ئیسرائیل ڕێبەرێکی دیکەی حەماس دەکوژێت

میدیاکانی نزیک لە حەماس لە غەززە ڕایانگەیاند جیهاد محێسن کە ڕێبەرێکی حەماس بوو و لە پۆستی فەرماندەی هێزی ئاسایشی کەرتی غەززە بوو، بە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل کوژراوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ڕۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، میدیاکانی نزیک حەماس دەڵێن ئیسرائیل ماڵی جیهاد محێسنی بۆردومانکردووە لە گەڕەکی ڕەزوانیەی شاری غەززە و لە ئاکامدا ناوبراو و ئەندامانی خێزانەکەی کوژراون.

ئەمە چوارەم ڕێبەری بزوتنەوەی حەماسە بکوژرێت لەوەتای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووە لە ئەنجامی هێرشەکەی 7 ی مانگی دەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلییەکان.

ڕۆژی سێشەممەش ئەیمەن نەوفەل، کە یەکێک بوو لە فەرماندە لەشکرییە ناسراوەکانی حەماس، بە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل کوژرا.

وەزارەتی تەندروستی حەماس لە غەززە ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، لەوەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەستیانپێکردووە لە پاش 7 ی مانگی دە، 3785 فەلەستینی کوژراون.

هاوکات حەماسیش بەردەوام بووە لە هەڵدانی موشەک و ڕۆکێت بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیل.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز