دانیشتوانی تۆپزاوا: سوپای عێراق هێزی هێناوەو بە زۆر شوێنی یادەوەری ئەنفالکراوەکان دەکاتەوە بە سەربازگە

تۆپزاوا

دانیشتوانی گوندی تۆپزاوای کوردنیشین لە ڕۆژاوای کەرکوک دەڵێن، کاتێک ڕێگرییان لە هەوڵێکی سوپای عێراق کردووە بۆ بەسەربازگە کردنی قەڵای تۆپزاوای شوێنی یادەوەری ئەنفالکراوەکان، سوپا هێرشیکردووەتە سەر کۆمەڵێک گەنجی کورد و دەستبەسەری کردوون.

ساتع کەرکوکی، نوێنەری گوندی تۆپزاوا لە ڕۆژاوای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سوپای عێراق کۆنکریت و هێزێکی زۆری هێناوەتە گوندی تۆپزاوا، دەیەوێت سەربازگەی کۆنی گوندەکە کە شوێنی زیندانیکردنی ئەنفالکراوەکانە بکاتەوە بەسەربازگە."

گرتووخانەی تۆپزاوا لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، سەربازگەیەکی گەورەی سوپای عێراق بووە، لە ساڵی 1988 کاتێک پرۆسەی ئەنفال ئەنجامدرا، ئەنفالکراوەکان پێش ئەوەی ڕەوانەی خوارووی عێراق بکرێن و ئەنفال بکرێن، لەو سەربازگەیە زیندانیکراون.

ساتع کەرکوکی، وتی"خەڵکی تۆپزاوا ڕێگریان لە سوپای عێراق کردووە بارەگا لە نێو ئەو سەربازگە کۆنە دابنێتەوە، چونکە شوێنەواری ئەنفالەو لەناو سەنتەری گوندەکەشدایە، هەروەها زەوی کێشە لەسەرەو کردنی بەسەربازگە نایاساییە."

ئەو دەڵێت،"سوپای عێراق هەندێک لە خەڵکە ناڕازییەکەی داوەتە بەر قۆناغە تفەنگ، موبایلی لێسەندوون و ماوەیەکیش دەستبەسەری کردوون، بەزۆریش چوونەتە نێو سەربازگەکەو جێگیربوون."

دانیشتووانی گوندی تۆپزاوا، نوێنەرانی کوردییان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاگادارکردووەتەوە لە ڕۆیشتنی سوپای عێراق بۆ نێو سەربازگەی کۆنی گوندەکەو داوایانلێکردوون هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بخەنەگەڕ.

سەباح حەبیب، یەکێک لە نوێنەرانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کێشەی نێوان سوپای عێراق و دانیشتووانی گوندی تۆپزاوامان بەدەستگەیشتووە، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە قسە دەکەین."

گوندی تۆپزاوای ڕۆژاوای کەرکوک، گوندێکی کوردنشینەو نزیکەی 800 ماڵی تێدایە، ئەوان دژی جێگیربوونی سوپای عێراقن لە نێو گوندەکەیان و ناڕازیشن لە بەسەربازگە کردنەوەی ئەو سەربازگە کۆنەی سەردەمی بەعس کە ئەنفالکراوەکانی تێدا زیندانیکراون.

ڕەجەب کاکەیی، چالاکوانی کورد لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەموو وڵاتێک ڕێز لە هاوڵاتی خۆی دەگرێت، ئەو شوێنانەی شوێنی چەوساندنەوەی هاوڵاتییان بوون لە دوای ڕووخانی هەر ڕژێمێک، دەکرێتە مۆزەخانە."

هەروەها وتیشی،"جگە لەو تاقم و گروپانەی لە دەسەڵاتدان، عێراق بایەخ بە شوێنی یادەوەری خەڵک و پێکهاتەکانی تر نادات، واتە یادگەی کورد بەلای عێراقەوە گرنگ نییە."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە فەریق جەبار تائیی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوکەوە کرد ئامادە نەبوو لەمبارەیەوە لێدوان بدات.

بەڵام شێخ ڕەعد عاسی، سەرۆکی پرۆژەی عەرەبی لە کەرکوک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " گەر دانیشتوانی گوندی تۆپزاوا لە سەردەمی بەعسدا قەرەبوو کرابێتنەوە، دەکرێت بڵێین ناوچەکە سەربازییە و سوپای عێراق دەتوانێت وەکو ناوچەیەکی سەربازی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بەڵام ئەگەر وا نەبێت هیچ هێزێک مافی ئەوەی نییە بچێتە سەر زەوی ئەو گوندە."

دانیشتوانی ئەو گوندە کوردنشینانە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعسدا بەڕێک پارەی ڕەمززیان بە ناچاری و لە ژێر فشاردا بە ناوی قەرەبووەوە پێدراوە.

کاتێک لە چەند مانگی ڕابردوودا، سوپای عێراق هەوڵی دەستبەسەردا گرتنی هەزاران دۆنم زەوی جوتیارانی گوندی تۆپزاوایدا بە بیانووی ئەوەی لەسەردەمی بەعسدا لەسەر وەزارەتی بەرگری تاپۆکراون، دانیشتوانی ئەو گوندە خێوەتیان هەڵداو بۆ ماوەی چەند مانگێک بەردەوامبوون لە ناڕەزایەتی دەربڕین.