گۆتێرێس بۆ چاودێریکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەڕواتە نزیک دەروازەی ڕەفەح

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی 20ی مانگی 10 گەیشتە باکووری نیمچە دوورگەی سینا لە میسر و لەوێشەوە چووە نزیک دەروازەی ڕەفح، ئەمەش بە مەبەستی چاودێریکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانە لە میسرەوە بۆ کەرتی غەززە.

گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "نزیکەی دوو هەفتەیە خەڵکی غەززە بە بێ سووتەمەنی، خۆراک، ئاو و دەرمان ژیان بەسەر دەبەن ."

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ گەیاندنی بەردەوامی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە چڕ دەکاتەوە.

هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە لە دۆخێکدایە کە بەپێی هەندێک ڕاپۆرت، نەبوونی سووتەمەنی و ئاو و کارەبا خزمەتگوزاری نەخۆشخانەکانی پەکخستووە و لە هەندێک حاڵەتدا خزمەتگوزاری نەخۆشخانەکانی غەززەی ڕاگرتووە.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێستادا بۆ خێراکردنی کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح و ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی ناوچەی گەمارۆدراوی غەززە لە بیابانی سیناوە ڕۆیشتووەتە ئەو ناوچەیە.

دەیان بارهەڵگر کە ئاو و خۆراکیان هەڵگرتووە چاوەڕێی مۆڵەتن بۆ چوونە ناو غەززە.

بە گوتەی دەسەڵاتدارانی میسر، سەرەتا دەبێت ئەو ڕێگایەی کە بیابانی سینا بە غەززە دەبەستێتەوە و لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا زیانی پێگەیشتووە، چاک بکرێتەوە بۆ ئەوەی بارهەڵگرەکان بتوانن بەو دەروازەیەدا تێپەڕن.

لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل هێشتا ڕازی نەبووە بە کردنەوەی ئەو دەروازە و نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی یارمەتییەکان لە لایەن حەماسەوە.

گۆتێرێس لە نێو ئامادەبوواندا لە دەروازە ڕەفەح داوای کرد کە بارهەڵگرەکان بە زووترین کات بچنە ناو غەززە.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا