ناتانیاهۆ داوای ئاگربەست لە شەڕی دژ بە حەماسدا ڕەتدەکاتەوە

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داواکانی جیهان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە هەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەکدارانی حەماس لە غەززە ڕەتدەکاتەوە.

نەتانیاهۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند داواکارییەکان بۆ ئاگربەست “داواکارین بۆ ئەوەی ئیسرائیل خۆی ڕادەستی حەماس بکات، خۆی تەسلیم بە تیرۆر و تەسلیم بە بەربەرییەت بکات”.

هەروەها ناتانیاهۆ زیادبوونی داواکاییەکانی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی ڕەتکردەوە بەهۆی هێرشە کتوپڕەکەی حەماس کە بووە هۆی کوژرانی 1400 ئیسرائیلی.

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە دوای هێرشەکەی حەوتی مانگی دە لەلایەن چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر باشووری غەززە بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی مرۆیی لە ناوچە قەرەباڵغەکەی فەلەستین.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین کە سەر بە بزووتنەوەی حەماسە، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند زیاتر لە هەشت هەزار و 300 کەس لە هێرشە ئاسمانییەکان کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن. گروپی مرۆیی ڕزگارکردنی منداڵان دەڵێت، زیاتر لە سێ هەزار منداڵ لە شەڕەکەدا کوژراون.

فیلیپ لازارینی، سەرۆکی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی ناسراو بە UNRWA، ڕۆژی دووشەممە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند، هەڵمەتی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە "سزایەکی بە کۆمەڵە" دژی فەلەستینییەکان بە گشتی.

لازارینی وتیشی "خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە غەززە بەرەو داڕمان دەچن، دەرمان، خۆراک، ئاو و سووتەمەنیش وا بەرەو نەمان دەچن، شەقامەکانیش پڕن لە ئاوەڕۆ."