هاوکات لەگەڵ چڕکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بزووتنەوەی حەماس و کەرتی غەزە، گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران هەڕەشەی بەشداربوون لە شەڕەکەو هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکەن، بەڵام چاودێران پێیانوایە هێشتا ئەو گروپانە نایانەوێت ببنە بەشێک لەو جەنگە.
ڕۆژی شەمەی ڕابردوو، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر ئیسرائیلی کوژران و برینداربوون و بەدیلگیران. ئیسرائیل لە کاردانەوەی ئەو هێرشەدا، هەڕەشەی لەناوبردنی تەواوەتی بزووتنەوەی حەماس دەکات و تا دێت هێرشەکانیشی بۆ سەر غەززە چڕتر دەکاتەوە.
حەشدی شەعبی لە عێراق و حزبوڵڵا لە لوبنان، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و بە ئامانج کردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەناوچەکە دەکەن، گەر هێرشەکان بۆ سەر غەززە ڕانەگیرێن و ئەمەریکا دەستوەردان لەو شەڕەدا بکات.
سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی، پێیوایە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، کاریگەری لەسەر ناوچەکە دروست دەکات، بەو پێیەی دۆزی فەڵەستین بەلای وڵاتانی عەرەبییەوە دۆزێکی گرنگە.
مەتڵەبی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"حەشدی شەعبی بەشێکە لە سیستمی سەربازی عێراقی و دەسەڵاتی جوڵانی بەرەو سنورەکانی دەرەوەی عێراق نییە، بە بێ وەرگرتنی فەرمان لە حکومەتی عێراقی."
ئەو وتیشی،"گەر حکومەتی عێراق مۆڵەت نەدات، حەشد و هیچ هێزێکی عێراقی ناتوانێت لەدەرەوەی سنورەکانی عێراق ڕۆڵ بگێڕێت."
بەرپرسانی حزبوڵڵای لوبنان کە هێزێکی نزیک لە ئێرانن، ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، بەڵام وەکخۆیان دەڵێن لەکاتی "گونجاو"دا. سەرباری هەڕەشەکانی حزبوڵڵا، جگە لەو ئاڵۆزییە سنوردارانەی سنوری نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیان گرتووەتەوە، هێشتا شەڕ لەو قۆڵەوە هەڵنەگیرساوە.
ئیسماعیل حەدیدی، کەسایەتی سیاسی عەرەبی سونەی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر هێزەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بیانەوێت ببنە بەشێک لە شەڕی دژە ئیسرائیل، بە ناوی حەشدی شەعبییەوە ئەو کارە ناکەن، بەڵکو بەناوی جۆراو جۆری ترەوە دەیکەن."
هەروەها وتیشی،"دۆزی فەڵەستین بۆ هەموو عەرەب گرنگە، بۆیە هەموومان دژی سیاسەتی ئەمەریکا و ئیسرائیلین لە بەرامبەر فەڵەستین."
کاردانەوەکانی ئێران لەبەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە هێشتا چوارچێوەی "هەڕەشە"یان تێنەپەڕاندووە، بەڵام حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەشتەکانی بۆ بینینی بەرپرسانی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە وڵاتەکەی بەردەوامە.
عەبدوڵڵاهییان لەگەڵ حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان، هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی ناوچەکەو پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلییان کردووە، ئەمەش بە پێی میدیای نزیک لە حزبوڵڵا.
دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری سیاسی نێودەوڵەتی پێیوایە، دۆخەکە وا دەردەکەوێت حزبوڵڵاو حەشدی شەعبی پەلەیان نییە، تا بەشداری ڕاستەوخۆ لەشەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا بکەن، هەرچەندە فشاریان لەسەرەو ناتوانن تا سەر بێدەنگ بن.
دکتۆر سەردار عەزیز، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەشداری حزبوڵڵاو حەشدی شەعبی لەو شەڕەدا لەسەر بڕیاری ئێران وەستاوە، ئێران تا ئێستا خۆی دەپارێزێت و نایەوێت وا دەربکەوێت لە پشت پلانی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلەوەیە، دەیەوێت کارێک بکات خۆی نەبێتە ئامانج."
سەردار عەزیز، دەڵێت،"ڕەنگە شەڕی غەززە زۆر بخایەنێت، هێزەکانی تر جارێک پەلەیان نییەو زیاتر چاودێری دۆخەکە دەکەن، بەڵام هێشتا ڕوون نییە، دۆخەکە ناچاریان دەکات بە تێوەگلان لەو شەڕە یاخود نە."
وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر هۆشداریدابوو لە کردنەوەی بەرەی تری شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، گەر هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر غەززە بەردەوام بێت، بەڕای چاودێران کردنەوەی بەرەی تری شەڕ ئاماژەیە بۆ قۆڵی لوبنان و سوریا.
Your browser doesn’t support HTML5