چەند سەرچاوەیەک دەڵێن ئێران بە حەماسی گوتووە خۆی ناخاتە شەڕەوە لە دژی ئیسرائیل

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سێ بەرپرسی باڵاوە ڕایگەیاندووە، ئایەتوڵا عەلی خامنەئی ڕێبەری باڵای ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لە سەرەتای مانگی 11 لە تاران، پەیامێکی ڕوونی داوە بە ئیسماعیل هەنیەی ڕێبەری بزووتنەوەی حەماس.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، خامنەئی بە هەنیەی ڕاگەیاندووە، ئێرانیان لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل ئاگادار نەکردووەتەوە، بۆیە لەبری حەماس ناچنە ناو ئەو شەڕەوە.

بەرپرسانی ئێران و حەماس کە ئاگاداری گفتوگۆکان بوون و نەیانویست ناوەکانیان ئاشکرا بکەن، ڕایانگەیاندووە، خامنەیی بە هەنیەی گوتووە، ئێران بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی سیاسی و ئەخلاقی بۆ حەماس، بەڵام ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە شەڕەکەی لەگەڵ ئیسرائیلدا ناکات.

بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە، ڕێبەری باڵای ئێران فشاری خستووەتە سەر هەنیە بۆ ئەوەی ئەوانە بێدەنگ بکات لە ناو ئەو گرووپە فەلەستینییە کە بە ئاشکرا داوا دەکەن ئێران و گروپی حزبوڵای لوبنانی هاوپەیمانی بەشداری شەڕی دژ بە ئیسرائی بکەن.

حزبوڵای لوبنانیش بە هێرشە توندەکەی حەماس تووشی سەرسوڕمان بوو کە لە مانگی ڕابردوودا دژ بە ئیسرائیل ئەنجامی داو بووە هۆی کوژرانی بەلایەنی کەم 1200 ئیسرائیلی، کە تەنانەت هێزەکانیان لە گوندەکانی نزیکی سەر سنووریش ئاگادار نەکرابوونەوە.