میدیای دەوڵەتی ئێران کۆبوونەوەی نێوان خامنەئی و ئیسماعیل هەنییەی ڕێبەری حەماس لە تاران پشتڕاست دەکاتەوە

ئەم وێنەیە، کە لە لایەن ماڵپەڕێکی فەرمی نووسینگەی ڕێبەری باڵای ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئایەتوڵڵا خامنەئی، ڕێبەری باڵای ئێران، لە دەستە ڕاست، لەگەڵ ڕێبەری گرووپی چەکداریی فەلەستینی حەماس، ئیسماعیل هەنیە و جێگرەکەی، ساڵح ئاروری، لە تاران، دانیشتووە. چوارشەممە 21 ی مانگی شەشی 2023

ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئێران ڕۆژی یەکشەممە بڵاوی کردەوە کە ئایەتوڵا خامنەئی ڕێبەری باڵای ئێران لە تاران لەگەڵ ڕێبەری بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی، ئەو گروپەی کە تاران پشتیوانی لێدەکات، کۆبووەتەوە. ئەمەش هەواڵەش ڕۆژێک دوای ئەوەیە کە کاربەدەستێکی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام داوە.

میدیاکانی دەوڵەتی ئێران ڕایانگەیاندووە "ئیسماعیل هەنییە؛ خامەنەیی ئاگادار کردووەتەوە لە دواین پێشهاتەکانی کەرتی غەززە و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە و هەروەها پێشهاتەکانی کەناری ڕۆژئاوا."

شایەنی باسە ئیسماعیل هەنییە لە ساڵی 2019 ەوە لە نێوان قەتەر و تورکیادا نیشتەجێیە.

کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت پشتیوانی لە حەماس دەکات، بەڵام هیچ ڕۆڵێکی نەبووە لە هێرشە کتوپڕەکانی ئەو گروپە بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی ڕابردوودا.

کەناڵی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند "ئایەتوڵا خامنەئی خۆڕاگری ئەو و خۆڕاگری خەڵکی غەززەی بەرز نرخاند و نیگەرانییەکی زۆری لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی دەربڕی کە ڕاستەوخۆ لە لایەن واشنتۆن و بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژاواوە پشتیوانی دەکرێت."

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بە بێ ئەوەی زانیاری وردتر بخاتەڕوو لەسەر ئەوەی کەی ئەو دیدارە بەڕێوەچووە، ڕایگەیاند "خامنەئی وەک دەسەڵاتی باڵای ئەو وڵاتە "جەختی کردووەتەوە لەسەر سیاسەتی بەردەوامی تاران لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی خۆڕاگری فەلەستین لە دژی داگیرکەرانی زایۆنیست ".

دامەزراوە ڕۆحانییەکەی ئێران هۆشداری دایە ئیسرائیل لە "دەرئەنجامە مەترسیادارەکان" ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوام بن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز