لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان چاودێریکردن و پاراستنی کەسانی ناکام و نەخۆش و بەساڵاچوو و خاوەن پێداویستییەکان لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە، بە جۆرێک فەرمانگەی تایبەت دانراون بۆ دابینکردنی شوێن و کارمەندی تایبەت بۆ چاودێری و خزمەتکردنی ئەو کەسانە.
دەپرسین:
ئایا هیچ شوێن و فەرمانگەی لەو جۆرانە لە هەرێمی کوردستان هەن؟
هەتا چەند بایەخ بە شوێنەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان دراوە؟
لایەنە پەیوەندیدارەکان چییان کردووە بۆ باشترکردنی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییانە؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری ئەم بەڕێزانە:
1- حەیدەر جەمیل، توێژەری کۆمەڵایەتی لە پرۆژەی خێزانی جێگرەوە لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
2- عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی.
Your browser doesn’t support HTML5
حەیدەر جەمیل:
"لە هەرێمی کوردستان جگە لە خانەی بەساڵاچوان شوێنێک نییە بۆ خزمەتگوزارییەکان بەهۆی بوونی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەوەی کە هەیە، ببینن لە سلێمانی هیچ کات لە خانەی بەساڵاچوان ڕێژەی بوونی بەساڵاچوان نەگەیشتۆتە 100 کەس، ئەمەش ئەو پتەویەی دۆخی کۆمەڵایەتی دەبینێت چ جای ئەوەی خەڵک بنێردرێت بۆ ماڵەکان خزمەتی بەساڵاچوان بکات."
"ئێستا لە هەرێمی کوردستان پرۆژەی خێزانی جێگرەوە هەیە کە لە سلێمانی جێبەجێدەکرێت، هەوڵدەدرێت خێزانەکان ڕابهێنرێن لەسەر لەخۆگرتنی منداڵانی بێ سەرپەرشت، یاخود ئەو خێزانانەی منداڵی ناکام و نەخۆشییان هەیە دەیانەوێت بۆ ماوەیەک پشوو بدەن یان سەفەر بکەن منداڵەکانیان بۆ ماوەیەک لەوێ بەجێبهێڵن."
"بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە وەزارەتی کار وەزارەتێکی زۆر پەراوێز خراوە لەوتەی ئەم وەزارەتە دروستبووە تا ئێستا حزبی یەکەم پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو وەزارەتی وەرنەگرتووە و وەزارەتێکی هامشە و دەیدا بەو لایەنانەی تر کە بەشداری حکومەت دەکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە وەزارەتی ناوخۆ لەو کاتەوەی هەیە لە دەست حزبی یەکەمی دەسەڵاتە بەهۆی ئەوەی دەسەڵات زیاتر بایەخی داوە بە سلکی ئەمنی و چەکداری، ئەمەش بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵک و کۆمەڵگا."
"بەداخەوە ئێمەش وەک وەزارەت ڕەنگە نەمانتوانیبێت کارێکی ئەۆتۆ بکەین، چونکە هەر بۆ نمونە ئێستا کە من قسە بۆ ئێوە دەکەم نزیکەی سێ مانگە فەرمانبەر موچەی وەرنەگرتووە ناتوانرێت داوای داهێنان و چارەسەری گرفتی کۆمەڵگای لێبکرێت. لەسەر ئاستی تواناش کەسەکان لە وەزارەتەکان دانانرێن، بۆ نمونە ئەگەر ئەفڵاتون بم ئەگەر پارتی یان یەکێتی نەبم و داهێنان نەکەم نامخەنە شوێنی شیاو."
عومەر گوڵپی:
"بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی، هۆکاری نەبوونی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و پەروەردە بە شێوەیەکی تەواو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کابینە یەک لە دوا یەکەکانی حکومەتی هەرێم بایەخییان بە کەرتی پەروەردە و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی نەداوە، بەڵکو بایەخی بە کەرتی ئەمنی و سەربازی دراوە، ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە ڕووی چاودێری کۆمەڵایەتییەوە بە تایبەت بابەتی منداڵ هیچ یاسایەکی پاراستنی منداڵمان نییە، ماوەی سیانزە ساڵە خەریکی ڕەشنووسێکی یاسای پاراستنی مافی مناڵن، بەڵام تا ئێستا ئەو ڕەشنووسە هەر لە وەزارەتە ئەوەی من بزانم ، واتە لە ناو ستراتیژیەتی حکومەتدا شتێک نییە بەناوی پاراستنی مناڵ و ژنان و پیر و تاکەکانی کۆمەڵگا بێت."
"بەداخەوە دەبێت حکومەت و وەزارەت زوتر و زۆرتر پشتگیری پڕۆژەی خێزانی چەگرەوە بکەن و بیخەنە سەرپێ بەدەرکردنی یاسا و ڕێنمایی."
"لە ڕووی چاودێری کەسانی بە تەمەن یان نەخۆش لە ماڵەکانی خۆیان بەداخەوە لەو ڕووەوە لە هەرێم کەموکورتی زۆر زۆرمان هەیە، بە تەمەنێک تەنها لە خانەی بەساڵاچوان خزمەتدەکرێت دڵنیام بە سەدان کەس هەن لەناو ماڵەکان، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەو خزمەتگوزارییە خزمەت ناکرێن، تەنانەت ئەو کاتەی بەڕێوەبەری گشتی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی بووم جاری وا هەبووە بەساڵاچویەک لە خانەی بەساڵاچوان نەخۆش کەوتووە و بردومانە بۆ نەخۆشخانە پێویستی کردووە لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە بەڵام کەسمان نەبووە وەک هاوەڵی نەخۆش داینێین نەخۆشخانەش بواری نەداوە بێ هاوەڵ بمێنێتەوە ناچار ڕوومان لە خێرخوازان ناوە کە کرێ بدەن بە کەسێک وەک هاوەڵی نەخۆشەکە بمێنێتەوە، کە ئەمە نابێت بەجەبهێڵرێت بۆ ئەوەی خێرخواز هەیە یان نا، بەڵکو دەبێت حکومەت ستراتیژ و پلانی بۆ بواری کۆمەڵایەتی هەبێت."
"خانەکانی مناڵان دۆخییان زۆر خراپە، بە ڕاستی بەهۆی بایەخنەدانی حکومەت، ئەگەر هاوکاری خێرخوازان نەبێت دۆخی دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانە بۆ ئەو مناڵە بێ سەرپەرشتیارانە زۆر خراپ دەبێت."