چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

ئەگەرچی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە زۆر بواردا سوودی خۆیان هەیە، بەڵام زۆر جاریش بۆ مەبەستی خراپیش بەکاربهێنراون و سەرئەنجام کاریگەری نەرێنییان لەسەر تاک و کۆمەڵگە هەبووە. ئەم خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییانە ژمارەیەکی پێشوماری بەسەرهاتی تراژیدییان لێکەوتووەتەوە، هەرێمی کوردستانیش بەشی خۆی لەو تراژیدیانە هەبووە.

دەپرسین:
بۆچی لە کوردستان بەکارهێنانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە وەهای لێهاتووە بگاتە ئەوەی داواکاری گشتی بێتە سەرخەت و خەڵکی لەسەر دەستگیر بکرێت؟
چی بکرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان؟
ئایا ڕێگایەکی زانستی هەیە بۆ فلتەرکردنی هەندێک ڤیدیۆی نەشیاو کە پێشگیری لەو کەسایەتی و تۆڕانە بکرێت کە شیرازەی کۆمەڵگە تێکدەدەن و کاریگەری خراپیان لەسەر تاک هەیە؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ هەڵسەنگاندێک بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
ڕائید سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی.
دکتۆر یوسف عوسمان، توێژەری دەروونی.
ئەندازیار شەماڵ سەباح، شارەزای بواری ئایتی.

Your browser doesn’t support HTML5

چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

ڕائید سەرکەوت ئەحمەد:
"ئێمە سەرەتا وەک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە ڕێگای ڕاگەیاندنی خۆمان لە پەیج و ڕاگەیاندنەکانی سلێمانیەوە هەڵمەتێکی هۆشیاری و ئاگادارکردنەوەمان بۆ هاووڵاتییان بڵاوکردەوە سەبارەت بەوەی خەڵک هۆشیار ببێتەوە لە بابەتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەرەڕای ئەوەش هەم وەک خۆمان کە بەشێکمان بۆ چاودێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پۆلیس هەیە، هەم وەک داواکاری گشتی چاودێری ئەو پەیج و کەسانەیان دەکرد کە سوکایەتی و بابەتی نەشیاو بڵاودەکەنەوە، سەرەڕای ئەوەش هاووڵاتییان بەردەوام پەیوەندیمان پێوەدەکەن سەبارەت بەو کەسایەتی و پەیجانە کە پێمان دەڵێن بابەتی نەشیاو و بەشێوازی قێزەون لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبێتەوە، ئەوە بوو ئێمەش دایک و کچێکمان دەستگیرکرد، کەسانی تریش دەستگیر دەکەین کە ناویان هاتووە، ئەو کەسانە بە سپاردە تا ڕۆژی دادگاییکردنییان ئازادکراون."

"چەندین ڕووداوی کوشتن و تاوان و خۆکوشتن بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لایڤەکانەوەیە، هەندێک جار کە دەوترێت کچێک ونبووە و نەگەڕاوەتەوە ماڵ زۆربەیان بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوەیە سەری خۆیان هەڵدەگرن و ناگەڕێنەوە ماڵ، یان بەشێکی زۆری کێشەکانی ژن و پیاو هەر لەسەر بابەتی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانە."

"هەموو ئەو تاوانانەی کە بەهۆی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕوودەدەن، خێزانیش لێی بەرپرسە، خۆناکرێت حکومەت و پۆلیس بۆ هەموو ماڵ و کوچەیەک دانێیت، دەبێت خێزانەکان خۆیان چاودێری مناڵەکانیان بکەن، بە تایبەت ئەوانەی کە لە خوار هەژدە ساڵن، دووەمیش حکومەت بەرپرسە، سەیری ئەو هەموو فیلمە دۆبلاژکراوە بێ مانایانە کاریگەری خراپییان هەبووە لەسەر ئەو هەموو تاوان و ڕووداوانەی ڕوودەدەن، لەبری ئەو درامایانە با بەرنامە بکەن لەسەر بەکارهێنان و هۆشیارکردنەوەی خەڵک بۆ تۆڕەکۆمەڵایوتییەکان، بەداخەوە لێرەدا حکومەت دەبوو ئەو دەزگایانە ناچار بکات ڕۆڵی سەرەکییان هەبێت کە بەداخەوە نایکات."

"منیش بۆچونم وایە ئالودەبوون بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هاوشێوەی ماددە هۆشبەرەکان خراپن و تاک و کۆمەڵگە تێکدەدەن، بەڵام چارەسەر هەیە، حکومەت دەبێت چاودێری بخاتە سەر سۆشیاڵ میدیا، باشە لە خوارووی عێراق تێلیگرام نییە، کەچی لە کوردستان هەیە."

"ئێمە وەزارەتی ناوخۆ و گشتی پۆلیسمان ئاگادارکردووەتەوە تەنانەت پۆلیسی پارێزگاکانی تریش هەمان ئاگادارییان بە وەزارەتی ناوخۆ و گشتی پۆلیس داوە کە پێویستە ئالودەبوانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان چارەسەر بکرێن و فلتەر دابنرێن لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تا تەشەنە نەکات بە تایبەت لەوانەی خوار هەژدە ساڵن، چونکە تا تەشەنە بکات ڕێژەی خۆکوشتن و ونبوون و تاوانیش زیاتر دەبن، بەڵام دەڵێن دیراسەی دەکەین، بەداخەوە وەک دەزانرێت بە ناشکوری نەبێت حکومەتی ئێمە توشی قەیرانی دارایی بووە، بۆیە نایپرژێتە سەر پەروەردەکەمان."

دکتۆر یوسف عوسمان:
"تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەم تاک و خێزانەکان، هەموو هێڵێکی سوری تێپەڕاندووە، تاکی وا هەیە ڕۆژانە 18 کاتژمێر تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنێت، کە لەڕووی سایکۆلۆژییەوە هەر شتێک ڕۆژانە سێ کاتژمێر بەکاربهێنرێت بە ئالودەبوو دادەنرێت، جگە لەوەی کە بووەتە هۆی ئەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی زۆر لاوازبووە، مرۆڤی وا هەیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک پێنج هەزار فۆڵۆی هەیە بەڵام کە دەچێتە دەرەوە دوو کەس مەرحەبایی ناکات، ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵچوونی دەرونی و فشار لەسەر مێشک هەر ئەمەشە وایکردووە کە خەڵک زمانی گفتوگۆی نەماوە دەبینی لەسەر فول لایتێک کەسێک دەکوژێت، ئالودەبوونیش سەرەتای هەموو تاوانێکە."

"داتاکان پێمان دەڵێن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئالودەبون و نەخۆشی و هێڵی سور تێپەڕیووە کە هەموو چینەکانی گرتووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ناهۆشیارییە لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان."

"بۆ نمونە هەندێک شت پێشتر لە کۆمەڵگە و کلتوری ئێمە نەبوون، وەک کوشتنی باوک و کوڕ یان زاوا و خەزور یان کوشتنی مناڵ و خوشک بەو ڕێژە زۆرە یان تاوانی جۆراو و جۆر کە پێشتر نەبوون، کە ئەمەش بەشێکی پەیوەندی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هۆکاری تر هەیە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی بۆشایی ڕۆحی، مناڵەکانی ئێمە کوڕی دایک و باوکی خۆیان نین، بەڵکو کوڕی تەکنەلۆژیا و مۆبایلن، ئەوەندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن و خەریکی لایڤ و قسەکردن و کۆمێنتن ئەوەندە لەگەڵ دایک و باوک و خانەوادەکانیان قسە ناکەن."


ئەندازیار شەماڵ سەباح:
"ڕاستیەکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کێشەی زۆر گەورەن، دەبێت بە هەمووان هەوڵی چارەسەرکردنی بدەین، دانانی فلتەر زەحمەتە، چونکە ئەو فلتەرانە لە دەست حکومەتی عێراقە زیاتر دواتر لە دەستی حکومەتی هەرێمە، کە ئەمەش پێویستی بە یاسایە."

"ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە کێشەی بیر و مێشک بۆ خەڵک دروات دەکەن، هەر وەک ئەوەی بەپێی ئامارەکان نزیکەی 300 ملیۆن کەس بەهۆی ئالودەبوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و (سکرۆڵ)کێشەی ئالودەبوون و مێشک و دەمارییان بۆ دروستبووە، لەکاتێکدا بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە 70 ملیۆن کەس تووشی کێشەی مێشک و ئالودەبوون بوون، واتە ڕێژەکە چەندین جار زیاترە."

"تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر زۆرن ناتوانرێت هەمووی فلتەر بکرێت، باشترین فلتەر پەروەردە و دایکان و باوکانن، دەبێت ئەوان فلتەری ئەو بابەتانە بکەن کە دەچێتە دەستی مناڵەکانیان، ئێمە پێویستمان بە پێناسەکردنەوە هەیە بۆ سۆشیاڵ میدیا، کە بەڕاستی بەس کۆمەڵایەتی نین، جگە لە دروستبوونی ئالودەبوون و بێزاری کە دەبێتە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی."