جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت حەماس و ڕووسیا خوازیارن دیموکراسی لەناوبەرن، بۆیە پێویستە یارمەتی ئۆکرانیا و ئیسرائیل بدرێت بەو پێیەی بۆ ئەمەریکا گرنگن.
شەوی پێنجشەممە لە وتارێکدا بۆ خەڵکی ئەمەریکا، سەرۆک بایدن وتی حەماس و فلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا دوو هەڕەشەی جیاوازن، بەڵام هاوبەشن لەوەی هەردووکیان دەیانەوێت دیموکراسییەکانی هاوسێکانیان لەناوبەرن.
وتی ڕۆژی هەینی داوا لە کۆنگرێس دەکات ڕەزامەندی لەسەر یارمەتییەکی گەورە بۆ هەریەک لە ئۆکرانیا و ئیسرائیل پەسەندبکەن، بەو پێیەی بۆ ئایندەی ئەمەریکا وەک ڕێبەرێکی جیهانی گرنگە. وتی ئەو یارمەتییانە بۆ ئاسایشی ئەمەریکا سوودی دەبێت بۆ هەتا چەندین نەوە. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو کۆمەڵە یارمەتییەی بۆ ئیسرائیلی داوا دەکات بێ پێشینە دەبێت و بە شێوەیەک دەبێت کە مسۆگەری بکات ئیسرائیل بەهێزترین هێزە لە ناوچەکەدا و مسۆگەری بکەین گومەزی ئاسنین (سیستمی بەرگری ئاسمانی) دەتوانێت ئیسرائیل بپارێزێت.
سەرۆک بایدن وتیشی، "ڕێبەرایەتی ئەمەریکا جیهان پێکەوە کۆدەکاتەوە، هاوپەیمانێتییەکان ئەمەریکا بە پارێزراوی دەهێڵێتەوە. بەهاکانی ئەمەریکا وەها دەکەن هاوبەشێک ببین کە وڵاتانی دیکە بخوازن کارمان لەگەڵدا بکەن."
وتیشی لە هێرشەکەی 7 ی مانگی دەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، زیاتر لە 1300 کەس کوژراون و لە نێویاندا 32 کەسیان ئەمەریکایی بوون. دەیانیان منداڵبوون و کەسانی بە تەمەن بوون. کەسانی ئیسرائیلی ئەمەریکا وەک بارمتە براون.
جۆو بایدن وتیشی" من وەک سەرۆک هیچ کارێکم نییە لە سەرو سەلامەتی بارمتەکان."
باسی لەوەش کرد پەیوەندی بە مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان کردووە و پێی وتووە ئەمەریکا وابەستەیە بە پاراستنی شکۆی گەلی فەلەستین و مافی چارەی خۆنووسین بۆیان. هەروەها وتی ناکرێت بواری مرۆیی فەلەستینییە بێتاوانەکان فەرامۆش بکرێت، وە حەماس نوێنەرایەتی گەلی فەلەستین ناکات.
سەبارەت بە ئێران، سەرۆک بایدن وتی ئێران پشتیوانی ڕووسیا دەکات لە ئۆکرانیا و هەروەها پشتیوانی حەماس، بۆیە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت.
وتیشی داوای لە نەتانیاهو، سەرۆک وەزیری ئیسرائیل کردووە کە هەتا دەتوانن سەلامەتی خەڵکی سیڤیل لە شوێنەکانی شەڕ بپارێزن و ڕێگە بدرێت ئاو و خۆراک و دەرمان بۆ خەڵکی غەززە بگات. باسی لەوە کرد کە لەگەڵ ئیسرائیل و میسر ڕێکەوتوون یەکەم کاروانی کۆمەکی مرۆیی بۆ غەززو ڕەوانە بکرێت، بەڵام هۆشداری دا بە حەماس لەوەی دەست نەگرێت بەسەر ئەو کۆمەکانە.
وتیشی پێویستە وەک چۆن سەرکۆنەی ڕق و کینە بەرامبەر بە خەڵکی جوو دەکەین وەها سەرکۆنەی ڕق و کینە بەرامبەر موسڵمانان بکەین.
لە کۆتایی وتارەکەی داوای لە ئەمەریکاییەکان کرد ناکۆکییەکانیان وەلاوە بنێن و یەکگرتووبن و نەهێڵن "ڕێکخراوێکی تێرۆرستی وەک حەماس و ستەمکارێکی وەک پوتن سەرکەوتن بەدەستبهێنن."