بڕیارە 19 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی نەشتەرگەریان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بۆ ئەنجام بدرێت

لەسەر ڕاسپادەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیارە 19 بەرکەوتەی چەکی کیمیاوی نەشتەرگەریان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بۆ ئەنجام بدرێت. بریندارەکان ساڵانێکی زۆرە بەهۆی لێکەوتەکانی چەکی کیمیاویەوە گیرۆدەبوون و لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕی عێراقەوە بینراون .

لەبەرواری 27ی مانگی هەشتی 2023 تمێکی پزیشکی وەزارەتی تەندروستی عێراق کە پێک هاتبوون لە پزیشکانی پێست و هەناوی و چاو سەردانی نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوییان کرد لە شاری هەڵەبجە بۆ بینی 64 بەرکەوتەی چەکی کیمیاوی کە بەهۆی نەبوونی بودجەوە نەیان توانیبوو چارەسەری لە دەرەوەی وڵات وەربگرن.

عیماد فەیرۆز بەڕێوبەری نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکا ڕاگەیاند، "لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 262 ملیۆن دیناری بۆ ناردنە دەرەوەی 64 بەرکەوتەی چەکی کیمیاوی دابینکرد، بەڵام نەتوانرا ئەو بڕەپارەیەمان بۆ دابینبکرێت. لە ئێستادا دوای هاتنی تیمێکی پزیشکی لە عێراقەوە 19 بەرکەوتەیان دیاری کردووە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا نەشتەرگەیان بۆدەکرێت."

سۆان عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمریکای ڕایگەیاند کە لە بەرواری 1ی مانگی هەشتی 2023 سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردووە و داوای ئەتجامدانی نەشتەرگەری بۆ ئەو بەرکەوتانەی چەکی کیمیاوی کردووە.

سۆان عومەر وتی، "دوای دوو ڕۆژ لە وەرگرتنی ناوەکان، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق پێکهێناوە تاوەکو سەرجەم ئەو بەرکەوتوانە ببینن و ڕاپۆرتێکی پزیشکی بۆ ئامادە بکەن. ئەو بەرکەوتانە زۆربەیان پێویستیان بە نەشتەرگەری گلێنەی چاوە. ئەوانەی کە لەناوەوەی عێراق چارەسەریان هەیە لێرە نەشتەرگەریان بۆ دەکرێت ئەوانەشی لەدەرەوەی عێراق چارەسەریان هەیە دەنێرێن بۆ چارەسەرکردن."

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیبارانی هەڵەبجە سەبارەت بە لیستی ئەو کەسانەی کە تۆمارکراون بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە دەرەوەی وڵات، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ناڕوونی لە لیستەکەدا هەیە.

لوقمان عبدالقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە کە خۆشی یەکێکە لەو کەسانەی کە دەستنیشان کراوە نەشتەرگەری بۆ بکرێت، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "دەستخۆشی لە هەر هەوڵێک دەکەین بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوی و پێویستە ئەوانەی کە دەستنیشانکراون بۆ ئەوەی نەشتەرگەریان بۆ بکرێت، تەنها یەک جار نەبێت و دواتر نەبینرێنەوە. پێویستە بودجەیەک بۆ هەموو بریندارانی چەکی کیمیباوی دابینبکرێت."

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕاشیگەیاند، "هاوڵاتی وەها هەبووە بە برینداری چەکی کیمیاوی دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی بچێتە دەرەوە بۆ چارەسەرکردن، لە ڕاستیدا پێویستی بە چوونە دەرەوە نەبووە. برینداری چەکی کیمیاویش هەیە پێویستی بە چارەسەرە لە دەرەوە و ناوی نیە و لەسەر گیرفانی خۆی دەچێت بۆ چارەسەرکردن."

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە لە ئێستادا ڕێکارە کارگێڕیەکانی بۆ بریندارەکان گرتووەتە بەر، تا ئەو کەسانەی دەستنیشانکراون لە دەرەوەی وڵات نەشتەرگەری چاندی گلێنەی چاویان بۆ بکرێت. هۆکاری ناردنەدەرەوەیان ئەوەیە کە پزیشکی تایبەتمەند بە نەشتەرگەرییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق نییە.

Your browser doesn’t support HTML5

فەرحان هەورامانی/ بریندارانی چەکی کیمیایی