ڕەمەزان قەدیرۆڤ: چەکدارانی پێشووی ڤاگنەر لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی چێچنیا مەشق و ڕاهێنان دەکەن 

رۆژی دووشەممە ڕەمزان قەدیرۆڤ ڕێبەری چێچنیا ڕایگەیاند؛ گرووپێکی گەورەی بەکرێگیراوانی پێشووی ڤاگنەری ڕووسیا دەستیان بە مەشق و ڕاهێنان کردووە لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی چێچنیا لە باشووری ڕووسیا.

ڤاگنەر ڕۆڵی دیار و بەرچاوی هەبوو لە هەندێک لە توندترین شەڕەکانی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، بەڵام داهاتووی ئەو گروپە کەوتە ژێر پرسیارەوە کاتێک یڤگنی پریگۆژین سەرکردەکەی لە مانگی 8 دا لە ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەدا گیانی لەدەستدا، ئەمەش دوای دوو مانگ لە سەرکردایەتیکردنی یاخیبوونێکی کورت لە دژی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بوو.

قەدیرۆڤ لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بڵاویکردووەتەوە، کۆمەڵێکی گەورە لە چەکدارانی پێشووی ڤاگنەر لەگەڵ (هێزە تایبەتەکانی ئەخمەت)ی خۆی مەشق و ڕاهێنانێکی چڕیان کردووە.

گوتیشی "دڵخۆشم کە ئەمڕۆ ڕیزەکانی یەکەی بەناوبانگی (ئەخمەت) کەوتوونەتە پاڵ ئەو چەکدارانەی کە ئەزموونی شەڕی بێوێنەیان هەیە و خۆیان وەک جەنگاوەرێکی ئازا و کارامە سەلماندووە".

دەشڵێت "دڵنیام لە شەڕەکانی داهاتوودا بە تەواوی لە ئاست ناوبانگەکەیاندا دەبن".

گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردۆتەوە کە میوزیکێکی ورووژێنەری لەگەڵدا بووە، سەربازەکان لە مەشقی شەڕکردندا دەردەکەون، لەنێویاندا هەندێکیان نیشانەی ڤاگنەریان لەسەر یەکپۆشی جلوبەرگەکانیان دیارە و دەمامکیان لەسەر دەموچاویان داناوە. قەدیرۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، مەشقەکان بریتین لە تەقەکردن و پزیشکی مەیدانی و مەشقکردن بۆ قەناس بەدەستەکان و دۆشکە و چەندین جۆری چەکی لەشکری و شارەزایی تەقەمەنییەکان و یەکەی تۆپهاوێژی.

تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کە چەند پیاوی ڤاگنەر بەشداری دەکەن یان دوای تەواوبوونی مەشقەکان هیچیان لەگەڵ هێزەکانی چێچنیا دەمێننەوە یان نا.

دوای مردنی پریگۆژین، کرملین ئەو تومەتانەی ڕەتکردەوە کە بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا کوژرابێت بۆ سزادانی لەپای یاخیبوونەکەی مانگی 7 ی ئەمساڵ. تا ئێستا ڕووسیا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بڵاو نەکردۆتەوە.

دواتر پوتن هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی چەکدارانی ڤاگنەر بخاتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و فەرمانی پێکردن سوێندی دڵسۆزیان واژۆ بکەن و کرێملینیش چەندینجار ڕایگەیاندووە کە ئەو گروپە وەک قەوارەیەکی یاسایی بوونی نییە.

ڕۆیتەرز