لە تەقینەوەیەکدا سەربازێکی تورکیا لە شاری وان گیانی لەدەستدا

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە، لە ئەنجامی تەقینەوەیەک، یەکێک لە سەربازەکانیان لە شارۆچکەیەکی سەر بە وان گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، کاتێک زرێپۆشەکە لەسەر جادەی شارۆچکەی ئەلباک لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆیدا بووە، بۆمبێکی چێنراو کە لەلایەن ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر ڕێگاکە دانراوە بە زرێپۆشەکەدا دەتەقێتەوە.

وەزارەتەکە لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردەوە، سەربازەکەیان بەناوی سامەت بەکتاش لە شوێنی ڕووداوەکە بە سەختی بریندار بووە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، " ڕۆژی شەممە لە ناوەڕاستی شاری وان کاتێک زرێپۆشێک لە ئەرکی خۆیدا بووە بۆمبێکی چێنراو کە لەلایەن ئەندامانی وەک خۆی دەڵێت "ڕێکخراوی تیرۆریستی" پەکەکە چێنرابوو بە زرێپۆشەکەدا تەقیەوە و بووە هۆی برینداربوونی هەڤاڵە قارەمانەکەمان و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە."

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، پەکەکە هیچ لێدوانێکی سەبارەت بەم بانگەشانەی وەزارەتی بەرگری تورکیا نەداوە.

جەودەت یەڵماز جێگری سەرۆکی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و پرسە و سەرەخۆشی خۆی لە بنەماڵەی بەکتاش کرد.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی شەممە سوپای تورکیا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر باکووری عێراق ئەنجامدا و 15 پێگەی شەڕڤانانیان کردووەتە ئامانج.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، لە هێرشەکاندا ئەشکەوت و پەناگە و کۆگاکان کراونەتە ئامانج کە پێدەچێت چەکدارەکانی پەکەکە خۆیان تیادا حەشاردا دابێت و باس لەوەش کراوە کە هێرشەکە لە ناوچەی خاکورک لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دراوە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتەکە "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا هەزار و 802 ئەندامی پەکەکە لە تورکیا و سوریا و عێراق کوژراون و بەو داتایانەشەوە لەوەتای 24ی مانگی حەوتی 2015 ژمارەکە گەیشتووەتە 39 هەزار و 145 کەس".