ئەمەریکا ناچارکردنی جووەکان لەلایەن ئێران بۆ خۆپیشاندان لە دژی ئیسرائیل بە هەڵوێستێکی"قێزەون" ناودەبات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ناچارکردنی ئاشکرای کەمینە جووەکانی لەلایەن ئێران بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە دژی ئیسرائیل بە هەڵوێستێکی "قێزەون" ناوبرد کە لە پێنج شاری ئێران لە ڕۆژی 30 ی مانگی دە ئەنجام درا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ئیمێڵێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا ناردووە و ڕادەگەیەنێت کە "بەڕێوەبەرایەتی بایدن ئاگاداری ئەو هەواڵانەن کە دەسەڵاتدارانی ئێران "ڕێبەرانی جووەکانی ئێران و پێکهاتەکانیان ناچارکردووە" بەشداری ناڕەزایەتییەکان بکەن.

ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی کە لەلایەن پێنج دەزگای هەواڵی دەوڵەتی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە و دەنگی ئەمەریکاش پێداچوونەوەی بۆ کردووە، دەرکەوتووە کە سەدان لە جووەکانی ئێران بەشداریان لە گردبوونەوەکانی دژ بە ئیسرائیل لە تاران کردووە کە شوێنی گەورەترین کۆمەڵگەی جووەکانی ئێرانە، هەروەها لە شارەکانی شیراز، ئەسفەهان، یەزد و کرماشانیش. گردبوونەوەکان بریتی بوون لە گردبوونەوە و وتاردان لە ناوەوە و دەرەوەی کنشت و ڕژانە سەر شەقامەکان کە دروشمی دژ بە ئیسرائیلیان دەوتەوە.

دوایین ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بە ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی کە لە مانگی 5 دا بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بە کۆمیتەی جووەکانی تاران کردووە و ڕایگەیاندووە؛ نزیکەی 9 هەزار جوو لە ئێران نیشتەجێن. هەروەها ئاماژەی بە ئەندامێکی کۆمەڵگەکە کردووە کە ناوی نەهێنراوە و لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا لە ساڵی 2021دا ژمارەی جووە نیشتەجێکانی ئێرانی بە 20 هەزار کەس خەمڵاندووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ئیمەیڵەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر لەو کاتەوەی پیاوانی ئاینی شیعە دژی بوونی ئیسرائیلن و لە ساڵی 1979 ەوە دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە جووەکانی ئێران وەک کەمینە ئایینیەکانی دیکە لە ساڵی 1979ەوە بەرگەی جیاکاری و چەوسانەوەیان گرتووە. هەروەها لە ئیمەیڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێران لە خراپترینەکانە بۆ پێشێلکارانی ئازادی ئایینی لە سەرانسەری جیهاندا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەردەوام بۆچوونی دژە جوو بڵاودەکەنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "جێگای سەرزەنشتە کە دەڵێن ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە گوشارەکانی بۆ سەر لایەنە مەزهەبییەکان و برەودان بە پڕوپاگەندەکانیان. وتەبێژەکە بە ئاماژەدان بە جەنگی حەماس و ئیسڕائیل دەڵێت "ئیستغلالکردنی ئاشکرای ئێران بۆ ئەم شەڕە دیارە بۆ برەودان بە سەرکوتکردن و پڕوپاگەندەکانی دژی کۆمەڵگە جووەکانی ئەو وڵاتە، بابەتێکی قێزەونە".

ئاژانسەکانی هەواڵی دەوڵەتی ئێران IRIB، وIRNA، وISNAو فارس نیوز و مێهر نیوز هەموویان پەیامنێری خۆیان بۆ گردبوونەوەکانی دژە ئیسرائیل لە 30ی مانگی دە نارد و هەستاون بە وێنەگرتن وسازدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ بەشداربوواندا.

لە گردبوونەوەکەدا لەناو کنشتی سەرەکی یوسف ئاباد لە تاران، حاخامێکی بەناوبانگ یەهودا جێرامی لە کۆبوونەوەیەکی زیاتر لە 100 نوێژخواندا وتی کە پێویستە خۆیان لە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان بەدوور بگرن، کە بە وتەی خۆی "خۆیان بە جوو دەزانن و تاوان لە فەلەستین ئەنجام دەدەن".

یونس حەمامی لالەزار، حاخامێکی دیکەی ناوداری ئێرانیش لەو کنشتەدا قسەی کرد و بەهۆی "کوشتنی خەڵکی بێتاوانی غەززە" ئەو شەڕەی بە تاوانەکانی "ڕژێمی زایۆنیستی" ناودێرکرد کە زاراوەیەکی سووکایەتیکردنە بە ئیسرائیل.

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە تەنیا ئەو شوێنانە دەکاتە ئامانج کە پێی دەڵێن شوێنە تیرۆریستییەکانی غەززە لە هەمانکاتدا دان بەوەدا دەنێت کە هێرشەکانیان بووەتە هۆی کوژرانی خەڵکی مەدەنی فەلەستینی کە بە وتەی خۆی حەماس وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریان دەهێنێت.

توێژەران و ڕۆژنامەنووسانی جووە تاراوگەنشینەکانی ئێران بە دەنگی ئەمریکایان ڕاگەیاندووە کە گردبوونەوەکانی 30 ی ئۆکتۆبەر یەکەمجارە کە جووەکانی ئێران بە قەبارەیەکی وا گەورە بەشداری ناڕەزایەتی دژ بە ئیسرائیل بکەن.

کارمێل مێلامێد، ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەرێکی جووی بە ڕەگەز ئێرانیە و ئەمریکاییە و دانیشتووی لۆس ئەنجلۆسە، ڕایگەیاندووە کە هەرگیز شیتی ئاوای نەیبینیوە "کە ڕژێمی ئێران بەو ئاستە نمایشی جووەکان دەکات و لە ژێر فشاردا بەکاریان دەهێنێت بۆ لێدوان بە مەبەستی پڕوپاگەندە". دەشڵێت هەڵسەنگاندنەکەی بەشێکی لەسەر بنەمای پەیوەندییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ جووەکانی ئێران داڕشتووە کە بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان شوناسیان ئاشکرا نەکراوە.

بێنی سەبتی، توێژەری فارسی ئیسرائیلی لە پەیمانگای توێژینەوەی ئاسایشی نیشتمانی زانکۆی تەلئەبیب، وتی جووەکانی ئێران لە شەڕی پێشووی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە دوو دەیەی ڕابردوودا لەلایەن حکومەتی ئێران و لایەنگرانی حکومەتی ئێرانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە بۆ سەر کاروبارەکانیان.

سەبتی وتیشی "بەڵام ئەمجارەیان، ململانێکان گەورەترە، بۆیە فشارەکان لەسەر جووەکانی ئێران زیاترە و ئەم هەنگاوە زۆر نائاساییە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئیسرائیل لە کنشتەکاندا، کە هێمای جوولەکایەتیبوونیانە". دەشڵێت "ئەوە هەوڵێکە بۆ مانەوە".

وێنەکانی گردبوونەوەکانی 30ی ئۆکتۆبەر کە لەلایەن ئاژانسەکانی هەواڵی دەوڵەتی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە کە جووەکانی ئێران لافیتە و تابلۆی دژە ئیسرائیلیان بە هەردوو زمانی فارسی و ئینگلیزییەوە بەدەستەوەیە کاتێک لە تاران و ئەسفەهان لەگەڵ کاروانی شەقامەکاندا دەڕۆیشتن و لە چوارڕێیانێکدا لە کرماشان وەستابوون. هەروەها هێمای هاوشێوە بە زمانی فارسی و ئینگلیزی لە کنشتەکانی شیراز و یەزد نمایشکراوە.

مێلامێد دەشڵێت میدیای دەوڵەتی ئێران ڕوماڵی بەرفراوانیان بۆ گردبوونەوەی جووەکان تەرخان کردووە بەشێکی بۆ ئەوەی ئێرانییەکان قەناعەت پێبکەن، کە زۆرێکیان لە ساڵانی ڕابردوودا ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئیسلامی، تەنانەت کەمینە بچووکە جووەکانی ئێران هەمان هەڵوێستی حکومەت لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە دەگرنەبەر.

بەڵام دەشڵێت وێنەکانی جووەکانی ئێران کە تابلۆی فارسی و ئینگلیزییان لەسەرە، پێدەچێت بینەرێکی دیکەی مەبەستداریان هەبێت کە ڕۆژئاوایە.

مێلامێد دەشڵێت ڕێژیم دەیەوێت پەیامێک بنێرێت کە "ئێمە لێرە ئەم جووانەمان هەیە کە لە ئێران دەژین و دەمانەوێت ئاگادارتان بکەینەوە کە ئەوان بارمتەیەکی ئەگەریین بۆ ئەوەی ئێمە بەو شێوەیەی کە ویستمان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین."

نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئێران لە نیویۆرک وەڵامی داواکاری دەنگی ئەمریکای نەدایەوە کە هەینی بە ئیمەیڵ ناردبووی بۆ لێدوان سەبارەت بە زۆر ناچارکردنی جووەکان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەی دژە ئیسرائیل.

شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979 و ساڵانی دوایی بووە هۆی ئەوەی کە دەیان هەزار لە جووە ئێرانییەکان لە وڵاتەکە هەڵبێن کە وەک ڕژێمێکی ئیسلامیی ستەمکار دەیانبینی، لە کاتێکدا ئەوانەی کە ماونەتەوە، هەندێک مافیان هەبووە وەک کەمینەیەکی ئاینیی دانپێدانراوی دەستوور لە بەرامبەردا بە ڕواڵەت دانیان بە دڵسۆزییاندا ناوە بۆ فەرمانڕەوا ئیسلامییەکانی ئەو وڵاتە.