ساڵح نیکبەخت، پارێزەری دیاری کوردی بنەماڵەی ژینا ئەمینی بە تۆمەتی "بانگەشەی دژ بە حکومەت" لە لایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە یەک ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت.
بەپێی هەواڵ و ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، بەڕێز نیکبەخت، ڕۆژی سێ شەممە،17ی مانگی دە لە لایەن لقی 28ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر عەمووزادە بە تۆمەتی "بانگەشەی دژ بە حکومەت" بە یەک ساڵ زیندانیکردن و قەدەغەکردنی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ ماوەی 2 ساڵ، سزا دراوە.
عەلی ڕەزایی پارێزەری نیکبەخت لە ڕاگەیەندراوێکدا سزاکەی سەر پارێزەری دۆسیەی ژینای ئەمینی ڕاگەیاندووە و دەڵێت "دادگا بەبێ گوێدانە بەرگرییەکانی من و بەڕێز نیکبەخت، زۆرترین سزایەک کە بۆ ئەو جۆرە دۆسیانە دیاری کراوە، بەسەردا سەپاندووە."
بانگهێشتکردن و تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی ساڵح نیکبەخت، ڕێک دوای شەش مانگ لە کوژرانی ژینا لە کاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە، ئەنجامدراوە.
دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر داوا و سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات، لە مانگی 3ی ئەمساڵدا ساڵح نیکبەختی بە "بانگەشەی دژ بە حکومەت" تۆمەتبار دەکات . پێشتر بەڕێز نیکبەخت سەبارەت بە دۆسیەکەی و لەدوای دانیشتنی یەکەم دادگاییکردنی لە گفتوگۆیەدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند کە ئەو سکاڵایە پەیوەندیدارە بە زنجیرەیەک چاوپێکەوتنی لەگەڵ میدیاکان، لەنێویاندا گفتوگۆی ئەو پارێزەرە لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە هەندێ پرسی یاسایی، لە نێویاندا پرسی دۆسیەی ژینا ئەمینی.
بە وتەی نیکبەخت، 9 لەو چاوپێکەوتنانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ئەنجامی داوە، لە دۆسیەکەیدا لە دژی خراونەتەڕوو.
ساڵح نیکبەخت وەک پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی سەرەڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە بڕیاری دەستەی پزیشکی دادوەری ئێران سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا، ڕایگەیاندبوو کە تەنها ڕێگای دڵنیابوون لە ڕاستییەکان سەبارەت بە چۆنییەتی گیانلەدەستدانی ژینا ئەوەیە کە دۆسیەکەی لە کۆمیسیۆنێکی پزشکیدا بە ئامادەبوونی چەند پزشکێکی جێگای متمانەی بنەماڵەی ژینا، لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.
ژینا ئەمینی، کچێکی گەنجی خەڵکی سەقز کە لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ سەردانی کەسوکارەکەی ڕۆیشتبووە تاران، 13ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو لە لایەن پۆلیسی ئاکاری ئێرانەوە بە تۆمەتی ڕچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەستبەسەر کرا و بە وتەی ساڵح نیکبەخت، دوای دوو کاتژمێر بە بێ گیانی گەیەندرایە نەخۆشخانەی کەسرا و لە 16ی مانگی نۆشدا، گیانلەدەستدانەکەی بە تەواوی و بە فەرمی پشتڕاستکرایەوە.
پارێزەری بەڕێز نیکبەخت ڕایگەیاندووە ئەو سزایە بەهۆی لێکدانەوە نایاساییەکانی دەزگای دادوەری ئێرانە بۆ دەقی چاوپێکەوتنەکانی نیکبەخت و گوتیشی "سەرەڕای ئەوەی ساڵح نیکبەخت پێی خۆش نییە داوای پێداچوونەوە بۆ سزاکەی بکرێت، بەڵام وەک پارێزەری بەڕێزیان بەهیوام بتوانم داوای پێداچوونەوە بۆ سزاکەی بکەم و ئەو سزایە هەڵبوەشێنمەوە."
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ساڵح نیکبەخت بە بەردەوامی لەلایەن دەزگا ئەمنی و ئاسائیشییەکانی ئێرانەوە خراوەتە ژێر چاودێری و بانگهێشتکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵکراوە. ناوبراو نزیکەی 8 ساڵی تەمەنی بە تۆمەتی سیاسی لە زیندانەکانی ئێراندا بەسەر بردووە. هەروەها لە ژیانی پیشەیی خۆیدا ژیانی نزیکەی 30 زیندانی سیاسی کە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، ڕزگار کردووە و سزاکانیانی هەڵوەشاندوەتەوە.