جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و نوێنەرانی حەماس لە مۆسکۆ کۆبوونەوە 

شاندێکی حەماس و کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە، 26ی مانگی دە سەردانی مۆسکۆیان کرد بۆ دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا، ئەمەش لە کاتێکدا کە شەڕی نوێی نێوان حەماس و ئیسرائیل ڕۆژی هەینی هەفتەی سێهەمی خۆی تێدەپەڕێنێت.

ئاژانسی هەواڵی تاسی دەوڵەتی ڕووسیا، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی لە مۆسکۆ چاوی بە نوێنەرانی حەماس کەوت.

گوتیشی "ئێران لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەدا باسی ئاگربەست و پێشکەشکردنی پشتیوانی مرۆیی بۆ غەززە کردووە."

تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا نوێنەرانی ڕووسیا، ئێران و حەماس هەموویان ڕۆژی پێنجشەممە پێکەوە کۆبوونەتەوە یان نا. دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی ڤلادیمێر پوتین ڕایگەیاند کرێملین هیچ وتووێژێکی لەگەڵ حەماس لە مۆسکۆ ئەنجام نەداوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕەخنەی لە بڕیارەکەی ڕووسیا بۆ بانگهێشتکردنی نوێنەرانی بزووتنەوەی حەماس بۆ مۆسکۆ گرت و ئەو کارەی بە "کردەوەیەکی پشتیوانی لە تێرۆر" ناوبرد و داوای کرد شاندەکەی حەماس لە ڕووسیا دەربکرێت. کرێملین پێشتر ڕایگەیاندبوو مۆسکۆ بە پێویستی دەزانێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بپارێزێت.

ئەمە یەکەم سەردانی بەرپرسانی ئێران و سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسە بۆ ڕووسیا لە سەرەتای هێرشی نوێی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە بووە هۆی کاردانەوەیەکی توندی ئیسرائیل لە دژی حەماس لە کەرتی غەززە.

سەرۆکی شاندی حەماس لەم گەشتەی ئێستا بۆ مۆسکۆ، موسا ئەبو مەرزوقە کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی حەماس و هەروەها سەرۆکی شاندی کۆماری ئیسلامیش، عەلی باقری، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانە.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی حکومەتی ئێران، موسا ئەبو مەرزوق لە دیدارەکەی لەگەڵ عەلی باقری و باڵیۆزی ئێران لە مۆسکۆ "پشتگیریی ئێرانی بە بەرز نرخاندووە."

هەرچەندە ڕووسیا سەرقاڵی شەڕی ئۆکرانیایە، بەڵام هێشتا هەوڵدەدات ڕۆڵێکی سەرەکی لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێتە ئەستۆ. پوتین لە سەرەتای ئەم مانگەدا ڕایگەیاند کە مۆسکۆ دەتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت بەهۆی پەیوەندییە دۆستانەکانی لەگەڵ هەردوو لایەنی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و ئاماژەی بەوەشکرد کە "کەس ناتوانێت گومانمان لێبکات کە لەگەڵ لایەنێکدا دادەنیشین."

بەڵام ئەمەریکا گومانی لە جموجۆڵەکانی ڕووسیا لەم بارەیەوە هەیە. باڵیۆز لیندا تۆماس گرینفیڵد، نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی پرۆژە بڕیارێکی ڕووسیا لە پەیوەست بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، وتی مۆسکۆ بە مەبەستێکی خراپ ئەو پرۆژە بڕیارەی خستووەتە بەردەمی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

سەرچاوە/AP