانەی فرۆکە بێ فرۆکەوانەکانی تورکیا، نەخۆشخانە، مزگەوت و قوتابخانە و شوێنە گشتییەکانیان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ( ڕۆژئاوا) کردووەتە ئامانج.

هاوکات بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵانەی رێکخراوی تیمەکانی کۆمەڵگەی ئاشتیخوازی (CPT) ئاماژە بەوە دەدات کە هێرشە سەربازییە تۆمارکراوەکانی ساڵی 2022 ژمارەی سەرجەم هێرشە سەربازییەکانی گەیاندووەتە 97 هێرش کە تێیدا لە ساڵی 2015ـەوە تاوەکوو ئێستا سوپای تورکیا لە باکووری عێراق لە نێوان 113 بۆ 140 هاووڵاتی مەدەنی و خەڵکانی چەکداریان کوشتووە و 187 بۆ 215 کەسیش برینداربوون.

لە ساڵی 2015 ەوە، سوپای تورکیا چەندین جار بۆردوومانی کامپی پەنابەرانی مەخمووری کردووە. لە پێنج بۆردوومان لە کۆی گشتی هەموو بۆردوومانەکاندا، 5 بۆ 12 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و 20 بۆ 25 هاووڵاتیش برینداربوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (CPT) هێرش و بۆردومانەکانی ساڵی 2022 بۆ سەر باکووری عێراق کوشندەترین ساڵی بۆردومانەکانی تورکیا بووە بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی لە ساڵی 2015ەوە تاکو ئێستا.

ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە سوریا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەکەنە ئامانج، کە ئانکەرە ئەو هێزە بە گروپێکی تیرۆریستی سەر بە پەکەکە ناودێر دەکات. یەپەگە بەشێکە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە هاوپەیمانی ئەمەریکایە لە بەرەنگاربوونەوەی دژی داعشدا.

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕایگەیاندووە، هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی دەکەونە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بە ڕێزگرتن لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری هەموو دراوسێکانمان.

Your browser doesn’t support HTML5

مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی چەند ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش لە کۆبانی

ڕۆیتەرز نەیتوانی هیچ لێدوانێک لە پەکەکە وەربگرێت، بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند هێرشەکانی تورکیا لە سوریا ناڕەوا و بێپاساوان. وتەبێژی یەپەگە ڕایگەیاندووە؛ هێزەکانیان "یەک تەقەیان بە ئاڕاستەی دەوڵەتی تورکیا نەکردووە". مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسەوە دەڵێت " تورکیا ڕۆژانە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات".

دوای دوو ڕۆژ لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر نەخۆشخانەی سەکێنییە، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بە "نیگەرانییەکی زۆرەوە" بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکەن. لە بەیاننامەکەدا، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە تورکیا بکرێت، ئەوەش خراوەتەڕوو "پێویستە ڕێوشوێنی خۆپارێزی پێویست بگیرێتەبەر لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا، لەوانەش هێرشە ئاسمانییەکان، بۆ پاراستن و کەمکردنەوەی زیانەکانی هاووڵاتیانی مەدەنی کە زۆرجار تووشی لێکەوتەکانی ئەو جۆرە هێرشانە دەبنەوە."

چوار پسپۆڕی یاسایی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، پێیانوایە هێرشکردنە سەر ئەو ناوەندە پزیشکییە پێشێلکردنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە و پێدەچێت تاوانی جەنگ بێت، چونکە بەئامانجگرتنی دامەزراوە پزیشکییەکان و چەکدارانی بریندار و هاووڵاتیانی مەدەنی نایاساییە. لە مانگی 7 دا دوو ڕێکخراوی ناحکومی - یەکەی لێپرسینەوە (AU) کە بنکەکەی لە بەریتانیا و ڕێکخراوی ژنان لەپێناو دادپەروەری (WFJ) کە بنکەکەی لە ئەڵمانیایە؛ بەناوی قوربانییەکان سکاڵایان لە لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکرد و ئاماژەیان بەوەدا کە هێرشەکە پێشێلکردنی مافی ژیانی قوربانییەکانە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی.

دەشڵێن "دۆسیەی قوربانییەکان ئەوەیە بەئامانجگرتنی نەخۆشخانە، کلینیکێکی پزیشکی مەدەنی کە کاریان چارەسەرکردنی خەڵکی ئەو ناوچانەیە و بەدەرە لە هەڵکەوتەی دوژمنایەتییەکی بەردەوام کە تورکیا لە ئێستادا ئەنجامی دەدات، بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان قەدەغەکراوە و هاوکات پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان." تاتیانا ئیتوێڵ، ئەندامی تیمی یاسایی دەڵێت تورکیا تا ئێستا وەڵامی سکاڵاکەی نەداوەتەوە کە ڕەنگە چەند ساڵێک بخایەنێت تا بگاتە ئەنجامێک.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی (CPT) لە ساڵی 2015 ەوە، بەهۆی 12 هێرشی سەربازی ئۆتۆمبێلی مەدەنییەوە، نزیکەی 16 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و 1 لەوانە منداڵ بووە و 10 هاووڵاتی مەدەنی دیکەش برینداربوون کە دووانیان منداڵبوون. زۆربەی هێرشەکان لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراون، بەڵام هەندێکیشیان لەڕێی چەکی قورسەوە لەسەر ڕێگە دوورەدەستەکان یان ناوچەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجامدراون.

هاوکات لە دەرئەنجامی یازدە هێرشی سەربازیی سوپای تورکیا لە باکووری عێراق ساڵی 2022 دا، 18 بۆ 20 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون کە 6 یان منداڵ بوون، هەروەها 57 بۆ 58 هاووڵاتی دیکەی مەدەنیش برینداربوون. شەش لەم هێرشە سەربازییانەی لە لایەن سوپای تورکیاوە ئەنجامدران لەڕێی تەقە و تۆپبارانی سەربازانی زیاد لە 60 بنکەی سەربازییەوە بوون کە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و باکوری عێراقدا دایمەزراندوون.

لە ساڵی 2022 دا تەنها لە یەک بۆردومان بۆ سەر سەیرانگەیەک لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچە شاخاوییەکان، زۆرترین قوربانی مەدەنی لێکەوتەوە کە لە ساڵی 2015ـەوە هاوشێوەی نەبووە، بەهۆی ئەو بۆردومانەوە 9 هاووڵاتی مەدەنی کوژران کە 6 یان منداڵ بوون و 23 هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون؛ قوربانییەکان گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون.

لە ئێستادا سوپای تورکیا لەڕێی 60 بنکە و بارەگای دیکەی سەربازی لە باکووری عێراقدا ئامادەیی هەیە و هەندێک لەم بنکە و بارەگا سەربازییانە بە قوڵایی 35 کیلۆمەتر بە ئاڕاستەی باشووری سنووری نێوان خاکی تورکیا – عێراق دامەزراون.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان و شایەتحاڵەکانی ئەو ناوچانە بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە هەزاران هاووڵاتی مەدەنی بە ناچاری ماڵ و زێدی خۆیان بەجێهێشتووە. زۆربەی ئەو بۆردومانانە لەنێوان ساڵەکانی 2015 بۆ 2021 ئەنجامدرابوون، لە ئێستاشدا ئەو شوێنانە لە لایەن سوپای تورکیاوە داگیرکراون و کۆنترۆڵ کراون. بە پێی خەمەڵاندنی تیمی کوردستانی عێراقی CPT لانیکەم 100 گوند بەهۆی هێرشەکانی تورکیا تەنها لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا چؤڵکراون.

وتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ماوەیەکە هەوڵی نێودەوڵەتیمان لەگەڵ دۆستەکانمان داوە بۆ ڕێگریکردن لەم پێشێلکاریانەی سەروەری عێراق. بەڕاستی پێشێلکارییە سەربازییەکان ئاسایشی ناوچەکە و نێودەوڵەتی تێکدەدەن و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و تورکیا ناکەن." دەشڵێت "حکومەتەکەمان دەستیکردووە بە دانانی پلانێک بۆ پاراستنی سنوورەکانی عێراق، وەک جێگیرکردنی هەزاران پاسەوانی سنوور و دامەزراندنی لیژنەی ئەمنی هاوبەش هەماهەنگ لەگەڵ لایەنی تورکیا کاردەکەن."

بەڵام تا ئەم سەروەختە نە نەتەوە یەکگرتووەکان نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەیانتوانیووە هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا ڕابگرن، تەنانەت خودی حکومەتی عێراقیش نەیانتوانیوە بە رژدی کۆتایی بە بۆردومانەکانی تورکیا بهێنێت و ڕێگری لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی لەلایەن بۆردومان و فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی تورکیاوە بکات.

سوود لە ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز و ڕاپۆرتێکی ساڵانەی ڕێکخراوی CPT و ئێکس وەرگیراوە