دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بەسەر گروپە چەکدارەکان و ئایندەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا

لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی شەڕی توندی نێوان حەماس و ئیسرائیل، گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق کەوتوونەتە هەڕشەکردن و هێرشی زیاتر لە دژی ئەو هێزانەی ئەمەریکا کە لەسەر داخوازی حکومەتی عێراق لە وڵاتەکەن بۆ یارمەتیدان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. هەرچەندە سەرۆک وەزیری عێراق دەزگا ئاسایشییەکانی ڕاسپاردووە ڕێوشوێنی پێویست و یاسایی لە دژی ئەو کەسانە بگیرێنەبەر کە ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن، بەڵام هێشتا هەڕەشە و هێرشەکان بەردەوامن. هاوکات چەندین جار لەلایەن کاربەدەستانی ئەمەریکاوە ڕاگەیاندراوە، ئەگەر بێت و ئەو هێرشانە بەردەوام بن، ئەوا ئەمەریکا کاردانەوەی دەبێت.

دەپرسین:
بۆچی ئەو گروپە چەکدارییانە گوێ بە فەرمانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق نادەن کە بە پێی دەستور و یاسا فەرماندەی گشتی تەواوی هێزە چەکدارەکانە لە عێراقدا؟
حکومەتی عێراقی هەتا چەند دەسەڵاتی بەسەر ئەو گروپانە هەیە؟
چی ڕێگرە لەوەی کۆتایی بە بوونی میلیشیا لە عێراقدا بهێنرێت؟
ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بەهۆی مانەوەی ئەو گروپانە چۆن دەبن؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی پرسی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بەسەر گروپە چەکدارەکان و ئایندەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق.
مەریوان قەرەنی، بەهەمان شێوە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق.
دکتۆر جەلال حەسەن، مامۆستای زانکۆ و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

Your browser doesn’t support HTML5

دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بەسەر گروپە چەکدارەکان و ئایندەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا

مەریوان قەرەنی:
"ڕاستە بەپێی دەستوری عێراقی و تەنانەت ئەو یاسایەی حەشدی شەعبی پێ دروستبوو هەموو ئەو هێزانە لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکانی عێراقە، کە بەپێی دەستور سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە ئەو گروپە چەکدارانە لە کاتی دامەزراندنیانەوە تا ئەمڕۆ ئەجێندای هەرێمی جێبەجێدەکەن نەک لە ژێر فەرماندەی گشتیدا بن."

"عێراق سەروەری لەدەستی خۆیدا نەماوە بەهۆی دەستوەردانی وڵاتانی دەوروبەر کە لە ڕێگای ئەو میلیشیانەوە دەیکەن، بۆیە زۆر قورسە سەرۆک وەزیرانی عێراق بتوانێت ئەو بەڵێنەی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە گروپە چەکدارەکان بکات بۆ ئەوەی هێرشەکانیان نەکەن، بەڵام خەتای ئەمەریکاشی تێدایە کە دەست لەو گروپانە ناکاتەوە و وەڵامییان ناداتەوە."

"دەبێت ئەمەریکا خۆی یەکلایی بکاتەوە، ئایا هەر لەو مەوقیفەدا دەمێنێتەوە کە ڕۆژانە سەیری گروپە چەکدارەکان دەکات کە لە عێراق هێرشییان دەکەنە سەر."


هەرێم کەمال ئاغا:
"بوونی ئەو گروپە چەکدارانە کە لە دەرەوەی یاسا مامەڵە دەکەن، کاریگەری هەبووە لەسەر سەنگ و قورسایی عێراق لە هاوکێشەکانی دەرەوە، ئەمانە زیانێکی زۆریان لە عێراق داوە، تا ئێستاش عێراق نەبووەتە جێیی متمانە بەهۆی ئەم گروپە چەکدارانەوە. لە ڕووی ئابوریشەوە زیانی زۆرییان داوە لە عێراق، بەهۆی ئەوەی وەبەرهێنەرانی دەرەوە ناتوانن بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییەی ئەم گروپانە دروستییان کردووە ناتوانن بێنە عێراق و متمانەیان بە عێراق نییە."

"خۆ ئەو گروپانە دیارن، کێن و چی دەکەن و بریکاری کێن و شەڕ بۆ کێ دەکەن، بەڵام عێراق بۆ نایکات کە ئەم گروپانە بخاتە ژێر دەستی خۆیان ئەوا دەبێت لە سەرۆک وەزیرانی عێراق بپرسرێت، من پێم وانییە هێزی عێراق و حکومەتی عێراق نەتوانێت ئەم هێزانە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بکاتەوە."

دکتۆر جەلال حەسەن:
"ئێستا خودی عێراق و ئەنجومەنی وەزیران تا ڕادەیەکی زۆر بێ دەسەڵاتە بەرامبەر ئەو گروپە چەکدارییانە، چونکە ئەو گروپانە هەریەکە و بەلایەکدا و بەپێی بەرژەوەندی خۆی دەیەوێت دەوڵەتی عێراق بڕوات، هەر خودی عێراق خۆی وڵاتێکی لاوازە."

"ڕاستە ئێمە ناتوانین بڵێین حەشدی شەعبی میلیشیا،یە چونکە بەپێی یاسا ئەو گروپە دامەزراوە، بەڵام کێشەکە لەوەیە ئەو گروپە چەکدارانە هەریەکە و وەلائی بۆ وڵاتێکە، لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە کە عێراق لەنێوان ئەمەریکا و ئێرانە، ئێران ناتوانێت ڕووبەڕووی ئەمەریکا ببێتەوە بۆیە هەمیشە دەیەوێت لەڕێگای ئەو گروپانەوە کێشەکان بخاتە دەرەوەی خۆی و ئەجێندای خۆی لە عێراق جێبەجێبکات، بۆیە هەر لاوازی خودی عێراق کە ئاماژەم پێیکرد وادەکات کە نە لەم کابینەیە نە لە کابینەکانی تریش تەنانەت حکومەت نەتوانێت دەسەڵاتی بەسەر ئەم گروپانەدا هەبێت و بێ دەسەڵات بن، تا ڕادەیەکیش چارەسەرکردنی قورسە چونکە هاوکێشەیەکی دەرەکی ئەم گروپانە لەدەرەوە دەجوڵێنێت، بۆیە هەتا ناکۆکی و ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران هەبێت، تا کێشەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس بەرەو توندی بڕوات کاری ئەم گروپانە لەناو عێراق زۆرتر و توندتر دەبن."

"بەبۆچونی من گۆڕانی ئیدارەی ئەمەریکا کاریگەری لەسەر مامەڵەی ئەمەریکا لەگەڵ ئەم هێزانە بکات و ئەم هێزانە لاواز بکات و کاریگەریش لەسەر پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و عێراق بکات."