هەوڵی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی هەریر دەدرێت هاوکات لەگەڵ ئالۆزبوونی شەڕی ئیسڕائیل و حەماس

سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە هەوڵی هێرشکردنە سەر سەربازگەی عەینولئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و فڕۆکەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر شکست پێدەهێنن، کە هەوڵەکان لە ڕێگەی سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە دراون و هەر سێ فڕۆکەکە تێکشکێنراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەمە، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە لە فڕۆکەخانەی هەریر خرایە خوارەوە، کاتێک لە ڕێگەی ئەو فڕۆکەیەوە هەوڵی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەکە دراوە."

سەرچاوەکە، وتیشی، "پێشتر هێزەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی هەریر لە ئامادەباشیدابوون، بەو پێیەی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەریان چاوەڕوانکرابوو."

دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کەوتنە خوارەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک قەزای هەریر بڵاوکردووەتەوەتەوە و ڕایگەیاندووە،" درۆنەکە لەناوچەیەکی چۆڵەوانی کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە."

گروپێک بە ناوی تەشکیل ئەل واریسین بەرپرسیارێتی خۆی لە هەوڵی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی هەریر ڕاگەیاندووە. ئەم گروپە بە یەکێک لە گروپەکانی نزیک لە ئێران و هێزە شیعەکان دادەنرێت.

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەوڵەکان بۆ هێرشکردنە سەر هەریر و عەینولئەسەد دەستی ئێرانیان لە پشتەوەیە و ماوەیەکە ئەو گروپانە بێدەنگن. هێرشەکانیش گرێدراون بە ئاڵۆزییەکانی غەززەو شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە."

ئەو وتیشی، "هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر ئەمەریکا لە عێراق بێ سودن و زیانیان نەبووە، بەڵام هۆکاری هێرشەکان پەیوەندیدارن بە ئیعازی ئێرانەوە."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە موقەدەم ئەردەڵان وتەبێژی ئاسایشی هەولێر و شێروان جەلال بەگ قایمقامی هەریرەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون.

هەفتەی ڕابردوو گروپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران هەڕەشەی بە ئامانج کردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایان لە ناوچەکەکە کرد، گەر واشنتۆن دەستوەردان بکات بۆ پشتگیریکردنی ئیسرائیل لە دژی حەماس لە غەززە.

هاوکات لەگەڵ شکستهێنانی هەوڵی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی هەریر، دوو بەرپرسی ئەمەریکی کە ناویان ئاشکرانەکراوە، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، "دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە، کاتێک هەوڵیانداوە هێرش بکەنە سەر سەربازگەی عەینولئەسەد لە پارێزگای ئەنبار."

مەحمود زەیدان، سەرکردەی عەرەبی سونە، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێستا دوو بەرە دروستبووە، بەرەی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەلایەک و بەرەی روسیا و ئێران و چین لەلاکەی تر، ئەم دوو بەرەیە بەڕێگەی جیاواز پەیام بۆ یەکتری دەنێرن."

هەروەها وتیشی، "دۆخی عێراق تایبەتە، بێگومان پەیوەندی لە نێوان بۆردومانی سەربازگەکانی ئەمەریکا و ڕووداوەکانی غەززە هەیە."

هەوڵی هێزە شیعەکان بۆ هێرشکردنە سەر بنکەو سەربازگەکانی ئەمەریکا لە عێراق لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بەردەوامی هەیە، هێزە شیعەکان ئەمەریکا بە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن.