بەرپرسێکی عێراقی: کاروانێکی بارهەڵگر لە عێراقەوە بەرەو سوریا ڕویشتووە و لەلایەن فڕۆکەی نەناسراوەوە بۆردومانکراوە

خاڵی سنووری قائیم

بەرپرسێکی سنووری عێراق دەڵێت فڕۆکەی نەناسراو کاروانێکی بارهەڵگریان بۆردومانکردووە کە لە دیوی عێراقەوە بەرەو سوریا ڕۆیشتبوو، وە لە ئاکامدا ژمارەیەک لە بارهەڵگرەکان زیانیان پێگەیشتووە.

بەرپرسەکە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، کاروانەکە لە 10 ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر پێکهاتبوو و ڕۆژی شەممە لە دەروازەی سنووری قائیمەوە لە عێراقەوە چوونەتە ناو سوریا. شەوی یەکشەممە چەند جارێک کاروانەکە بۆردومانکراوە و ژمارەیەک لە بارهەڵگرەکان تێکشکاون.

ئەو دەروازە سنوورییە نزیکە لە شارۆچکەی ئەلبوکەمالی سوریا. هەروەها دەکەوێتە نزیک ئەو دوو دامەزراوەیەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی بۆردومانی کردن. ئەمەریکا دەڵێت ئەو دوو دامەزراوەیە لە لایەن پاسدارانی ئێران و ئەو گروپانەی پشتیوانیان دەکات بەکاردەهێنرێن.

پەنتاگۆن ڕایگەیاند، هێرشی سەر ئەو دوو دامەزراوەیە لە وەڵامی زنجیرەیەک هێرش بوون کە کرانە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا.

لە لایەکی دیکە، دوو سەرچاوە لە میلیشیا عێراقییەکان ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند، فڕۆکەی نەناسراو باڵەخانەیەکیشیان لە نزیک ئەلبوکەمال کردووەتە ئامانج کە لە لایەن ملیشیاکانەوە بەکاردەهێنرا.

هەردوو سەرچاوەکە ئاماژەیان بەوەشکرد، چەکدارانی میلیشیاکانیان لە ڕۆژی شەممەوە باڵەخانەکەیان چۆڵکردبوو و هیچ هەواڵێک نییە باس لە زیانی گیانی بکات.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز نەیتوانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕوودانی ئەو هێرشانە پشتڕاست بکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز