ئەگەرچی دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان مانگ زیاتری تێپەڕاند، بەڵام تا ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان و کۆیە ئەو پڕۆسەیە دەستیپێنەکردۆتەوە بەهۆی بایکۆتی مامۆستایان لە ئەنجامی وەرنەگرتنی موچەی سێ مانگی ڕابردوویان.
هەرچەندە هەفتەی ڕابردوو وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرمانێکی گشتاندا، بەڕێوەبەری پەروەردەکانی ڕاسپارد فەرمانی ئیدرای دەربکەن تا ئەو مامۆستایانە ناچار بکەن بگەڕێنەوە پۆلەکانی خوێندن، بەڵام مامۆستاکان نەک هەر نەگەڕانەوە پۆلەکانی خوێندن، بەڵکو خۆپیشاندانی ناڕەزایییان ئەنجام دا و توڕەیی و بێزاری خۆیان لە بەرامبەر لێدوانەکانی وەزیری پەروەردە دەربڕی.
دەپرسین ...
چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ لەو سنوورانە چی دەبێت؟
ئایە لە ڕووی یاسایییەوە حکومەت بەرپرسیار دەبێت ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا نەتوانێت موچەی کارمەندەکانی بدات؟
مامۆستایان چ ڕێگایەکی یاسایی و ئیدارییان لە بەردەمە بۆ وەرگرتنی موچەکانیان؟
ئایە مامۆستایانی ناڕازی چۆن دەڕواننە ئەو تێڕوانینانەی کە دەوترێت مامۆستایان ناڕازی هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی پرسی ناڕەزایەتی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر وەرنەگرتنی موچەکانیان و هەروەها دەسپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و کۆیە کرا بە میوانداری بەڕێزان:
دکتۆر ئیسماعیل نامیق، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی یاسایی.
مامۆستا دڵشاد میرانی ، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی .
هێمن ساڵح، ڕێنماییکاری پەروەردەیی.
Your browser doesn’t support HTML5
مامۆستا دڵشاد میرانی:
"بەپێی ئەو بەرنامەیەی وەزارەتی پەروەردە دایناوە تا ئێستا لە 22%ی پرۆسەی خوێندن دەبوو تەوا ببوایە، سەرەڕای ئەوەی ئەو هەموو مامۆستا و مناڵانەی لە پرۆسەی خوێندن بێ بەشن، ئەو مناڵانە مناڵ یان کەسوکاری ئەو مامۆستایانەن کە بایکۆتییان کردووە، نەک مناڵی بەرپرسەکان، مناڵی بەرپرسەکان هەموویان لە ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی دەرەوە دەخوێنن، ئەوەی بێ بەشبووە لە خوێندن مناڵی خەڵکی هەژارە، مناڵی خۆمانن، ئەوەی زیانمەندە جارێکی تر خۆمانین، بەداخەوە کە حکومەت و وەزارەت زۆر خەمساردن لەو ڕووەوە."
"کە باس لەوەدەکرێت لە دوای ڕاپەڕین، یان شەڕی ناوخۆ مامۆستایان چەندین مانگ بێ موچە وانەیان وتووەتەوە، ئەو کاتە ژیانی بەرپرسان و مامۆستایان هاوتەریب بوون، نەک وەک ئێستا کە هەر بەرپرسە و وەک زوحاک یان لە ئاستی باسکردنی هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان دەبێت باس بکرێن و ژیانیان شاهانەیە."
"باشە داهاتی ئەم چوار مانگە چی لێهاتووە؟ چ کەناڵێکی خۆیان یان پرۆژەکانی خۆیان لە دوبەی و وڵاتانی تر وەستاون؟! "
دکتۆر ئیسماعیل نامیق:
"لە ڕووی یاساییەوە لە هەرێمی کوردستان مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم سەبارەت بە موچەکانیان من پێم وا نییە بتوانن لە کوردستانەوە هیچ شتێک بکرێت، چونکە خۆی دادگا و دەزگا یاساییەکان گیرۆدەی ئەم دەسەڵاتەن، خۆ ئەگەر بشتوانن بڕیار دەربکەن ئەوا ئەم حزبە دەسەڵاتدارانە بە گوێیان ناکەن."
"ئەوەی دەمێنێتەوە لە بەغدادەوە، پێم وایە فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێم دەتوانن لە ڕێگای دادگای فیدراڵییەوە دەتوانن ئەگەر پاڵپشتی یاسایی هەبێت، بۆ نمونە پاشەکەوت و بابەتی پلەبەرزکردنەوە یەکلایی بکرێتەوە لەلایەن دادگاای فیدراڵییەوە ئەوا دەتوانرێت وەک سەنەدێکی یاسایی بەکاربهێنرێت و بیخەنە بەردەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک فشار لەسەر حکومەتی هەرێم بەکاریبهێنن، ئەگەر ئەمەش نەکرا، دەکرێت لە ڕێگای نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بجوڵێنرێت، ئێمە نابێت بترسین لەوەی بڵێین ئەم قەوارەیە بە هاتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغدادەوە دەڕوخێت، ئەگەر قەوارەیەک بەوە بڕوخێت دەی با لە ئێستاوە بڕوخێت، هەموو سەرکردەکان بە کاک مەسعود و مام جەلال خوا لێی خۆش بێت هەموییان موچەیان لە بەغدادەوە بووە، ڕێگا یاساییەکەش تەنها ئەوەیە هەموو ڕێگاکان دەچنەوە بەغداد، هەروەک ئەوەی ئاماژەم پێیکرد کە هەمووی لە بەغدادەوەیە.
هێمن ساڵح:
"مامۆستایان مافی خۆیانە داوای موچە بکەن و موچەی خۆیان وەربگرن، بەڵام من پێم وایە بایکۆت لە دەڤەری سلێمانی بووەتە بابەتێکی سیاسی، بۆ داواکردنی ژیانێکی باشیتر نییە، بۆ نمونە لە 2011 خەڵک 63 ڕۆژ هاتنە سەرشەقام خۆ ئەو کاتە موچەش هەبوو، دواتر دەرکەوت سیاسییە خۆپیشاندەران دەیانوت، ئەم شارە شاری گۆڕانە، شاری کاک نەوشیروانە، ئەگەر ئێستاش مەیلی دەسەڵاتی سلێمانی لەگەڵ کۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانی بێت، هەر سبەی کۆتایی پێدێنێت و ژمارەیەکی کەم دێتە سەر شەقام."
"چۆن ئێستا دەڵێن لە سنووری هەولێر ناڕەزایی هەیە و نایەنە سەر شەقام، لە سنووری سلێمانیش دەنگێکی ناڕازی هەیە لەم بایکۆتەی ئێستا، بەڵام ئەمرێکی واقیع هەیە کە ناتوانێت بڵێت من نامەوێت بایکۆت بکەم، ئێستا مەرامەکە هەڵبژاردنە بۆ ناساندنی ئەو کاندیدانە."
"بێگومان مامۆستا هەیە ناتوانێت بڕواتەوە خوێندن لەبەر نەبوونی، بەڵام دەکرا لانی کەم هەفتەی دوو ڕۆژ دەوام بکرایە تا پرۆسەی خوێندن پەکی نەکەوتایە، بەڵام وەک وتم زیاتر ئەجێندا سیاسییەکەیە، هیوادارم موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بچێتە سەر بەغداد تا ئەوەش ببینن بزانن بەغداد موچەیان دەداتێت! دواتر دەبێت هەر حکومەتی هەرێم بێتەوە سەر خەت. "