وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی حزبوڵڵای لوبنان بۆ تاوتوێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس کۆدەبنەوە

عەبدوڵڵا بوحەبیب وەزیری دەرەوەی لوبنان و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هاوتا ئێرانییەکەی

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی، 13ی مانگی دە لەگەڵ سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان کە لە لایەن تارانەوە پاڵپشتی دەکرێت، کۆبوویەوە بۆ تاوتوێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس.

حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان کە درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە بەیروت، ڕایگەیاند کە چاوی بە سەید حەسەن نەسروڵڵا سەرۆکی حزبوڵڵا و هەروەها نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان و عەبدوڵڵا بوحەبیب وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کەوتووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە فڕۆکەخانەی بەیروت لەلایەن سەرکردەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی و هەروەها لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانی حزبوڵڵای لوبنان پێشوازی لێکرا.

میدیای خۆجێی ئەلمەیادین ڕایگەیاندووە وەزیری ئێران و سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان تاوتوێی هێرشی حەماسیان بۆ سەر ئیسرائیل کردووە. ئێران پشتیوانی لە حەماس دەکات و ستایشی هێرشی ئەو گروپە دەکات بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە هیچ تێوەگلانێکی لە هێرشەکەدا هەبووبێت.

ئەمیرعەبدوڵڵاهیان ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئیسرائیل "تاوانی جەنگی" لە غەززە ئەنجام دەدات و ئاماژەی بەوەشکرد ئێران داوای لە میسر و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ڕێگە بە ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ فەلەستینییەکان بدەن.

ئەمیرعەبدوڵڵاهیان ڕۆژی پێشتری ڕایگەیاند کە کردەوەکانی ئیسرائیل دژی فەلەستینییەکان بێ وەڵام نابێت و لە لایەن هاوپەیمانانی ئێرانەوە وەڵامیان دەدرێتەوە و ئیسرائیل دەرەنجامی کارەکانی دەبینێت.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی هەینی داوای لە سەرجەم هاوڵاتیانی مەدەنی شاری غەززە کرد لە ماوەی 24 کاتژمێردا بەرەو باشوور بگوازنەوە، چوونکە تانکەکانی کۆکردوەتەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ لەشکرکێشییەکی وشکانی چاوەڕوانکراو بۆ سەر ئەو ناوچەیە.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت حەماس خەڵکی کەرتی غەززە وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت. پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو کە نزیکەی 500 هەزار کەس لە غەززە بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل ماڵ و حاڵی خۆیان لە غەززە جێهێشتووە.

بڕیارە درەنگانی ڕۆژی هەینی ئەمیرەبدوڵڵاهیان سەردانی سوریا بکات، ئەمەش دوای ڕۆژێک لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەلەبی ئەو وڵاتە.