ئارمیتا گەڕاوند، ئەو خوێندکارە نەوجەوانەی خەڵکی کرماشان کە ماوەیەک پێش ئێستا لە میترۆی تاران لەهۆش خۆی چوو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 28ی ئەم مانگە دوای 28 ڕۆژ لەمانەوەی لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.
ئیرنا، ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆچی دوایی ئارمیتا، ئەو خوێندکارە تەمەن 16 ساڵانەی ڕاگەیاندووە.
ڕادیۆ فەردا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە کە تەرمی ئارمیتا گراوند هێشتا لە نەخۆشخانەیە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.
ئەو ئاژانسە هەواڵییە لە زاری ئەندامێکی بنەماڵەی ئارمیتاوە کە نەیویستوە ناوی ئاشکرا بکرێت، نووسیوێتی ئەندامانی بنەماڵەی ئارمیتا لە تاران دەژین، بەڵام ئەوان مردووەکانیان لە تاران نانێژین و بۆیە هیوادارن تەرمی ئارمیتا وەربگرنەوە بۆ ئەوەی لە زەیدی خۆی بینێژن.
ڕادیۆ فەردا دەشڵێت " بەرپرسانی ئاسایش بە بنەماڵەی ئارمیتایان وتووە کە ڕێگا بە گواستنەوە و ناشتنی ئارمیتا لە گوندەکەیان نادەن و بە مەرجێک تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکەن کە لە تاران بە خاک بسپێردرێت."
لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆمەڵێک خەڵکیان لە میترۆکانی تاران بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان و کچانی دژ بە حیجابی زۆرەملێ جێگیر کردووە.
ئاژانسە هەواڵییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئارمیتا گەڕاوەند بەهۆی دابەزینی پەستانی خوێنەوە هاوسەنگی خۆی لەدەست داوە و سەری لە پشتەوە بەر لێواری دەرەوەی وێستگەکە کەوتووە و هەر بۆیە لە هۆش خۆی چووە.
دوای داواکاری ڕای گشتی بۆ ڕوونکردنەوە لەسەر چۆنییەتی ڕووداوی بێهۆش بوونی ئارمیتا، بەرپرسانی ئێران کۆمەڵێک ڤێدیۆی ناو مێترۆیان بڵاو کردەوە کە تەنها کاتی چوونەوە ژوورەوەی ئارمیتا بۆ ناو مێترۆکە و هەروەها کاتی دوای بێهۆش بوونەکەی پیشان دەدات. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە ڤیدیۆکە " دەستکاری کراوە " و چەند خولەکێکی لێ هەڵگیراوە.
هاوکات لەگەڵ وروژاندنی پرسیار و گومان سەبارەت بەوەی چی بەسەر ئارمیتا گەڕاوەندا هاتووە، ڕۆژنامەی گاردیانی لەندەن بە گێڕانەوەی دوو شایەتحاڵی ڕووداوەکە، ڕایگەیاند کە ئارمیتا بە هۆی لێدانی بریکارێکی حیجابی زۆرەملێوە بێهۆش بووە.
دوو شایەتحاڵی ڕووداوەکە بە ڕۆژنامەی گاردیەنیان گوتبوو "هەر کە ئارمیتا سواری میترۆکە بوو، ژنێکی بەرپرسی جێبەجێکردنی حیجابی زۆرەملێ بە هۆی حیجابەکەی ئارمیتاوە دەستیکرد بە دەمەقاڵە لەگەڵیدا و هاواری بەسەردا کرد و گوتی بۆچی قژت دانەپۆشیوە و ئارمیتاش وەڵامی دایەوە و گوتی مەگەر من داوا دەکەم کە تۆ لەچکەکەت لەسەر لابەی کە تۆ داوا دەکەیت من لەچک لەسەر بکەم و هەر ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی ئەوی بریکاری حکومەتی ئێران هێرش بکاتە سەر ئارمیتا و پاڵی پێوەبنیات."
ئەو شایەتحاڵانە هەروەها بە گاردیەنیان ڕاگەیاندبوو "هەمان ئەو ژنە کە لەسەر حیجاب پاڵی بە ئارمیتاوە ناوە، کاتێک بەشی فریاکەوتن بۆ گواستنەوەی ئارمیتا هاتووە، لە تەنیشت دەرگای ئەمبولانسەکەوە بووە."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای میترۆی تاران ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە ئەگەری تێوەگلانی بەرپرس و کارمەندانی میترۆی لە ڕووداوەکەدا ڕەتکردبووە و جەختی لەوە کردبووە کە ئەو خوێندکارە کچە بە هۆی دابەزینی فشاریەوە بێهۆش بووە.