بەرپرسێکی ڕێکخراوی کۆمیتەی داکۆکی لە ڕۆژنامەوانان، CPJ، لە چاوپێکەوتنێکی دەنگی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، لە میانی سەردانێکی مەیدانیاندا بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ چەندین ڕۆژنامەنووس و لایەنی پەیوەندیدار و بەرپرس، ئەو ئەنجامەیان پێگەیشتووە کە "هەرگیز " ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێم بە ئەندازەی ئێستا خراپ نەبووە و ڕەوشەکەش بە ئاقارێکی نەرێنیدا دەڕوات.
لە ماوەی ڕابردوودا تیمێکی CPJ کە پێکهاتبوو لە هەریەکە لە لوقمان فەتاحی بەرپرسی داکۆکی لە ڕۆژنامەوانان لە ڕێکخراوەکە لە ئەمەریکا و دۆجە داود، پەیامنێر و نوێنەری CPJ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ بەشێکی فراوان لە ڕۆژنامەنووسان و کەسوکاری ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ڕابردوودا تیرۆر کراون کۆبوونەوە.
لە بارەی سەردانەکەیان، لوقمان فەتاقی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند،"ئەو سەردانەمان کرد بۆ هەرێمی کوردستان تا لە هەڵەبجەوە تا دەگاتە دهۆک لە زاری ڕۆژنامەوانان خۆیانەوە ڕاستییەکان ببیستین؛ جا ئەو پەیامەی لە ڕۆژنامەوانان و نێوەندە میدیاییەکانەوە پێمان گەشت ئەوەبوو کە ڕەوشی ئازادی ڕاگەیەندن هەرگیز بەم شێویە، وەک ئێستا خراپ نەبووە و ڕەوشەکە بە ئاقارێکی نەرێنیدا دەڕوات."
لوقمان فەتاقی ڕایگەیاند، داوایان لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کردووە دۆخەکە پێچەوانە بکەنەوە و هەوڵی ڕەخساندنی ژینگەیەک بدەن کە ببێتە یارمەتیدەر بۆ ڕۆژنامەوانان بۆ ئازادی کاری ڕاگەیاندن.
وتیشی، "3 ڕۆژنامەوان ئێستا لە زیندانن؛ شیروان شیروانی، گۆهدار زێباری و هەروەها قارەمان شوکری. لەئەمساڵدا سزاکان درێژکرانەوە لەسەر شیروان شیروانی و گۆهدار زێباری؛ ئەو دوو بڕیارە بەلای ئێمەوە کێشەی ڕاستەقینەن و بەلای ئێمەوە وەک تۆڵەکردنەوەی زیاترە لە ڕۆژنامەوانان. سەردانی تیمی سی پی جەی بۆ هەرێمی کوردستان، دەرفەتێک بوو تا داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم بکەین تا بەبێ هیچ دواخستنێکی تر ئەو ڕۆژنامەوانانە ئازاد بکرێن."
ئەمڕۆ دووشەممە، 30-10-2023، بەشدار حەسەن، پارێزەرێکی گیراوانی بادینان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای تەمیزکردنەوە، سزای زیندانیکردنی شێروان شێروانی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە چوار ساڵەوە بۆ دوو ساڵ کەمکراوەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، سلێمان ئەحمەد هەواڵساز لە بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، ماوەی پێنج ڕۆژە لە هەرێمی کوردستان چارەنووسی نادیارە، لە کاتێکدا سڵێمان هەوڵی داوە لە فیش خاپوورەوە هەوڵی داوە داخڵی هەرێمی کوردستان ببێت.
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک ئەو نیگەرانییەی ڕەتکردۆتەوە کە گوایە ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێم ئاستەنگی خراوەتە پێش.
دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە وەڵامی لوقمان فەتاقی بە دەنگی ئەمەریکای وت،"هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕە و پێشتریش چەندین جار ڕاگەیەندراومان بڵاو کردۆتەوە و لەو سەردانەشیاندا لەگەڵیاندا دانیشتووین، پێمان وتوون تێبینیتان لەسەر کام کەیسەی ڕۆژنامەنووسان هەیە دەتوانن خۆتان لێکۆڵینەوەی لە بارەوە بکەن."
مانگی هەشتیش لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، دیندار زێباری ڕایگەیاند دادگاکان دەسەڵاتی سەربەخۆن و "بۆ هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی نییە دەستێوەردان بکات لە پڕۆسەی دادگاییکردنی سەربەخۆ کە یەکێکە لە پایە سەرەکیەکانی سیستەمێکی دیموکراسی تەندروست و حکومەتی هەرێم داکۆکی لێدەکات."
بە پێی ڕاپۆرتی میترۆ بۆ ساڵی 2022، پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە دهۆک لە بەرزترین ئاستدایە و دواتر هەولێر و سلێمانی دێن کەمترینیش لە شاری هەڵەبجە بووە، بەڵام لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا لە شاری سلێمانی لە ئەنجامی خۆپیشاندانێکدا ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران و پێشێلکاریان بەرامبەر کرا.
لەو بارەیەوە بەرپرسەکەی CPJ بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، "چۆنییەتی ڕەفتاری دەسەڵاتداران بەرامبەر ڕۆژنامەوانان لە بواری کارکردندا، وەک ڕەشبگیرییی و هێشتنەوەی ڕۆژنامەوان بۆ ماوەیەک لە گرتوخانەکاندا، دەستبەسەردا گرتن و پشکنینی ئامێرەکانی ڕۆژنامەوانان کە بەکاریان دەهێنن ئەمە بەگشتی دیمەنێکی ئەرێنی نییە لە ڕوانگەی ئاڕاستەکەی ئازادی ڕاگەیاندنەوە. داوامان لە کاربەدەستانی هەڵبژێردراو و ڕێبەرانی سیاسیش ئەوەیە کە ئەو ڕەوشە پێچەوانە بکەنەوە و هەوڵی ڕەخساندنی ژینگەیەک بدەن کە ببێتە یارمەتیدەر بۆ ڕۆژنامەوانان و بۆ ئازادی کاری ڕاگەیاندن."
ڕێکخراوەکە یاسا بەردەستەکانی حکومەتی هەرێم بۆ کاری ڕۆژنامەنگەری بە "باش" وەسفدەکات و دەڵێت ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، ڕۆژنامەنووسان پارێزراو دەبن لە هەرێمدا.
لوقمان فەتاحی دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی باش هەیە وەک نوسراو کە یاسای ڕۆژنامەوانیی ساڵی 2007ە، بەڵام ئەوەی لە ڕۆژنامەوانەکان و دەزگا میدیاییەکانەوە بیستمان ئەوەیە کە دەسەڵاتداران ئەو یاسایە جێبەجێناکەن."
Your browser doesn’t support HTML5