خدر ڕەش ئەحمەد، هونەرمەندەی کۆچکردوو بۆ بە حەمە مەهابادی ناسراو بوو؟

خدر ڕەش ئەحمەدی هونەرمەندی شاری مەهاباد کە بە حەمە مەهابادی ناسراو بووە، ڕۆژی پێنجشەممە 9ی مانگی یازدە لە تەمەنی 66 ساڵیدا لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

ئەو هونەرمەندە بەناوبانگەی مەهاباد کە بە زۆری لە فیلمی کۆمێدی و شانۆ کوردییەکاندا ڕۆڵی دەگێڕا، لە ساڵی 2010 وە بە هۆی جەڵتەی مێشکەوە، جوڵە و قسەکردنی تێکدەچێت و دوای ئەوەش چیدیکە نەیتوانیوە بەردەوام بێت لە کارە هونەرییەکانی.

خدر ڕەش ئەحمەدی لە ساڵی 1976 دوای تەواوکردنی خوێندنی لە بەشی وانەوتنەوەدا، بە هۆی حەز و خولیای بۆ نواندن و شانۆ پێدەخاتە بواری نواندن و زیاتر لە سێ دەیەی ژیانی لە جیهانی هونەردا بەسەر دەبات.

ئەم هونەرمەندە کۆچکردووە کە لە نێو خەڵکی شاری مەهاباد و ناوچەکەدا زۆر بەناوبانگ و خۆشەویست بووە، زیاتر لە سەد فیلمی کورت و درێژدا ڕۆڵی گێڕاوە و خەڵک یادەوەرییەکی زۆریان لەسەر خۆی و نواندنەکانی هەیە.

ئەو هونەرمەندە بە هۆی ئەوەی نزیکەی دوو دەیە لە ڕۆڵی کەسێکدا بە ناوی حەمە، نواندنی کردووە، لە شاری مەهاباد بەو ناوە ناوبانگی دەرکردووە.

"حەمە نەورۆز"، "زەماوەندی حەمە" و "هه‌لارو و ژنی زانا" بەشێک لە بەرهەم و یادگارییەکانی ئەم هونەرمەندەیە کە لە ماوەی ساڵانی هاوکاریکردنی لەگەڵ ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ناوەندی مەهاباد تێیاندا ڕۆڵی سەرەکی بینیووە.

بەیانی ڕۆژی هەینی 10ی ئەم مانگە تەرمی ئەو هونەرمەندە لە بەشی گۆڕی شاعیرانی گۆڕستانی بوداق سوڵتانی مەهاباد بە بەشداری هۆگران و هونەرمەندان و هۆنەردۆستانی ئەو شارە بەخاک سپێردرا.