نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان: داواکاری ئێمە لە ئەمەریکا دروستکردنی ناوچەی دژە فڕینە تا تورکیا نەتوانێت بۆمبارانمان بکات

مەڕاسیمی بە خاکسپاردنی ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، کە لە هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کوژرابوون، 7 ی دەی 2023

نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تورکیا سەرقاڵبوونی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشەڕی ئۆکرانیا و کەرتی غەززەی قۆستووەتەوە و هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر چڕتر کردووەتەوە.

جاویدان کەمال، نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووەو هێرشەکان چڕتر کراونەتەوە. تورکیا وێستگەی ئاو و کارەبا و غازدەکاتە ئامانج، کە پێداویستی خەڵک دابین دەکەن."

ئەو وتیشی،"تورکیا دەیەوێت بەشێک لە ناوچەکانی ڕۆژاوای کوردستان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، لە ڕێگەی هێرشەوە کار بۆ ناچارکردنی خەڵک دەکات تا ناوچەکانیان جێبهێڵن."

چڕکردنەوەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرو هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لەکاتێکدایە، شەڕی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا، ئاڵۆزییەکانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان بە خۆیانەوە سەرقاڵکردووە.

جاودیدان کەمال، دەڵێت،" سەرقاڵبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشەڕی غەزەو فۆکسی ڕاگەیاندنی جیهانی لەسەر ئەو شەڕە لەلایەن تورکیاوە قۆستراوەتەوە، هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان تەواو چڕکردووەتەوە."

هەروەها وتیشی،"تورکیا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سەرخان و ژێر خانی غەزە شەرمەزار دەکات، کەچی خۆی ئاو و کارەباو غازی ڕۆژاوا بۆردومان دەکات، ئەم کارەش بۆخۆی بە نۆرماڵ دەزانێت."

هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن تورکیاوە بە بەشێک لە پەکەکە دادەنرێن ، بەشێکن لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش، بۆیە ئەمەریکا نیگەرانی خۆی لە هێرشەکانی تورکیا نەشاردووەتەوە.

نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت، "ئەمەریکا هەڵوێستی هەبووە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا، بەڵام دۆخەکە هەڵوێستی جدی تری دەوێت، داواکاری ئێمە دروستکردنی ناوچەی دژە فڕینە، تا چیتر تورکیا نەتوانێت ڕۆژاوا بە درۆن بۆمباران بکات."

دەربارەی دواین ئاماری قوربانی هێرشەکانی تورکیا، جاویدان کەمال نوێنەری پەیدە لە هەرێمی کوردستان، وتی،"جگە لەو 29 شەهیدەی کە بەهۆی بۆمبارانکردنی ئەکادیمیایەکی هێزی ئاسایشی ناوخۆ شەهید بوون، خەڵکی سڤیلیش زۆر بوونەتە قوربانی، ژمارەی قوربانییەکان بەدەیان کەسن و لەبەرزبوونەوەشدان، چونکە هێرشەکان بەردەوامن."

نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە، تورکیا کار بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکان دەکات، لە عەفرین کۆمەڵێک شوێنی دروستکردووەو خەڵکی لە ناوچەکانی ترەوە هێناوەو نیشتەجێی کردوون.

جاویدان کەمال، وتی،"دوور نییە، تورکیا بیەوێت خەڵک لەناوچەی ترەوە بهێنێت بۆ نیشتەجێکردن، هیوادارین ئەو خەڵکانەی تورکیا دەیەوێت بیانهێنێت، ڕازی نەبن، چونکە ئامانج لەمکارە بۆ گۆڕینی دیموگرافیایە."

لەسەرەتای ئەم مانگە هێرشێکی خۆکوژی لەبەردەم وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ئانکەرە ئەنجام درا و هێزەکانی پاراستنی گەل ( باڵی سەربازی پەکەکە) بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا هەفتەی ڕابردوو بانگەشەی ئەوەی کرد، ئەو دوو هێرشبەرەی کە بۆمبیان لە بەردەم وەزارەتی ناوخۆی تورکیا تەقاندەوە، لە سوریاوە سنووری وڵاتەکەیان بەزاندووە و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانەوە هاتوون، بەڵام ئەم تۆمەتە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی خۆسەرەوە ڕەتکرایەوە.

فیدان ئاماژەی بەوەشکرد، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە، مافی تورکیایە هێرش بکاتە سەر ناوەندەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە عێراق و سوریا.