لە دیبەیتی کۆمارییەکاندا پاڵێوراوەکان پشتیوانی خۆیان بۆ ئیسرائیل دووپاتدەکەنەوە

پێنج کۆماری بە هیوای ئەوەی ببنە کاندیدی پارتەکەیان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی داهاتووی ئەمەریکا شەوی چوارشەممە مشتومڕێکی تری ڕاستەوخۆیان کرد و پشتگیریان بۆ ئیسرائیل دەربڕی لە شەڕەکەی دژی حەماس، لە هەمان کاتدا لەسەر چین و ڕووسیا بۆچوونی جیاواز و مشتومڕی توند هەبوو.

دانۆڵد ترامپ کە بە پێی ڕاپرسییەکان پێشەنگی کاندیدەکانی کۆمارییەکانە، لە مشتومڕەکەی مەیامی ئامادە نەبوو، لە کاتێکدا هەوڵ دەدات پاش دۆڕاندنی لە ساڵی 2020 جارێکی تر بگەڕێتەو بۆ کۆشکی سپی.

ترامپ لە هیچ کام لە سێ دیبەیتەکەی کۆمارییەکاندا دەرنەکەوتووە، بەڵام لە کاتێکدا هەر لە ڕۆژی چوارشەممە نزیک لەو شوێنە گردبوونەوەی جەماوەری خۆی ئەنجام دا، ئەو دیبەیتەی بە شتێک ناودێرکرد کە هەر بۆ " تەماشاکردن نابێت."

ڕان دیسانتیس، فەرمانڕەوای فلۆریدا کە لە ڕاپرسییەکاندا لە دوای ترامپە و بە پلەی دووهەم دێت، وتی ترامپ قەرزاری ئەو کەسانەیە کە سەیری مشتومڕەکان دەکەن بۆ ئەوەی بێت و لێرەوە پێیان بڵێت " بۆچی دەبێت دەرفەتێکی دیکە بەدەستبهێنێت" بۆ ئەوەی ببێتە کاندیدی پارتەکە.

کریس کریستی پارێزگاری پێشووی ویلایەتی نیوجێرزی ئاماژەی بە چەندین دۆسێی یاسایی ترامپ کرد و گوتی، "هەر کەسێک ساڵ و نیوێکی داهاتووی ژیانی بەوە بەسەر ببات هەوڵ بدات نەخرێتە زیندانەوە و نەچێتە هۆڵەکانی دادگا، ناتوانێت سەرکردایەتی ئەم حزبە بکات".

لە کاتێکدا وەڵامدانەوەی سەربازی ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی مانگی 7ی مانگی دەی چەکدارانی حەماس بەردەوامە، نیکی هێلی باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ئیسرائیل پێویستی بە "نەهێشتنی حەماس هەیە".

گوتیشی "پێویستە بە ڕوونی ببینین و بزانین کە بەبێ ئێران حەماس نەدەبوو، حزبوڵڵا بەبێ ئێران نەدەبوو، حوسییەکانیش بەبێ ئێران نەدەبوون، هەروەها ئەگەر لەبەر ئێران نەبوایە میلیشیا ئێرانییەکانیش لە سوریا و عێراقیش نەدەبوون کە ئەهەوڵ دەدەن زیان بە ژن و پیاوە سەربازییەکانمان بدەن."

سیناتۆر تیم سکات ڕایگەیاند، بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "نەک تەنها بەرپرسیارێتی و مافی سڕینەوەی حەماس لەسەر نەخشەتان هەیە، بەڵکو پشتگیریتان دەکەین".

کاندیدەکانی کۆمارییەکان لە 6 ی مانگی 12 دیبەیتی داهاتوو دەکەن.

دەنگدەران لە 15ی مانگی یەک لەگەڵ کۆبوونەوەکانی ئایۆوا دەست بە هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆکایەتی پارتەکەیان دەکەن و دوای کۆتایی هاتنی کێبڕکێکانی کاندیدەکان ویلایەت بە ویلایەتەکان، کاندیدی کۆمارییەکان بە فەرمی لە کۆنگرەی پارتەکە لە مانگی 7ی ساڵی داهاتوو ناودێر دەکرێت و هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیش لە مانگی 11 ی ساڵی 2024 بەڕێوە دەچێت.