کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پرۆژە بڕیارێکیان خستووەتە بەردەم کۆنگرێس کە داوای یارمەتیدانی ئیسرائیل دەکات بە بەهای 14.3 ملیار دۆلار.
ئەم پرۆژە بڕیارەی کۆمارییەکان پاش ئەوە دێت کە سەرۆک جۆو بایدن داوای کردبوو ئیسرائیل و ئۆکرانیا پێکەوە یارمەتی بدرێن بە بەهای 106 ملیار دۆلار، بەڵام زۆرێک لە کۆمارییەکان لەگەڵ ئەوەدا نین و پێیان باشە هەر یەکە لەو دوو وڵاتە بە جیا یارمەتییان پێشکەش بکرێت.
مایک جۆنسن، ئەندامی کۆماری، هەفتەی ڕابردوو بەر لەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بگرێتەدەست، لە دژی یارمەتیدانی ئۆکرانیا دەنگی دا و وتی دەیەوێت بە جیا مامەڵە لەگەڵ هەردوو پرسی یارمەتیدانی ئیسرائیل و ئۆکرانیا بکرێت. دەشڵێت دەبێت پشتگیریکردنی ئیسرائیل لە پێشینەی کارنامەی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ببێت.
هاوکات کۆماریش هەن زۆر بە توندی پشتیوانی لە یارمەتیدانی ئۆکرانیا دەکەن، لەوانە سیناتۆر لیندزی گرام.
چاوەڕواندەکرێت ئەم پرۆژە بڕیارەی کۆمارییەکان ڕۆژی چوارشەممە لە لایەن کۆمیتەیەکی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تاووتوێ بکرێت.
هەرچەندە کۆمارییەکان زۆرینەن لە ئەنجومەنی نوێنەران و دەتوانن پرۆژەکە پەسەند بکەن، بەڵام هێشتا دەبێت لە ئەنجومەنی سیناتیش پەسەندبکرێت کە دیموکراتەکان تیایدا زۆرینەن. دواتر پێویستە سەرۆک بایدن واژوی بکات هەتا بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت.