یەکێتی هەوڵی گێڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەدات

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە داوا لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە کراوە تا بگەڕێتەوە بۆ سەر کارەکەی.

سەرچاوەکە لە وەزارەتی پێشمەرگە کە ناو و تۆماری دەنگی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە ڕاگەیاند، "شۆڕش ئیسماعیل نیگەرانە و پێیوایە ئەوکاتەی لە وەزارەت بووە، ڕاپۆرتی هەڵەی لەسەر دراوەتە سەرکردایەتی یەکێتی و بە نزیکایەتی پارتی تۆمەتبار کراوە."

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لە پشکی یەکێتی سەرباری قەبوڵ نەکردنی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە، بەڵام ماوەی چەند مانگێکە ڕۆیشتووەتە ماڵەوە و دەوام ناکات.

سەرچاوەکە لە وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێت، "شۆڕش ئیسماعیل داوایکردووە ڕەدی ئیعتیباری بۆ بگێڕدرێتەوە. بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیش بەڵێنی گێڕانەوەی ڕەدی ئیعتیباری پێداوە، کاتێک چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە چوارچێوەی سەردانی سەرکردە ناڕازییەکانی حزبەکەیدا سەردانیکردووە."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە کە ناو و دەنگی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە، شۆڕش ئیسماعیل هێشتا هیچ بڕیارێکی بە گەڕانەوە و نەگەڕانەوە بۆ نێو وەزارەتی پێشمەرگە نەداوە و لە ئەگەری گەڕانەوەشی کۆمەڵێک مەرجی هەیە.

وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستادا لەلایەن عەبدولخالق باپیری بریکاری وەزارەتەوە لە پشکی پارتی بەڕێوەدەبرێت. بەرپرسانی تیمی یەکێتی و پارتی لەو وەزارەتە ناکۆکی و ململلانێی توندی نێوانیان نەشاردووەتەوە.

سەرەتای ئەمساڵ، یەکێتی هەوڵیدا ڕێباز بیرکۆتی ئەندامی سەرکردایەتی لە جێگەی شۆڕش ئیسماعیل دابنێت بە وەزیری پێشمەرگە. بەڵام ناکۆکی نێوانیان لەگەڵ پارتی ڕێگربوو لە دانانی وەزیری نوێ بۆ ئەو وەزارەتە.

سەرەتای مانگی 3ی ئەمساڵ، کاتێک لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا سەردانی شاری هەولێری کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی هەرێم دا کۆبوویەوە، رێباز بیرکۆتی وەکو کاندیدی وەزیری پێشمەرگە بەشداربوو لە کۆبوونەوەکەدا.

مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی هێزەکانی 70 ی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێشتر هەوڵ هەبوو بۆ دانانی وەزیری پێشمەرگە لەلایەن یەکێتییەوە، بەڵام لایەک ڕەزامەندی نیشان نەدا، بۆیە مەسەلەکە ئێستا لای سەرۆکی یەکێتییە."

سەبارەت بە هەوڵەکانی حزبەکەی بۆ گێڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، مستەفا چاوڕەش دەڵێت، "کاک شۆڕش ڕازی بووە بە گەڕانەوە یاخود نە، چی پێوتراوە و نەوتراوە، خۆی دەزانێت، من نازانم."

بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە، لە ئێستادا یەکێتی ناتوانێت وەزیرێکی نوێ بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابنێت، بۆیە چارەسەر هێشتنەوەی وەزارەتی پێشمەرگەیە بە بێ وەزیر تا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان یاخود گێڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیلە بۆ سەر کارەکەی.

سەعدی پیرە، وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پەرلەمان نەماوە، ناتوانرێت وەزیری نوێ بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابنرێت."

سەعدی پیرە ئامادە نەبوو لەسەر هەوڵەکانی یەکێتی بۆ گێڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، لێدوان بدات.

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە دەوام نەکردنی وەزیری پێشمەرگە، گرفتی گەورەی بۆ وەزارەتەکە دروستکردووە و کۆمەڵێک ئیش و کاری گرنگ دووچاری ئاستەنگ بوونەتەوە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەزیر بەرزترین دەسەڵاتی ناو وەزارەتی پێشمەرگەیە. هەموو دەسەڵاتە یاسایی و دارایی و کارگێڕییەکان بەدەست وەزیرەوەیە. گفتووگۆی نێوان وەزارەت و هاوپەیمانان لە ڕێگەی وەزیرەوە دەکرا، کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی عێراقی لە ڕێگەی وەزیرەوە دەکرا. چارەسەرکردنی کێشەی نێو وەزارەت دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای بەرگری هەر لە ڕێگەی وەزیرەوە دەکرێت ."

هێزەکانی هاوپەیمانان لە چوارچێوەی واژوکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتندا، ساڵانە بە پێدانی موچەی لیوا هاوبەشەکان و ڕاهێنان و چەک و تەقەمەنی هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن، بەو مەرجەی هێزی پێشمەرگە یەکبخرێتەوە و چاکسازی تێدا ئەنجام بدرێت.

جەبار یاوەر، دەڵێت، "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیش لەگەڵ نوێنەرێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و لە ژێر چاودێری سەرۆکی هەرێم واژو دەکرێت. دەبێت واژوەکە وەزیری پێشمەرگە بیکات."

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیکردەوە، لە وەتەی وەزیری پێشمەرگە دەوام ناکات، زۆربەی ئیش و کارە یاسایی و کارگێڕی و داراییەکان لە وەزارەتەکە پەکیانکەوتووە و دەڵێت، "وەزیری پێشمەرگە دەبێت هەفتانە بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکات و گرفتەکانی وەزارەت دەباتە نێو کۆبوونەوە تا بڕیاریان لەبارەوە بدرێت. بەڵام لە وەتەی وەزیر دەوام ناکات، کەس نییە نوێنەرایەتی وەزارەت بکات لە کۆبوونەوەکاندا."

هەوڵەکەی یەکێتی لە کاتێکدایە کە بافڵ تاڵەبانی لە یەکەم ڕۆژی کۆنگرەی پێنجهەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە 27ی مانگی ڕابردوو لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بە سەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرایەوە.

چوارشەممەی ڕابردوو لە میانەی بەشداریکردنی لە دیداری مێریدا، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی دا بەوەی دوای کۆنگرە لەگەڵ هاوکارانی لە ناو یەکێتی کاردەکات بۆ داڕشتنی "پلانێکی پێنج ساڵی" و وتی، "ئێمە بەنیازین بە زووترین کات وەفدێک بنێرین بۆ هەموو لایەنەکانی کوردستان وە هەوڵێک بدەین بە بیروبۆچونێکی تازە بەرنامەی خۆمانیان بۆ شیدەکەینەوە. ئەوەی کە ڕوویداوە پێشتر ڕوویداوە و ئێمە هیچ حیسابی بۆ ناکەین. ئەمانەوێت جارێکی تر دەستپێبکەینەوە."