نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە بانگەوازێکی بەپەلەی بۆ دابینکردنی 294 ملیۆن دۆلار بۆ چارەسەرکردنی " پێداویستییە گرنگەکان" لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا دەرکرد، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 400 هەزار فەلەستینی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.
نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) ئێوارەی پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئەو پارەیە بۆ یارمەتیدانی زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس بەکاردەهێنرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، شەڕەکانی ئەم دواییە لە ناوچەکەدا وای کردووە گروپەکانی فریاگوزاری سەرچاوە پێویستەکانیان نەمێنێت.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس خزانە نێو شارۆچکە بچووکەکان و کۆمەڵگەکان و فێستیڤاڵێکی میوزیک لە ئیسرائیل و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی زیاتر لە هەزار و 200 کەسیان کوشت و نزیکەی 150 کەسیشیان بە بارمتە گرت.
ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا هێرشی ئاسمانی و هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە،کە ناوچەیەکی چڕ و پڕی دانیشتووان و 2.3 ملیۆن کەسی تێدایە، دەستپێکرد و لەوکاتەوە زیاتر لە 1400 کەس کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون.
(OCHA) لە بانگەوازەکەیدا ڕایگەیاند، پێداویستییە مرۆییەکان کە بەهۆی پەرەسەندنی مانگی پێجی 2023 لە غەززە و تێکچوونی دۆخی کەناری ڕۆژئاوا ئاڵۆزتر بووە، ڕێکخراوە مرۆییەکانیان بەبێ ئەو سەرچاوانە ماونەتوە "کە پێویستن بۆ وەڵامدانەوەی تەواوی پێداویستییەکانی فەلەستینییە لاوازەکان بە شێوەیەکی گونجاو".