هەرچەندە کورد یەکێکە لە نەتەوە سەرەکییەکانی پێکهاتەی گەلانی ئێران، بەڵام هێشتا زمانەکەی لە کوردستانەکەشی وەک زمانێکی دووەم دانانرێت و پشتگوێ خراوە، ئەمەش مەترسی ئەوەی لێدەکرێت کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەکارهێنانی زمانی کوردی کەمترببێتەوە، بەو پێیەی هەتا دێت و ڕێژەیەکی زیاتری دانیشتوان ڕوو لە خوێندن دەکەن و بە زمانی ڕەسەنی خۆیان ناخوێنن و دەکەونە ژێر کاریگەری زمانێکی دیکە و سەرئەنجام هۆکارێک دەبێت بۆ دورکەوتنەوە لە فەرهەنگ و کلتوری کوردی. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا زۆرێک پێیان وایە دەکرێت کارێگەرییەکانی ئەو دۆخە کەمتربکرێنەوە بە هەوڵی ڕۆشنبیران و خوێندەوارانی کورد و تەنانەت لایەنە سیاسییە کوردییەکانیش دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لەم بوارەدا ببینن.
دەپرسین:
دۆخی ئێستای کورد لە ڕووی زمان و کلتوردا لە چ ئاستێکدایە؟
ڕۆشنبیرانی کورد چ هەوڵێکیان داوە بۆ پاراستنی زمانی کوردی؟
لایەنە سیاسییە کوردییەکان دەتوانن چ ڕۆڵێک لەم بوارەدا هەبێت؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ هەڵسەنگاندێک بۆ دۆخی زمان و کلتوری کوردی لە ئێراندا کرا بە میوانداری:
شلێر باپیری، ڕۆژنامەوان و چالاکوانی ژنان.
قادر وریا، مامۆستای زمانی کوردی لە زانکۆی کۆیە.
مەنسور مروەتی، ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.
Your browser doesn’t support HTML5
شلێر باپیری:
"لە دوای شۆڕشی ژینا، دۆخی سیاسی و ئابوری کورد لە ڕۆژەهەڵات زۆر خراپە و بە هەموو شێوەیەک فشارێکی زۆر لەسەر کوردستان دانراوە، هەر لە کوشتنی کۆڵبەران و زیندانیکردنی ئازادیخوازن، بە تایبەت لە دوای شۆڕشی ژینا ئەمینی کۆماری ئیسلامی ئێران بە چاوێکی جیاوازتر و پڕ کینە سەیری کوردستان دەکات و توندترە وە فشاری زیاتری خستۆتە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چونکە کوردەکان زیاتر هۆشیارن لەسەر مافەکانی خۆیان، بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانێت ئەگەر ڕۆژێک شۆڕش دژی ڕژێمەکە سەرهەڵبدات لە کوردستانەوە دەبێت و هەروەک شۆڕشی ژینا لەوێوە سەریهەڵدا."
"دۆخی ژن ئەگەرچی لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە باش نییە، چونکە لە بواری پەروەردەییەوە کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر کاری لەسەر کردووە و دەکات، وە لە هەمانکاتدا کۆمەڵگای کوردیش کۆمەڵاگایەکی پیاو سالارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین ژن سەرمەشقی شۆڕشی ژینا ئەمینی بوون، دروشمی ژن، ژیان، ژیان، یان بەرزکردەوە و بە تەنهاش شەڕی مافەکانی خۆیان دەکەن تا ئێستا."
"تا ئەو دەمەی کۆماری ئیسلامی بە زۆرە ملێ و لە ژێر زەبردا حیجابی زۆرە ملێ بەسەر ژناندا بسەپێنێ، ئێمە ناتوانین باسی هەل و دەرفەت و پاراستنی مافی ژن لە ژێر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری بکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆشبینم بە کۆمەڵگای کوردی و ژنی کورردی لە ڕۆژهەڵات ئەگەرچی ئەو هەموو فشارەیان لەسەرە، بەداخیشەوە ئەمساڵ کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەفەوە زۆربووە."
قادر وریا:
"زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەراوێزخراو و ڕێگەپێنەدراوە بە فەرمی و ڕێگەیان پێنادرێت لە خوێندن و پەروەردە بەکاربهێنێت ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکەکە بەهۆی هۆشیاری نەتەوەیی خۆییەوە زمانەکەی پاراستووە و ئێستا دووەم زمانی نووسینە لە ئێراندا لەگەڵ ئەوەی بە فەرمی نەناسراوە بەڵام خەڵکەکە بۆخۆی بەکاریدەهێنت لە قسەکردن و نووسین و بڵاوکراوەدا، بەڵام لە ڕۆژهەلاتی کوردستان فێرگەی نافەرمییان پێکهێناوە کە هەزاران کەس خۆبەخشانە خەڵکەکە فێری زمانی کوردی دەکەەن بە نووسین و خوێندنەوە وە خانەوادەکانیش بۆخۆیان زمانی کوردی بەکاردەهێنن."
مەنسور مروەتی:
"لە پاڵ ئەرکە سیاسییەکە و خەباتەکەیدا، حزبی دیموکرات بە درێژایی هەشتا ساڵ لە ڕووی پاراستنی زمان و کلتور و فەرهەنگی کوردی ڕۆڵی بینیووە، هەر لە ناوخۆی حزبی کوردیدا لەگەڵ ئەرکی پێشمەرگایەتی و سیاسی دەیان کەسی ئەدیب لە ناو حزبی دیموکراتدا هەڵکەوتووە و خزمەتییان بە کلتور و زمان و فەرهەنگی کوردی کردووە، زمانی کوردی و حزبی دیموکرات دووانەیەکی لێکدانەبڕاون، وە بەردەوام هانی کۆمەڵگای کوردمان داوە کە ڕێز لەکلتور و فەرهەنگی کورد و ژن بگرن."
"لە ناو حزبی دیموکراتدا بە کوردییەکی ڕەوان قسە دەکرێت کە دەتوانم بڵێم دەکرێت ببێتە زمانی فەرمی لە ڕۆژهەڵات و تەنانەت لە باشوری کوردستانیش ئەو جۆرە زاراوە و نووسینە کوردییە."