دۆخی خەڵکی سیڤیل لە نێو شەڕ و ململانێکاندا

لە هەموو شەڕ و ململانێیەکدا، بەشی گەورەی زیان و ماڵوێرانییەکە بۆ خەڵکی سیڤیلە. هەر لە ماوەی ئەم دە ساڵەی ڕابردوودا ، لە شەڕی داعش و شەڕی ناوخۆی سوریا و هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و شەڕی تورکیا لە دژی ئەوەی پێی دەڵێت "تێرۆری پەکەکە" و هەتا ئەم شەڕەی ئێستای نێوان حەماس و ئیسرائیل، بە دەیان هەزار کەسی سیڤیل کوژراون یان برینداربوون، ئەمە بێ لەوەی ملیۆنانی دیکە ئاوارە و دەربەدەربوون و زۆربەیان ماڵیان وێرانبووە. وەک جەنەڕاڵێکی بەریتانیایی پێشتر وتوویەتی"کارەساتەکانی شەڕ لە دوای کۆتایی‌هاتنی شەڕە."

پرسیار ئەوەیە:
بۆچی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بەو هەموو ڕێکخراو و گروپانەی هەیەتی و لە سەرو هەموویانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان نەیانتوانیەوە چارەسەرێک بۆ ئەو شەڕانە بدۆزنەوە بەر لەوەی ئەو زیانە گەورانە بەر خەڵکی سیڤیل بکەون؟

کاتێک لە ئەنجامی شەڕەکان کارەساتێکی مرۆیی دەکەوێتەوە، بۆچی هێندەی ئەوەی دەنگی سەرکۆنەکردن و ناڕەزایی دەبیسترێت، هەوڵی ڕژد نادرێت بۆ کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی ئەو خەڵکە سیڤیلە؟

کاریگەری ئەو شەڕانە لەسەر باری دەروونی و هزری خەڵکی سیڤیل و کۆمەڵگە بە گشتی چۆن دەبن؟

چۆن دەتوانرێت خەڵکی سیڤیل بپارێزرێت لە کارەساتەکانی کاتی شەڕ و دوای شەڕیش؟

خەڵکی سیڤیل بۆخۆیان دەتوانن چی بکەن بۆ پاراستنی ژیان و گوزەرانیان؟

لە بابەتی ڕۆژی تاوتوێی پرسی دۆخی خەڵکی سیڤیل لە نێو شەڕ و ململانێکاندا دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
1- مامۆستا عەبدولکەریم ئەحمەد، چاودێر و ڕۆژنامەنووس.
2- توانا عوسمان، چاودێر و ڕۆژنامەنووس.
3- مامۆستا حسێن ڕابی، چاودێر و مامۆستا لەزانکۆی سلێمانی.

Your browser doesn’t support HTML5

دۆخی خەڵکی سیڤیل لە نێو شەڕ و ململانێکاندا

عەبدولکەریم ئەحمەد:
"بە ڕەهایی دەتوانیین بڵێین، لە هەموو جەنگێکدا جگە لەوەی سەرباز دەبنە قوربانی و لەناو دەچن، بەشێکی زۆری خەڵکی سیڤیل لەناو دەچن و دەبنە سووتەمەنی جەنگەکە. ئەوەی دەگوزەرێت لە کارەساتی مرۆیی نە هیچ ڕێکخراوێک بە نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە ناتوانێت ڕێگری بکەن لە کوشتنی خەڵک، بەڵکو پێویستمان بە چەمکی ئاشتییە بۆ ڕێگریکردن لەو جەنگانە."

"بەداخەوە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵێکی لاوازی هەیە، لە ڕێگریکردن لە ڕوودانی کارەساتی مرۆیی لە جەنگەکاندا زیاتر وەک ئیسعافێک لە دوای جەنگەکان هاوکاری خەڵکی لێقەوماو دەکەن، ناتوانن ڕۆڵی ناوبژیوان لە پێش جەنگەکان ببینن، هەموومان دەزانین پێکهاتەی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کێیە و چۆنە، ئەم ڕێکخراوانە جگە لە دەستەوسان بەرامبەر بەو شەڕ و کارەساتانە چیتریان پێدەکرێت؟!"

"مرۆڤایەتی ڕەشکراوە بەو کوشتارەی ئێستا دەکرێت، هیچ کەس ناتوانێت ئەوە ڕەد بکاتەوە کە ئێستا جیهان لە دارستان دەچێت، بەهێزەکان هەوڵی خواردنی بێهێزەکان دەدەن، بەهێزەکان هەرچی بکەن مافی خۆیانە، ئەوەی باسی مافی مرۆڤ دەکرێت ئەمە تەنها لە سنوور و جوگرافیایەکی دیاریکراوە، بۆ ژێردەستەکان نییە، تەنها بۆ سەر دەستەکانە."

توانا عوسمان:
"ڕۆڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر لاوازە لەبەر دوو هۆکار، هۆکارێکییان زۆر زۆر قوڵە، هۆکارێکی تریش، سیاسییە و ڕوونە."

"دروستبوونی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تازەیە بە بەراورد بەو سیفەتانەی مرۆڤ هەیەتی لە شەڕکردن لەسەر دەستبەسرداگرتنی سامان و وزە و دەسەڵات کە مێژووی ئەم سیفەتانە هەندێک سەرچاوە باسی دەکەن دەگەڕێتەوە بۆ دوانزە هەزار ساڵ لەمەوبەر."

"لەسەرو هەموویانەوە پێکهێنەری سەرەکی و یاریکەری سەرەکی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمەریکایە، کە ئەمەریکاش بۆخۆی وڵاتێکی لایەندارە و بێ لایەن و دادپەروەر نییە، خۆی بەشێکە لە ململانێکان و ئەجێندای خۆی هەیە. هەر ئەمەریکا بودجەی نەتەوە یەکگرتووەکان دابین دەکات و بارەگاکەی لە نیویۆرکە، بۆیە نابێت چاوەڕێ بکەین ئەم ڕێکخراوانە ڕۆڵی یەکلاییکەرەوە ببینن لە جەنگەکاندا، بەڵکو ئەم ڕێکخراوە کۆمەڵێک ئەفەندین جگە لە بەیاننامە و دابینکردنی خزمەتگوزاری مرۆیی و خۆراک هیچی تری پێناکرێت، هێزی نییە هەتا ببێتە لایەنێک، هەر نمونەی ئەم ڕێکخراوە بە کەسایەتی و ڕێکخراوە ئاینییەکانیش ڕاستە، لە کاتی جەنگدا کاتێک بە ستالین دەڵێن، پاپا داوای ڕاگرتنی شەڕ دەکات، ستالینیش دەپرسێت، پاپا هێزی هەیە، دەڵێن نەخێر، ستالینیش دەڵێت، دە پاپا با بۆخۆی بڵێ. "

حسێن ڕابی:
"لە هەر جەنگێکدا کە ڕوودەدات، چۆن لایەنی شەڕەکان دابەش دەبن، خەڵکەکەش لەو نێوەندەدا دابەش دەبێت و تەنانەت دەشبنە قوربانی."

" سروشتییە چونکە لە هەموو جەنگێکدا کوشتار دەبێت، بەڵام ئەوەی ناسروشتییە کوشتنی بە سیستماتیکە، کە لایەنێک بە ئەنقەست و بەمەبەستی سڕینەوەی لایەنی بەرامبەر بێت خەڵکی ناوچەیەک کە خەڵکی سڤیلین لەناو ببات و کۆمەڵکوژ بکات لەپێناو دەستبەسەردا گرتنی ناوچەکەیان ئەو لایەنە بکات بە شەیتان و مافی سڕینەوەی ئەو خەڵکە بدات بەخۆی، هەر لەم دە پانزە ساڵەدا زۆرمان لەوە بینی هەر لە شەڕی دژ بە کورد لە سوریا، یان ئەمەی ئێستا هەیە لە نێوان حەماس و ئیسڕائیل."

"ڕەگەز پەرستیش وەها دەکات کە لایەنی جەنگەکان ماف بەخۆیان بدەن کوشتنی سیستماتیک بکەن لە جەنگەکان و ئەسڵەن حسابی مرۆڤ بۆ لایەنی بەرامبەر نەکەن و هەوڵی سڕینەوەیان بدەن."

پیسترین و قێزەونترین شەڕ، ئەو شەڕەی ئێستایە کە لە غەززەیە، کە تێرۆریستە فەلەستینییەکان بە خەڵکی سیڤیل دەستیانپێکرد، ئێستا ئیسڕائیل قێزەونتر لەوان بەرامبەر خەڵکی غەززە دەکات."