ناڵە سوپەر بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی 5 ساڵی تر سزا درا و  دایکی دەڵێت "بەرپرسی باڵا" لە پشت دۆسیەکەوەن 

کچە ڕاگەیەندنکار ناڵە سوپەر دوای نزیکی ساڵێک لە زیندانی کردنی ئەم هەفتەیە بۆ جاری دووەم لە هەولێر سزادرایەوە و بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی" پێنج ساڵی تر سزاکەی بۆ درێژکرایەوە.

دایکی ناڵە سوپەر لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت ئەو کەسانەی لە پشت دەستگیرکردنی کچەکەیەوەن بەرپرسن لە هەرێمی کوردستان و هەڕەشە دەکات ئەگەر کچەکەی ئازاد نەکرێت ناوی هەموو ئەو کەسانە ئاشکرا دەکات. هەروەها ڕاشیگەیاند کچەکەی ماوەی دوو ڕۆژە مانی لە خواردن و خواردنەوە گرتووە بۆیە ڕەوشی تەندروستی خراپە و لە زینداندا ڕێگە نەدراوە ببرێتە لای پزیشک.

خوناو عوسمان دایکی ناڵە سوپەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کچەکەم بۆ ماوەی چوار تا پێنج مانگ هیچ دۆسیەیەکی یاسایی و تۆمەتبارکردنی لەسەر نەبوو، تەنها ناوێکی ڕووت هەبوو بەبێ هیچ شتێک. کچەکەم دۆسیەکەی بە شەخسی کراوە ئەگەر چارەسەری ئەمە نەکەن، ئەو کەسانە ڕادەگەیەنم کە لە پشتی ئەم بابەتەوەن کە بەرپرسن لە هەرێمی کورستاندا."

سەبارەت بە خراپی دۆخ و مانگرتنی لە زینداندا، ئەمشەو ڕاگەیاندنی چاکسازی و ژنان و منداڵانی هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، ناڵە سوپەر نارەزایەتی دەربڕیوە لە بڕیاری دادگا کە ئەمە هیچ پەیوەندی بە چاکسازیەکەمانەوە نییە، بەڵام سەبارەت بە چارەسەر نەکردن و نە بردنی بۆ نەخۆشخانە بە هیچ جۆرێک ڕاست نییە، بەڵکو خۆی نەیویستووە بچێتە لای دکتۆر، تەنانەت خودی خۆی پەنجەمۆری کردووە لەسەر ئەوەی کە چارەسەر وەرنەگرێت."

ڕاهێنەری لەشجوانی و ڕاگەیەندنکار ناڵە سوپەر لە بەروای 12-5-2022 دەستگیرکرا و لە مانگی 9ی هەمان ساڵ بە دۆسیەی تەزویرکردنی ساڵنامەی ئۆتۆمبێلێک سزا درا.

دوای تەواو کردنی سزاکەی لەسەر دۆسیەی یەکەم وا بڕیار بوو دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا ئازاد بکرێت، بەڵام جارێکی تر بە سزای زیاتر لە 5 ساڵ لەلایەن دادگای تاوانەکانی دووی هەولێر سزا درایەوە.

سەرهەنگ محەمەد پارێزەری ناڵە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند دۆسیەی ئێستا دژ بە ناڵە سوپەر بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر خەڵک و دام و دەزگا ئەمنیەکان و کارمەندانی ئەو دەزگا ئەمنیانە.

بەگوێرەی پارێزەرەکەبێت، ناڵە پێشتر مادەی 289ی تایبەت بە تەزویری و 298ی بەکارهێنانی نوسراوی فەرمی تەزویر بۆ کرابویەوە، بەڵام دوایتر بڕیارەکە "تەمیز کرایەوە و هەڵوەشایەوە چونکە پێیانوانەبوو تەزویرەکە لەلایەن ناڵەوە کرابێت." جگە لە مە، بە دۆسیەی هەڵگرتنی چەک لە ژێر مادەی ٢١ سێ مانگ زیندانی کراوە.

پارێزەرەکە دەڵێت دوای تەواوکردنی ئەم سزایانە، دەبوایە ناڵە ڕۆژی 12-11-2023 ئازادبکرێت بەڵام ئەمجارە لە ژێر دۆسیەی بڕگەی 1 لە یاسای 21 ی ساڵی 2003 بۆ 5 ساڵ و مانگێکی تر زیندانییەکەی درێژکراوەتەوە.

سەرهەنگ محەمەد وتی، "دیار نییە زانیاری داوە بە کێ چونکە هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نییە. دەبێت دوو شایەت هەبێت بۆ ئەم دۆسیەیە، بەڵام یەک کەس شایەتی داوە، وە شایەتەکان دەبێت دیاربێت، بەڵام شایەتیەکە نادیارە و نهێنییە نازانین کێیە."

وتیشی،"بەهۆی نەبوونی بەڵگە بۆیە من داوای تەمیزکردنەوەی بڕیارەکە و ئازاد کردنی دەکەم."

خێزانی ناڵە سورن لەسەری ئەوەی ئەوەوەی تەواوی تۆمەتەکان دروستکراون و ئەو "بێتاوانە."

مامۆستا خوناو عوسمان دایکی ناڵە سوپەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کچەکەم لە 12ی مانگی 5 کە دەستگیرکرا، ئەسڵەن ڕفاندن بوو نەک دەستگیرکردن، کچەکەم بۆ ماوەی 26 ڕۆژ بێ سەرو شوێن بوو، دواتر لە 7ی مانگی 6 تەلەفۆنیان بۆ کردم کە کچەکەم لە چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێرە."

بەگوێرەی لێدوانەکەی خوناو عوسمان بێت، لە مانگی 9ی ساڵی ڕابردوو ماڵەکەی ناڵە دەپشکنرێت و ساڵنامەی ئۆتۆمبێلەکەی دەدۆزرێتەوە و بە تەزویر هەژمار دەکرێت. بەڵام کچەکەی لە ساڵی 2020 وە ئەو ئۆتۆمبێلەی فرۆشتووە بە هەمان کەس کە پێشتر لێی کڕیوە کە هی "بەرپرسێکی" باڵا بووە.

دایکی وتی،"ئێمە هەستدەکەین لە شوێنێکی باڵا دەست بەسەر کەیسەکەی ناڵەدا گیراوە، چونکە دادگا بە گوێرەی دەسەڵاتداران دەجوڵێتەوە."

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم دۆسیەیە پەیوەندی کرد بە هەریەک لە چاکسازی مناڵان و ژنانی هەولێر، دادوەر ئارام جەمال و ئاسایشی گشتی هەولێر بەڵام پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون.