قایمقامی مەخمور: چەکدارانی پەکەکە لە کەمپی مەخمور کشانەوە و سوپای عێراق چووەتە جێگەیان

ڕزگار محەمەد قایمقامی قەزای مەخمور

قایمقامی قەزای مەخمور بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، دوای کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە نزیک کەمپی مەخمور، سوپای عێراق لە شوێنیان جێگربووە و سەرجەم خاڵە سەربازییەکانی نزیک کەمپەکەی توندوتۆڵکردووە.

ڕزگار محەمەد، قایمقامی قەزای مەخمور، ڕایگەیاند، "لەگەڵ دانیشتوانی کەمپی مەخمور کۆبووینەوە و فیرقەی 14ی سوپای عێراق لە خاڵە سەربازییەکان جێگیربوون تا کەمپەکە بە تەواوەتی بکەوێتە دەست سوپا و بیانپارێزێت لە هەموو بابەتەکان."

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەکە) ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، بەڕێوەبەری بزووتنەوەکەیان گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە هێزەکانیان لە سنوری کەمپی مەخمور ئەرکەکانیان تەواو بووە و بڕیاریانداوە بە کشاندنەوەیان.


بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، نەپەکە هێزەکانی لە مەخمورەوە بۆ سنوری ژێر دەسەڵاتی پەکەکە کشاندووەتەوە. هۆکاری کشانەوەی هێزەکانیشی بەستووەتەوە بە بنەمای فیکری خۆیان و تەواوبوونی شەڕی داعش نەک لەسەر داوای هیچ هێز و لایەنێک و فشارەکانی تورکیا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستی دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، ئەو هێزەی پەکەکە لە ناوچەکە ژمارەیان بە نزیکەی 35 بۆ 40 چەکدار مەزەندە دەکرێت و لە ساڵی 2014ەوە و لەسەردەمی شەڕی داعشەوە لەو ناوچەیە جێگیرکراون و پەکەکە دەڵێت بۆ پاراستنی کەمپەکەبووە لە داعش.

فلز بوداک، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەمپی مەخمور، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوای کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە، هیچ هێزێک لە نزیکمان نەماوە تا بمانپارێزێت لە هێرشی داعش و هەر هێز و گروپێکی تر. لەمەودوا خۆمان وەکو خەڵکی کەمپ بەرگری لە خۆمان دەکەین."

هەروەها وتیشی، "ئەرکی پاراستنمان لە ئەستۆی حکومەتی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکانە."

کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە سنوری چیای قەرەچوخی نزیک کەمپی مەخمور لەکاتێکدایە، لە ماوەی ئەم مانگەدا دووجار کەمپەکە لەلایەن فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە کە گومان دەکرێت فرۆکەی تورکی بن بۆردومانکراوە. دوا هێرشی فرۆکە بۆ سەر کەمپی مەخمور لە ڕۆژی 13مانگی دەی2023 بوو، کە بووە هۆی برینداربوونی ژنێکی دانیشتووی کەمپەکەو زیان گەیشتن بە چەند خانویەک.

لە دوای هێرشەکە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کەمپی مەخمور بیانووی داوەتە دەست لایەنی بۆردومانکەر. گەر جموجۆڵی چەکداری لەنێو کەمپەکە نەبێت، تورکیا لەوپەڕی دونیاوە نایەت بۆ بۆردومانکردنی کەمپەکە. کەمپەکە بۆ ژن و منداڵ دروستکراوە، حەق نییە جوڵەی چەکداری تیا هەبێت و تورکیاش ئەو گومانەی هەیە."

هەروەها ڕۆژی سێشەممە 17ی مانگی دەی 2023 لە ناوچەی گەشتیاری چنارۆکی سەر بە قەزای کۆیە، ئۆتۆمبێلێک لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کرایە ئامانج و بەهۆی هێرشەکەشەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی تریش برینداربوو. هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخمووریش بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەو کەسانەی کراونەتە ئامانج خەڵکی سڤیلن و لە خێزانێکی کەمپی مەخمورن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەخمور کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، هۆکاری کشاندنەوەی هێزەکانی پەکەکەی لە مەخمور بۆ دوورخستنەوەی مەترسی هێرشی فرۆکەی بێ فرۆکەوان بۆ سەر کەمپەکە گێڕایەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێدەچێت کشانەوەی پەکەکە بە ڕێککەوتن بێت لەگەڵ عێراق، تاچیتر کەمپەکە نەکرێتە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر کەمپەکە."

کەمپی مەخمور کە بەکەمپی رۆستەم جودیش ناسراوە، لە ساڵی 1998 لە رۆژهەڵاتی مەخمور بۆ کوردانی کوردستانی تورکیا دروستکراوە و نزیکەی 10 هەزار کەس لەکەمپەکەدا نیشتەجێن.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر