شەڕی ئیسرائیل و حەماس هەستی دژە جووەکان زیاد دەکات

لەگەڵ وەڵامدانەوەی توندی ئیسرائیل لە بەرامبەر هێرشە چاوەڕاننەکراوەکانی 7 ی مانگی دەی حەماس، جارێکی دیکە هەستی ڕق و کینەی عەرەب و موسڵمانان بەرامبەر بە جووەکان کە بە دژە جوو ناسراوە سەریهەڵدا.

بە هەمان شێوە هەستی دژە موسڵمان کە بە ئیسلامۆفۆبیا(ترس لە ئیسلام) ناسراوە. لە چەندین شاری گەورەی ئەمەریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا گەشەی سەندووە و چەندین خۆپیشاندانی دژ بە یەکیش ئەنجامدران.

ئەو پەیامانەی ڕق و کینە کە لە هەردوو لاوە سەریان هەڵداوە، بووە هۆی ئەوەی دەزگای ئاسایشییەکانی شارە گەورەکانی وەک نیویۆرک لە ئامادەباشیدابن.

خالد مەشعەل، سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی حەماس، کە ئێستا بەرپرسی ئۆفیسی دەرەوەیی بزووتنەوەکەیە و بنکەی لە قەتەرە داوای لە جیهانی ئیسلامی کرد خۆپیشاندان بکەن بۆ پشتیوانی کردن لە فەلەستینییەکان و داوای لە وڵاتانی ناوچەکەش کرد بەشداری لە شەڕی دژی حەماس دژ بە ئیسرائیل بکەن.

حەماس کە لە ساڵی 1987 دامەزراوە، لە ساڵی 2007ەوە دەستی بەسەر کەرتی غەززەدا گرتووە. ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی ڕۆژئاوایی لەمێژە ئەو ڕێکخراوەیان وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناساندووە. حەماس ڕزگارکردنی خاکی فەلەستین و لەناوبردنی ئیسرائیلی کرووەتە ئامانج و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین شەڕی سەختیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئەنجامداوە.

تا ئێستا و دوای 10 ڕۆژ لە هێرشەکانی حەماس، جگە لە چەند ڕووداوێکی بچووک لەسەر پەرستگاکان و ناوەندەکانی جووەکان و شەڕی خۆپیشاندەران، هیچ ڕووداوێکی توندوتیژی دژە جووەکان لە ئەمەریکا ڕووی نەداوە.

دوای پێنج ڕۆژ لە هێرشەکەی حەماس، جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پەیوەندی بە سەرکردەکانی کۆمەڵگەی جوولەکەوە کرد بۆ ئەوەی جەخت لەسەر پشتیوانی ئیسرائیل بکەنەوە و هۆشداریی دا لە سەرهەڵدانی دژە جووەکان.

بایدن گوتی "ڕق هەرگیز بە یەکجار بنبڕ نابێت؛ تەنها دەچێتە ژێر زەوی تاوەکو بڕێک ئۆکسجینی پێدەدرێت"

لە کۆبوونەوەیەکدا بەرپرسانی باڵای بەڕێوەبەرایەتی بایدن چەندین بابەتی پەیوەست بە شەڕی ئیسرائیل و حەماسیان تاوتوێ کرد، لەوانە "بەرپرسیارێتی ئیدارەی ئەمەریکا بۆ پاراستنی پێکهاتە جووەکان لە ڕووداوەکانی دژ بە جووەکان لە ئەمەریکا".

بەڵام هەستکردن بەرامبەر جووەکانی جیهان و دەوڵەتی ئیسرائیل تەنها لە عەرەب و موسڵمانەکانەوە سەرچاوە ناگرێت و تەنها لە ئەمەریکادا نییە. دوای چەند ڕۆژێک لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل، چەندین ڕووداوی توندوتیژی دژ بە جووەکان لە بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی تۆمارکران.

هەندێک لە جووەکان دەڵێن زیاتر لە دوو هەزار ساڵە بەهۆی ئیمان و ناسنامەکەیانەوە بوونەتە ئامانجی گۆشەگیری و توندوتیژی. بەڵام ئەو هەستانەی ڕق و کینە لە ساڵانی 1930 و بە تایبەتی لە کاتی هەڵمەتی نازییەکان بۆ قڕکردنی جووەکان کە بە هۆلۆکۆست ناسراوە گەیشتە بەرزترین ئاست.

ئێستا هەستی ئەم دیاردە جیهانییە زیاتر لەناو عەرەب و موسڵماناندا دیارە و هەرجارەی شەڕێک لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان یان گروپە ئیسلامییەکان سەرهەڵدەدات.

پێش شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بەرپرسانی ئەمەریکا ترسی خۆیان لە بەرزبوونەوەی ڕق و کینە بەرامبەر بە جووەکان نەشاردەوە. دوای هێرشەکە و لە دیدارەکەی لەگەڵ سەرکردەکانی کۆمەڵگەی جووەکان، دۆگ ئیمهۆف کە خۆی جووە و هاوسەری کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکایە، ڕایگەیاند ئەوان لە مەترسیدا دەژین.

ئیمهۆف گوتی"زۆرێک لە ئێمە هەست بە ترسێکی گەورە دەکەین، کاتێک ئەم هێرشانە ببنە هۆی زیادبوونی ڕق و کینە لە دژی جووەکان، لە کاتێکدا دڵگرانین بەوەی ئەم ڕق و کینەیە هەر لە بنەڕەتدا هەبووە".

لە میانی ڕاگەیاندنی ستراتیژی نیشتمانی ئەمەریکا بۆ ڕێگریکردن لە دژە جووەکان لە مانگی پێنجی 2023، سەرۆک بایدن ڕایگەیاند کە دەبێت دان بە ڕاستی سەرهەڵدانی دژە جووەکاندا بنێن، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە.

ئامانجی ستراتیژی بەڕێوەبەرایەتی بایدن، هاوکاریی دەزگا حکومییە جیاوازەکانە لەگەڵ چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی ئەمەریکا بە ئامانجی کەمکردنەوەی نایەکسانی. بێگومان نەک تەنها دژە جوو، بەڵکو ئیسلامۆفۆبیا و هەموو جۆرە جیاوازییەکی دیکە.

بۆیە بایدن بەهەمان شێوەی هەستی دژە جووی شەرمەزار کرد، بەو شێوەیەش ئیدانەی ئیسلامۆفۆبیای کرد وەک وەڵامێک بۆ کوشتنی منداڵێکی موسڵمانی تەمەن 6 ساڵانی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک فەلەستینی لە شیکاگۆ دوای هەفتەیەک لە هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس. بایدن گوتی" وەک گەلی ئەمەریکا دەبێ پێکەوە ئیسلامۆفۆبیا و هەموو جۆرە ڕق و کینەیەک ڕەت بکەینەوە."

هاوکاتی ترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕق و کینە، گروپەکانی مافە مەدەنییەکان دەڵێن ئێستا میدیای دیجیتاڵی ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕێت لە هەڵگیرساندنی ڕق و کینەدا، پەیامەکان ناوەڕۆکی ڕق و هێرشبەرانەیان تێدایە.

هەمووان هیوادارن سەردانەکەی سەرۆک بایدن بۆ ئیسرائیل و دیدارەکانی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی وڵاتانی عەرەبی یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ئازارە مرۆییەکانی خەڵکی غەززە و بەدیهێنانی لێدوانەکەی "هەموو فەلەستینییەکان حەماس نین"، بەو هیوایەی شەپۆلی دژە جووگەرایی و ئیسلامۆفۆبیا کەم بکاتەوە.