فەلەستینییەکان لە نێوەندی هێرشەکانی ئیسرائیل لە باکوری غەززە بەرەو باشور هەڵدێن

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند یەکێک لە کۆمپانیا سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی چەکی حەماسیان کردووەتە ئامانج لە کاتێکدا هێزەکانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەمینییان لە غەززە چڕ کردووتەوە و ئەو گرووپە چەکدارە بە ئامانج دەگرن.

بە گوتەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هاوکاتی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانیان لە شاری غەززە، خەڵکی مەدەنی فەلەستینی زیاتر لە باکووری غەززە بەرەو باشووری غەززە هەڵدێن.

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی کردووە کە ڕۆژی سێشەممە 15 هەزار کەس لە باکوری غەززەوە بەرەو باشور هەڵاتوون، کە سێ ئەوەندەی ئەو ژمارەیە کە ڕۆژی پێشوو ناوچەکەیان جێهێشتووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە قەرەباڵغیەکی زۆر لە باشووری غەززە و پەناگەکان ناتوانن ئەو کەسانەی تازە هاتوون بگرنەخۆ، بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی دوو لەسەر سێی ئەو دوو ملیۆن و 300 هەزار کەسەی لە غەززە دەژین، ئاوارەبوون و بەدەست خراپتربوونی بارودۆخی تەندروستی و کەمیی ئاو و سووتەمەنییەوە دەناڵێنن.

ماوەی دوو هەفتەیە هاوکارییە مرۆییەکان لە ڕێگەی میسرەوە دەگەنە غەززە، لەنێویاندا 81 بارهەڵگر ڕۆژی سێشەممە گەیشتوون. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت پێش دەستپێکردنی شەڕەکە، بە تێکڕا ڕۆژانە 500 بارهەڵگری یارمەتی بۆ غەززە دەچوونە غەززە.

ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشەکەی حەوتی مانگی دەی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە باشووری ئیسرائیل دەستی بە هێرشەکانی کرد بۆ سەر چەکدارانی ئەو گرووپە لە غەززە، دوای ئەوەی لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون. هەروەها حەماس نزیکەی 240 کەسی بە بارمتە گرت.