کۆشکی سپی: بایدن گەشتەکەی بۆ کۆلۆرادۆ دوادەخات بە مەبەستی گرنگیدان بە ئاسایشی نیشتمانی و ئەگەری سەردانێکی بۆ ئیسرائیل

پیاوێک لەبەردەم کۆشکی سپی لە خۆپیشاندانێکی پشتیوانیکردن لە فەلەستینییەکاندا، ئاڵای فەلەستینی هەڵکردووە، 14ی مانگی دەی 2023

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە گەشتێکی بۆ کارگەیەکی تاوەری با، لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ دواخست بۆ ئەوەی لە کۆشکی سپی بمێنێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی، لەکاتێکدا بایدن تاوتوێی گەشتێک بۆ ئیسرائیل دەکات هاوکاتی ململانێکانی لەگەڵ حەماسدا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیل تاوتوێی ئەگەری سەردانێکی بەم زووانە دەکەن لەلایەن بایدنەوە بۆ ئیسرائیل لەسەر بانگهێشتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.

سەردانێکی بایدن بۆ نیشاندانی پشتگیری لە گەورەترین هاوپەیمانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوای سەردانێکی هاوشێوەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

لە ئێستادا هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ئارادان بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ ناو ئەو ناوچەیەی، کە کەتووەتە بەر هێرشە توندەکانی ئیسرائیل لە دوای هێرشەکەی 7ی دە بۆ سەر ئیسرائیل لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە کە نزیکەی 1300 کەسی تیدا کوژرا. ئەمەش گەورەترین هێرش بوو بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل لە ماوەی 75 ساڵی مێژوویدا.

هێزەکانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممەش بەردەوام بوون لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر غەززە، لە کاتێکدا ململانێکە پێدەنێتە دەهەم ڕۆژییەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز