ئەمەریکا دەڵێت هەوڵی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆسەر هێزەکانی لە عێراق پووچەڵکردووەتەوە

دوو بەرپرسی ئەمەریکایی ڕادەگەیەنن سوپای ئەمەریکا لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە هێرشێکی پووچەڵکردەوە کە هێزەکانی ئەمەریکای لە عێراق کردبووە ئامانج و ڕێگری لە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کراوە پێش ئەوەی بتوانن هێرش بکەنە سەریان.

ئەو بەرپرسانە کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت و بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز لێدوانیان داوە، ڕەتیانکردووەتەوە بڵێن کێ گومانی هێرشەکەی لێدەکرێت بەڵام واشنتۆن لە ئامادەباشییەکی زیاتردایە بۆ چالاکییەکانی گروپەکانی سەر بە ئێران لە کاتێکدا گرژییەکان لە ناوچەکەدا بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە زیاتربووە.

هەفتەی ڕابردوو گروپە چەکدارە عێراقییەکان کە هاوپەیمانن لەگەڵ ئێراندا هەڕەشەیان کرد بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکەنە ئامانج ئەگەر واشنتۆن دەستوەردان بکات بۆ پشتگیریکردنی ململانێی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس لە غەززە.

پنتاگۆن بەپەلە بەرگری ئاسمانی و تەقەمەنیەکانی گەیاندووەتە ئیسرائیل کە نزیکترین هاوپەیمانی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام هێزەکانی ئەمەریکا بەشداری شەڕەکەیان نەکردووە.

ئەو بەرپرسانە ڕایانگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکان ڕێگرییان لێکرا، لە کاتێکدا هەوڵیاندابوو بنکەی ئاسمانی ئەلئەسەد بنکەنە ئامانج کە سەربازانی ئەمەریکایی لێیە.

ئەم هێرشە دوای چەند کاتژمێرێک لە تەقینەوەیەک لە نەخۆشخانەیەکی غەززە هات کە سەدان فەلەستینی تێدا کوژران، و هەروەها گەشتێکی سەرۆک بایدن بۆ ئیسرائیل بە مەبەستی نیشاندانی پشتوانی بۆ ئیسرائیل لە شەڕی دژ بە حەماسدا.

ئیسرائیل تەقینەوەکەی نەخۆشخانەی ئەهلی ئەلعەرەبی بە هۆکاری هەڵدانی موشەکێکی شکستخواردووی گروپی جیهادی ئیسلامی فەلەستینی گەڕاندەوە و بەرپرسیارێتی خۆی ڕەتکردەوە.

خۆپیشاندانی دژی ئیسرائیل لە بەغدا

کاربەدەستانی فەلەستین ڕایانگەیاندووە کە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل کراوەتە سەر نەخۆشخانەکە و وەزیری تەندروستیی دەسەڵاتی حەماس ئیسرائیلی بە هۆکاری "کۆمەڵکوژی" تۆمەتبار کردووە.

لە عێراقدا گرژییەکی زۆر لەسەر شەڕی غەززە بەدی دروستبووە . ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی کەسایەتی باڵای شیعەکانی عێراق، هەفتەی ڕابردوو ئیسرائیلی شەرمەزار کرد و داوای لە جیهان کرد بەرامبەر "دڕندەیی ترسناک" لە غەززە بوەستنەوە.

سەرکردەکانی گروپە چەکدارەکانی عێراق ئیسرائیلیان بە هۆکاری هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکە زانی. هەندێکیان ئەمەریکایان تۆمەتبارکرد بەوەی پشتگیری لە ئیسرائیل دەکات.

کەتائیب حزبوڵڵا، گروپێکی چەکداری بەهێزە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئێراندا هەیە، ئەمەریکای تۆمەتبارکرد بەوەی پشتیوانی ئیسرائیل دەکات لە "کوشتنی خەڵکی بێتاوان" و ڕایگەیاند، پێویستە عێراق بەجێبهێڵێت.

درەنگانی ڕۆژی سێشەممە گروپەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ئەو مرۆڤە خراپانە دەبێت وڵات بەجێبهێڵن، ئەگینا تامی ئاگری دۆزەخ لەم دونیایەدا دەکەن پێش ژیانی دوای مردن".

هەروەها هادی عامری، سیاسەتمەداری عێراقی، سەرۆکی گرووپی سیاسی و سەربازی ڕێکخراوی بەدر کە لە ئێرانەوە نزیکە، ئیسرائیلی بە هۆکاری هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکە زانی و بە "کۆمەڵکوژی ئەو سەردەمە وەسفی کرد، کە تەنیا دەتوانرێت بە تاوانی جەنگ ناوببرێت" و ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای ئیدانەی کرد کە پشتگیری لە ئیسرائیل دەکەن.

شەوی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا وتی ئێمە " سەیرکردنی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا وەک هاوبەش لەم کۆمەڵکوژییە قێزەونە دەبینین". هەفتەی ڕابردوو هەڕەشەی کرد کە ئەگەر واشنتن دەستوەردان بکات بۆ پشتگیریکردنی ئیسرائیل، بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکاتە ئامانج.

لە ئێستادا ئەمەریکا 2500 سەربازی لە عێراق هەیە - و 900 سەربازی دیکەش لە سوریای دراوسێ - لە ئەرکێکدا بۆ ڕاوێژکاری و هاوکاریکردنی هێزە ناوخۆییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، کە لە ساڵی 2014 دەستی بەسەر بەشێک لە خاکی هەردوو وڵاتدا گرت.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق بە بەردەوامی هێزەکانی ئەمەریکایان لە عێراق و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بە موشەک دەکردە ئامانج، هەرچەندە ئەم جۆرە هێرشانە لە ژێر ئاگربەستێکدا کەمبوونەتەوە کە لە ساڵی ڕابردووەوە بەڕێوەچووە.

بەرپرسانی ئەمەریکا کەتایب حزبوڵڵایان بە هێرشەکانی پێشوو بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا تۆمەتبار کردووە. ئەو گرووپە ئەو قسانەیان ڕەتکردووەتەوە.

دەیان ئەندامی هێزەکانی حەشدی شەعبی نیمچە سەربازی دەوڵەتی کە زۆرێک لە کوتلەی پشتیوانیکراوی ئێران لەخۆدەگرێت، ڕۆژی سێشەممە ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ئیدانەکردنی هێرشی نەخۆشخانەکە.

خۆپیشاندەران دروشمی دژە ئەمەریکایان بەرزکردەوە. و دروشمی دژە ئیسرائیل و ڕایانگەیاند کە دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەهۆی پشتگیریکردنی لە ئیسرائیل.

شایەتحاڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە، هەندێک لە خۆپیشاندەران هەوڵیانداوە ئەو پردە ببەزێنن کە دەچێتە ناوچەی سەوز، ئەو شوێنی بەغدا کە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و نوێنەرایەتییەکانی دیکەی لێیە ، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگرییان لێکرا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز