پێشەوا هەورامی: چەندین ڕێستۆرانتی بەناوبانگی عالەمی داوای بەرهەمی پەتاتەی هەرێم دەکەن

پێشەوا هەورامی- وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ دەنگی ئەمەریکا نێردراوە ئاماژە بەوە دەکات کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم گرنگی زۆری داوە بە کەرتی کشتوکاڵی، بۆ ئەمەش چەندین پرۆژەی کشتوکاڵیان بەرهەمهێناوە کە بەرهەمەکانیان بۆتە جێگەی سەرنجی بەشێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان و داوای بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بۆیە لە ئێستادا 100 براندی جیاوازی کشتوکاڵیان ئامادە کردووە تا هەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێن.

بە پێی راگەیەندراوەکەی وتەبێژی حکومەت بێت، ئاستی وەبەرهێنانی کشتوکاڵ لە هەرێمدا لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە 1.5 % ەوە بەرز بۆتەوە بۆ زیاتر لە 8 %، بەڵام لە مانگی 10ی ئەمساڵدا دەنگی ئەمەریکا لە زاری ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانەوە ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە داهاتی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمدا سفرە و ئەو بەرهەمانەشی کە پێک هاتوون لە هەنار و پەتاتە و هەناردەی دەرەوە دەکرێن لە ڕێگەی کۆمپانیای ئەهلیەوەن نەک حکومەتی هەرێم.

ئامارەکانی چوار ساڵی ڕابردوو لە زاری پێشەوا هەورامانییەوە بەم جۆرەیە، "وەبەرهێنان لە کشتوكاڵ لە 1.5 %ەوە بەرز بۆتەوە بۆ سەرو 8%. دەمانەوێت بەرهەم بنێردرێتە دەرەوە بۆ ئەمەش بەرز کردنەوەی ئاستی کوالێتی کاری لەسەر کراوە، چونکە دەمانەوێت هەنار، پەتاتە، ترێ، سێو، هەنگوین، چەند بەرهەمێکی تر بنێرینە دەرەوە و ئامادەکردنی 100 براندی جۆراو جۆر تا هەناردەی دەرەوە بکرێن."

دەشڵێت "مۆڵەت دراوە بە 6 کۆمپانیای گەورە، بۆ بەرهەمهێنانی چپسی پەتاتە و فنگر، کە بەرهەمیان 70000 تۆنە، ئێستا خەریکە پەتاتەی کوردستان دەبێتە براندێکی عالەمی، چەندین ڕێستۆرانتی بەناوبانگی عالەمی داوای بەرهەمی پەتاتەی هەرێم دەکەن."

جوتیاران بەردەوام گلەیی لە هاوکاری نەکردنیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەکەن و دەڵێن، وێڕای گونجاوی خاکی هەرێم بۆ بەرهەمی کشتوکاڵی، بەڵام حکومەت بە "کەمتەرخەم" لە زیادکردنی بەرهەمەکانیان ناو دەبەن.

فەرەیدون مەنسور جاف، نوسەر و سەرۆکی ڕێکخراوی شارەزوور بۆ کشتوکاڵ و ژینگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کەمووکوڕی زۆر هەیە لە بواری کشتوکاڵدا، بەڵام حکومەت نەیتوانیوە ئەنجامی بدات، کەم کەم ناردنە دەرەوەی پەتاتە هیچ لە جێگەی تموحی جوتیاردا نییە، تا ئەم دەقەیە نەتوانراوە جوتیار دڵخۆشبکرێت و بچنەوە کێلگەکانیان و بەرهەمیان هەبێت."

فەرەیدون مەنسور جاف

دەشڵیت "ئەو بەرهەمانەی دەخرێنە بازارەوە، جوتیار بە هێز و بازووی خۆی بەرهەمی هێناون، یان کۆمپانیا و بەرهەمهێنەرەکان پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن تا بەرهەمیان دەهێنن، بەداخەوە دروستکردنی چەندین کارگەی جیاواز، بەنداو، ڕاکێشانی کارەبا، لە زەروریەتەکانن کە لە هەرێمدا نیمانن."

ساغ نەبوونەوەی گەنمی جوتیاران یەکێکی ترە لە کێشەکانی جوتیاران، ساڵانە حکومەتی عێراق لە ڕێگەی دوو کۆمپانیاوە گەنمی جوتیاران وەردەگرێت، بەڵام بۆ هەر دۆنمێک زەوی تەنها 180 کیلۆ وەردەگرێت، کە بڕەکەی زۆر کەمە و بەرهەمی زیادە لە 180 کیلۆکە دەبێت لە بازاڕی ڕەشدا ساغ بکەنەوە، هەرچەندە چەند سایلۆیەک لە هەرێمدا بوونیان هەیە، بەڵام سایلۆکان دەتوانن بڕی 40 تەن گەنم لە خۆیان بگرن.

وتەبێژی حکومەت ئاماژە بەوەدەکات چەند سایلۆیەکی پێشکەوتوو لە هەرێم بونیاد نراون کە توانای کۆگاکردنی ڕێژەیەکی زۆر لە گەنمیان هەیە.

پێشەوا هەورامی دەڵێت، "4 سایلۆی ئاست بەرز دروستکراون، چەند سایلۆیەکی تریش لە تەواو بووندان، کە توانای کۆگاکردنی گەنم تێیاندا گەشتۆتە 800000 تۆن، ئاستی بنەتۆو گەشتۆتە 15762 ، 10،405 جوتیار لێی سود مەند بوون، کەمترین بنەتۆو لە دەرەوە هێنراوەتە هەرێمی کوردستان."

دەشڵێت،"حکومەت لە بواری ئاژەڵداریدا پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، لە 2019 تا مانگی 7ی 2023، 1870 پرۆژە جێبەجێکراون کە توانای تێکڕاییان ملیۆنییە."