فیلمی بکوژانی مانگی گوڵ( Killers of the Flower Moon ) لە دەرهێنانی مارتین سکۆرسێزی، دەرهێنەری ئەمەریکایی، دوای بڵاوبوونەوەی لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی 140 ملیۆن دۆلار فرۆشی هەبووە و ڕەخنەگران پێیان وایە ئەم ئاستە لە فرۆشتن بۆ فیلمێکی درێژی لەو شێوەیە کە نزیکەی 3 کاتژمێر و نیوە، لەو ماوە ئاماژە پێکراوەدا، ڕێژەیەکی بەرزە.
چیرۆکی فیلمی بکوژانی مانگی گوڵ، چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە کە لەسەر بنەمای کتێب بەهەمان ناو لە نووسینی دەیڤید گرەن، نووسەر و ڕۆژنامەوانی ئەمەریکایی دروستکراوە و باس لە کوشتنی کۆمەڵیک لە ئەمەریکاییە ڕەسەنەکان لە سەرەتاکانی ساڵی 1920 لە باکووری ئۆکلاهۆما دەکات.
هۆزی ئۆسەیج کە هۆزێکی گەورەی ئەمەریکایە ڕەسەنەکانە، دوای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سپی ئەمەریکاوە لە ماڵەکانیان لە ویلایەتی کانزاسی ئێستا دەردەکرێن و دەگوازرێنەوە بۆ ئۆکلاهۆما، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەبنە خاوەنی سامانێکی گەورە، ئەمەش بە هۆی دۆزینەوەی نەوتەوە لە سەر خاکەکەیان.
فیلمەکە وێڕای ئاماژەدان بە کوشتنی کۆمەڵێک لە دەوڵەمەندانی هۆزی ئۆسەیج، باس لە سەرەتاکانی سەرهەلدانی پۆلیسی ئیڤ بی ئای لە ئەمەریکاش دەکات.
لە فیلمی بکوژانی مانگی گوڵدا، ئێرنست بۆرکهارت بە ڕۆڵگێڕانی لیۆناردۆ دیکاپریۆ و وێڵیام هێڵ بە ڕۆڵگێڕانی ڕابێرت دی نیرۆ دەست دەکەن بە کوشتنکارییەکی بێ بەزەییانە و بە شێوەیەکی دڕندانە 60 ئەندامی دەوڵەمەندی هۆزی ئۆسەیج دەکوژن.
ئێرنست بورکهارت لە فیلمەکەدا سەربازێکی دێرینە و لە جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی 1919 گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکانی ئۆکلاهۆما و وەک شۆفێرێک بۆ وێڵیام هێڵی مامی کە پیاوێکی دەوڵەمەندە، کار دەکات. مامی کە لە نێو هۆزی ئۆسەیجەدا وەک هاوڕێ و خێرخوازێکی گەورە ناسراوە، هانی بورکهارت دەدات کە گرنگی بە ماڵی کایل کە کچی دەوڵەمەندێکی هۆزی ئۆسەیجە، بدات.
ئێرنست گوێڕایەڵانە بەشێک لەو پیلانگێڕییە کە هێڵ سەرکردایەتی دەکات، لەگەڵ براکەی و تاوانبارانی جۆراوجۆردا جێبەجێی دەکات بۆ کوشتنی ئەندامانی خێزانی ماڵی و دوای ئەوەش وردە وردە مافی خاوەندارێتی موڵک و دارایی خێزانی ماڵی دەکەوێتە دەست ئێرنست، هێڵ و خێزان و هاوکارەکانیان.
سەرەڕای ئەوەی هەندێک پێیان وایە دەرهێنەر لە فیلمەکەدا، پاساو و پاکانەی بۆ بکوژی ئەو کارەساتە هێناوەتەوە، چوونکە ئێرنست وادەردەخات کە لە ژێر کاریگەری مامیدا وبە پشتبەستن بەو ئیستدلالە کە فەرمانی لە سەرەوەی خۆی وەرگرتووە، تەنها جێبەجێکاری فەرمان و پلانەکان بووە و بە شێوەیەک لە شێوەکان بێبەری دەکات لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، بەڵام زۆرێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە فیلمی بکوژانی مانگی گوڵ توانیوێتی هەڵسەنگاندنێکی زیرەکانە بۆ هەڵسوکەوتی ئەمەریکا لەگەڵ ئەمەریکاییە ڕەسەنەکان پیشان بدات وبە دەستکەوتێکی بەرزی هونەری دیکە بۆ مارتین سکۆرسێزی و هاوکارەکانی ناوی دەبەن.
هەروەها فیلمەکە نەک هەر لە لایەن هەڵسەنگێنەرانی فیلمی سینەمایی لەسەر ماڵپەڕی ڕاتێن تۆمەیتۆز ڕیزبەندی ئەرێنی 92%ی وەرگرتووە، بەڵکو لە لایەن 84%ی بینەرانیشەوە، بۆچوونی ئەرێنی وەرگرتووە و هەر ئەمەش وایکردووە کە فیلمەکە ببێتە جێگەی سەرنجی زۆر کەس و مشتومڕێکی زۆریشی لێبکەوێتەوە.