شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەرەو کوێ دەڕوات؟

بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکدا وتی کاردانەوەی وڵاتەکەی لە بەرامبەر هێرشەکەی حەماس گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەهێنێتە دی، بەڵام ڕوونی نەکردەوە ئایە مەبەستی لە ڕووی جوگرافییە یان سیاسی.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە:
ئەگەر نەتانیاهو مەبەستی جوگرافی بێت، ئیسرائیل هەتا چەند دەتوانێت ئەو گۆڕانکارییە بکات؟
ئەگەر مەبەستی سیاسیش بێت، چ گۆڕانکارییەکە کە ئیسرائیل بیخوازێت؟
ئایە ئیسرائیل دەتوانێت بە تەواوی کەرتی غەززە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی؟
ئایە کە ئیسرائیل دەڵێت هەر شوێنێک چەکدارانی حەماسی لێبێت وێرانی دەکات، دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەشی دەگرێتەوە؟
ئەگەر هاتوو ئیسرائیل کۆتایی بە حەماس هێنا، شەڕێکی دیکە لە دژی حزبوڵا دەستپێدەکات؟
سەرکردەکانی حەماس کاتێک کە بڕیاری ئەو هێرشە گەورەیەیان لە دژی ئیسرائیل دا ، حسابی ئەوەیان کردبوو کە ئەگەربێت و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان بکاتە سەر، چۆن بتوانن یارمەتی دەرەکییان پێبگات؟
هەتا چەند شیانی هەیە پڕیشکی ئەم شەڕە ئێرانیش بگرێتەوە؟

لە بابەتی ڕۆژی ئەمڕۆماندا تاوتوێی پرسی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کرا بە بەشداری ئەم بەڕێزانە:

1- دکتۆر فاروق محەمەد ، چاودێر و مامۆستای زانکۆی سلێمانی
2- ئارام حاجی، مافناس و توێژەر.
3- لیوا محەمەد سابیر، شارەزای سەربازی و ئەمنی.

Your browser doesn’t support HTML5

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەرەو کوێ دەڕوات؟

لیوا محەمەد سابیر:
"ئەم شەڕە پیلان بۆ داڕێژراوی پێش وەختە بوو لەلایەن حەماسەوە."

"هاندانە دەرەکییەکان هۆکاربوون بۆ هاندانی حەماس بۆ ئەو هێرشە."

"زۆر زۆر شتێکی ئاساییە ئەوەی ڕوویدا کە خەرقێکی سەربازی بکرێت، لە هەر وڵاتێکدا نەک هەر لە ئیسڕائیل، ئێستا کە حەماس خۆی هەڵداوەتە ناو ئەو شەڕەوە دەبوو جگە لەوەی ڕەچاوی ئەوەی بکردایە دوو-سێ ملیۆن فەلەستینی لە ژێر دەستیدا دەژین، وە ئیسڕائیل خاوەن هێزێکی سەربازی بەهێزە، دەبوو حسابی ئەوەیان بکردایە کە کاردانەوەی ئیسڕائیل جیاواز دەبێت لەکاردانەوەی هەر وڵاتێک.

"بە بۆچونی من حەماس وای بیرکردەوە کە بەم هێرشە جۆرێک لە ناکۆکی دروست دەبێت لە ناوخۆی ئیسڕائیل، وە هەروەها هاوپەیمانەکانیش هاوکاری دەبن لەگەڵی، بەڵام حەماس نەیتوانی بەرهەمی سەرکەوتنەکەی درێژە پێبدات کە لە کاتژمێری یەکەمدا بەدەستیهێنا."

" ئیسڕائیل لە 72 کاتژمێردا توانی دەست بەسەر ئەو شوێنانەدا بگرێتەوە کە حەماس دەستی بەسەردا گرتبوون، دەبینین ئیسڕائیل غەززەی بە هەموو شێوەیەک گەمارۆ داوە و هێرشی بەرفراوانی دەستپێکردووە، ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات خەڵکەکە بەرگە ناگرن."

"بەبۆچونی من شەڕەکە بەردەوام دەبێت، هەوڵدەدات ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ڕازی بکات کە ئیسڕائیل لە مەترسیدایە لەلایەن چەپەکانی دنیاوە."

من وەک کەسێکی سەربازی قسە دەکەم، حەقم بە سیاسەتەوە نییە، بەڵام هەڕەشەکانی حزبوڵا و حەماس و گروپە شیعەکان و تەنانەت ئێرانیش، بە تەنها هەڕەشەن. لوبنان خۆی هیلاکە، حزبوڵاش بۆیە ئەو هەڕەشانە دەکات کە داخڵی ئەو شەڕە نەبێت و ئەو موشەکانەشی کە هاویشتی تەنها کۆمەڵێک نواندنە یان فشارە لەلایەن ئەو لایەن و وڵاتانەی کە هاوکاری دەکەن بۆ ئەوەی پیشانی بدات کە ئەمان هاوکارن ئەگەر ئیسڕائیل بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە، ئەگەرنا بە ڕاستی نایەوێت داخڵی شەڕەکە ببێت."

"دۆخی نێودەوڵەتی هاوکار نییە کە ئیسڕائیل شەڕەکە گەورە نەکات و لە کەرتی غەززەدا حەماس بێدەنگ بکات و کۆتایی پێبێنێت، ئیسڕائیل پەیوەندی باشی لەگەڵ حکومەتی فەلەستین هەیە و دەیەوێت پیشانی جیهانی بدات ئەو کێشەی لەگەڵ فەلەستینییەکان نییە و تەنها لەگەڵ گروپی حەماس کێشەی هەیە کە بوونەتە کێشە بۆ فەلەستینییەکانیش."

"خۆی هەموو کێشەکە ئێرانە، بەڵام نە ئێران نە ئیسڕائیل نایانەوێت شەڕەکە فراوان بکەن، بەبۆچونی من شەڕەکە ماوەیەکی کورتە و لە ماوەی مانگێکدا کۆتایی پێدێت، وە ئیسڕائیل ئەو هێزەی نییە جەبهە بۆ خۆی بکاتەوە، بەڵام بە بۆچونی من ئیسڕائیل غەززە کۆنترۆڵ دەکاتەوە و حەماس یان زۆر لاواز دەکات یان بە تەواوی دەریدەهێنێت لە کەرتی غەززەدا، چونکە ناچارە، ئەگەر ئەوە نەکات واتای ئەمنی ئیسڕائیل هەمیشە لە ژێر هەڕەشەدایە، وە ئەمجارە بیانوشی هەیە و دەوڵەتانیش لەگەڵیدان، دەڵێت حەماس دەستپێشخەربوون و ئەم شەڕەی دەیکەم بۆ پاراستنی ئەمنیەتی خۆمە."


دکتۆر فاروق محەمەد:
"لە ساڵی 1948وە کە ئیسڕائیل دروستبووە هەتا ئەمڕۆش بەردەوام هەوڵی ڕووبەڕوبونەوەی ئەو دەسەڵات و گروپانە دەدات کە دژی خۆیین، جا لە ناو فەلەستین بێت یا خود لەدەرەوەی فەلەستین بە جۆرێک لە جۆرەکان هەوڵی ڕوخاندن یان پەراوێزخستنییان دەدات ئەمە مەبەستی ئیسڕائیلە."

"هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل شۆکێک بوو بۆ سوپای ئیسڕائیل و شکانی شکۆی سوپاکەی بوو، بۆیە لە ئێستادا ئیسڕائیل دەیەوێت بە هێرشەکانی سەر غەززە تۆڵە بکاتەوە، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم بیەوێت لەم کاتەدا بەرەی شەڕەکە فراوان بکات، بەڵام بۆ دوور مەودا بەدڵنیایی ئیسڕائیل دەیەوێت لە هەموو گروپ و دەسەڵاتە نەیارەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی بدات، بەڵام بێگومان ئەمە بە تەنها بەخۆی ناکرێت بەڵکو پێویستی بە ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و لۆبی جولەکە هەیە.

ئەگەرچی ئەمە یەکەم جار نییە ئەم شەڕە، بەڵام جیاوازی لەگەڵ جارەکانی تر ئەوەیە کە لە مێژووی ئیسڕائیلدا ئەوە یەکەم جارە لە ڕووی سەربازییەوە ئەو گورزەی بەرکەوتبێت، سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرە کوژراو و بەدیلگیراوەشی کە هەیەتی، هەرچەندە ئێستا ئیسڕائیل وای پیشان دەدات کە گوێ بەو دیلانە نادات، بەڵام بە بۆچونی من لە دواجاردا دەکەوێتە ژێر کاریگەری ڕای گشتی."

لە ساڵی 1987وە کە حەماس دامەزراوە هەتا ئەم ساتە ئیسڕائیل بۆی بکرایە لە هەر کاتێک حەماسی لەناو دەبرد، بەڵام نەیتوانیوە چەند جاری تر هێرشی کردووەتە سەر غەززە و حەماس، بەڵام پاشماوەیەک کشاوەتەوە، ڕاستە ئەم جارە جیاوازە، بەڵام وەک دەوترێت ئەگەر ئیسڕائیل بیەوێت حەماس لەناو ببات هەڵوێستی بەرەی بەرگری و لایەنە دۆستەکانی حەماس چی دەبێت؟ ئایا ئەوانیش وەک هەڕەشە دەکەن لە ئێستادا هێرش ناکەنەوە سەر ئیسڕائیل؟."

"ئێران سنوورەکەی لە ئیسڕائیل دوورە، بەڵام ئێران لە ڕێگای ئەو گروپانەی سەر بە ئەون و وەلائیان بۆ ئێران هەیە لە سەر سنوورەکانی ئیسڕائیل نزیکن، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بین، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە لە حاڵەتی دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە ئەو هێزانەی سەر بە ئێرانیش لە جۆلان و باشوری لوبنان و یەمەن و عێراقەوە هێرش بکەن، ڕاستە ئەمەریکا هاتۆتە ناوچەکە هەتا ئەو هێزانە تەداخول نەکەن، بەڵام ئەم شەڕە سەبارەت بەو هێزانە دەبێتە شەڕی مان و نەمانە، بۆیە من پێم وایە لە حاڵەتی دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە، بەرەی شەڕی تر لەناوچەکەدا بکرێتەوە."


ئارام حاجی:
"ئێستا دۆخەکە جیاوازە، بچوکترین بەریککەوتن ئەگەری بەریەککەوتنی هەرێمی و نێودەوڵەتی لێدەکرێت، هەندێک کەس وەهای بۆ دەچن کە ئەمە قولاپێک بوو ئیسڕائیل هەڵی دا هەتا غەززە کە دومەڵی سەر دڵی ستراتیژیەتی ئیسرائیلە نەهێڵێت، هەندێکی تریش پێییان وایە کە ئەمە شکستی دەزگا هەواڵگری و سەربازییەکانی ئیسڕائیل بوو، هێشتا نازانرێت کاردانەوەکانی ئیسڕائیل بە تەواوی چۆن دەبن، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئیسرائیل نەیەوێت لایەنی تر لە جەنگەکە نەبێت هەتا بە تەواوی خۆی تەرخان بکات بۆ کۆتایی هێنان بە حەماس، بەڵام ئەگەر پانتایی کار و کاردانەوەکان فراوان بن وەک ئەوەی حزبوڵا و حوثییەکان هەڕەشەیان کردووە، وە ئێرانیش هەروا، بەڵام هەتا ئێستا بازنەی کار و کاردانەوەکان لە بازنەی فەلەستین و ئیسرائیل نەترازاوە."

"من بڕواناکەم کە پریشکی ئەم شەڕە نە بەر ئێران نە بەر هیچ شوێنی تر بکەوێت، لە چوارچێوەی پرۆژەی سەودای سەدە (صفقة القرن) کە کەرتی غەززە بۆخۆی کێشەی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەیە، بۆیە کەرتی غەززە کۆتایی پێدەهێنرێت بە حەماسەوە، لە بیابانی سینا لە چوارچێوەی ئەو 752 کیلۆمەتر چوارگۆشەدا جێگەیان بۆ دەکرێتەوە و ستراتیژییەتی ئابوری کەنداو-عەقەبە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، با میسریش ڕازی نەبێت بە جێگیرکردنی دانیشتوانی غەزە لە بیابانی سینا، بەڵام خۆ هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکە ڕەنگە بە جیاوازتر سەیری بکات، وە دواجار ڕەنگە (موقایەزەیەکی) پێوەبکرێت لە بەرامبەر مانەوەی حکومەتی عەسکەری و سیسی لەسەر حوکم لە بەرامبەر ڕازیکردنی بەو ستراتیژیەتەی (صفقة القرن)، بۆیە غەززە و حەماس کۆتاییان پێدێت و پڕۆژەی ئاشتی بەرامبەر ئابوری دەستپێدەکات."