پرسی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانی ڕۆژ نیوز، سلێمان ئەحمەد لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بووتە پرسێکی گەرم بۆ ڕای گشتی.
لە ساڵی 2018ەوە بنەماڵەی سلێمان ئەحمەد لە عەفرینەوە ڕوویان لە گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەب کردووە.
دایکی سولەیمان، سوڵتان ئەحمەد لە ڕێگەی دەنگی ئەمەریکاوە داوای ئازادکردنی کوڕەکەی دەکات.
ڕۆژی چوارشەممە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کرد، شوێنی ڕۆژنامەنووسی سوری سلێمان محەمەد ئەحمەد ئاشکرا بکەن و ئازادی بکەن.
یەکێتی ڕۆژنامەوانی ئازاد (YRA) کە سلێمان ئەحمەد یەکێکە لە ئەندامان، لە بەیاننامەیەکدا دەستگیرکردنی 'سلێمان'ی شەرمەزار کرد و داوای ئازادکردنی کرد.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری YRA، جانێ غەمگین ڕایگەیاند، پەیوەندییان بە بەرپرسی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستانەوە کردووه و داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەوانەکەیان کردووە.
غەمگین داوای لە هەموو ئەو دەزگا و ڕێکخراوانە کرد کە کار بۆ پاراستنی ڕۆژنامەوانان دەکەن، دەنگی خۆیان لە دژی دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد بەرز بکەنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆژنیوز، ئەحمەد لە 1ی مانگی دە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەردانی خێزانەکەی چووەتە ڕۆژئاوا و دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 25ی مانگ لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە دەستبەسەر کراوە.
ڕۆژنیوز ئاماژەی بەوەشکرد "دوای هەفتەیەک لە دەستبەسەرکردنی ئەحمەد، پۆلیسی دهۆک لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕۆژنامەوانییەوە نییە و هەڕەشەی سزادانی لێکردووە".
هاوپیشەیەکی سلێمان لە ئاژانسی ڕۆژ نیوز مەروان ئۆزدەمیر بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە کە لێدوانەکانی هێزە ئاسایشییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دەستگیرکردنی سلێمان ڕاست نین و دەستگیرکردنی هاوپیشەکەیان نایاساییە.
هاورێ و هاوپیشەکانی ئەحمەد و خانەوادەکەی ئەو لێدوانەی ئاسایشی دهۆک ڕەتدەکەنەوە و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن ئازادی بکەن.
Your browser doesn’t support HTML5