پرسی بێکاری گەنجان لە هەرێمی کوردستان

لەو کاتەی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان نەماوە، گەنجان بە سەدان و هەزار بێ کار ماونەتەوە. زۆرێک لەو گەنجانە بە ناچاری کارێک دەکەنە پیشەی خۆیان کە دوورە لەو بوارانەی بڕوانامەیان تیایاندا بەدەستهێناوە یان هەندێک وەک خۆیان دەڵێن ڕێی هات و نەهات دەگرنەبەر، بەو هیوایەی بگەنە وڵاتێکی ئەوروپا و ژیان گوزەرانیان لەوێ باشتر بکەن.

دەپرسین:
ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە ناو چینی گەنجان چەندە؟
لە هەرێمی کوردستان گەنجێکی زۆر خوێندنیان تەواو کردووە، بۆچی هەلی کاریان بۆ نادۆزرێتەوە؟
لە کاتێکدا دامەزراندنی حکومی نەماوە، چ ڕێگەی دیکە هەیە بۆ دۆزینەوەی هەلی کار؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی پرسی بێکاری گەنجان دەکەین بە میوانداری:
سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان.
مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتی کارودەستەبەری کۆمەڵایەتی، لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی.
محەمەد میرانی، سەرپەرشتیاری ئەنجومەنی دەرچووە دانەمەزراوەکان.

Your browser doesn’t support HTML5

پرسی بێکاری گەنجان لە هەرێمی کوردستان

سیروان محەمەد:
"بەپێی دواین ئاماری دەستەی ئامار ڕێژەی بێکاری ە هەرێمی کوردستان لە ١٦،٥%، ئەم ڕێژەیە بەرزتر دەبێتەوە لەناو ڕەگەزی مێ-دا بۆ ٢٩،٦% ، لەناو ڕەگەزی نێر ڕێژەکە نزم دەبێتەوە بۆ ١٣،٦%، بێگومان نەمانی دامەزراندن لە کەرتی گشتی کاریگەری هەبووە لەسەر بەرزبونەوەی ڕێژەی بێکاری، بەڵام ئەوەی دەمەوێت وەک هۆکارێکی تر باسی بکەم، ئەوەیە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن کە ئامادەن بەکرێیەکی کەمتر کاربکەن ئەمەش دەرفەتی کاری بۆ خەڵکی خۆمان کەمتر کردۆتەوە."

مەریوان بەگۆک:
"ئێمە وەکو وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی کۆمەڵێک ڕێوشوێنمان گرتۆتەبەر بۆ نەهێشتنی بێکاری، بەڕێوەبەرایەتی ڕاهێنانمان هەیە لە هەموو پارێزگاکان، ئەو کەسانەی بێکارن لەو بەڕێوەبەرایەتییانەدا فێری پیشە دەکرێن، بە تایبەت ئەو پیشانەی بازاڕ پێویستی پێێیەتی، چەندین خولی پیشەیمان کردۆتەوە، لەوانە خولی دانانی کارەبای ناوماڵ، خولی فێربوونی چاککردنەوەی مۆبایل، خولی فێربوونی بەرگدووری، خولی چانسنی کوارک، چەندین خولی تر، سەرەڕای ئەوەش قسەمان لەگەڵ ژووری بازرگانی کردووە کە زیاتر هەوڵبدەن کۆمپانیاکان دەرچووەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان دابمەزرێنن."

"ئێمە وەک وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ناڵێم دامەزراندن، بەڵام هەر دەرچوویەکی زانکۆ و پەیمانگاکان بێنە لامان ئێمە دەتوانین هەلی کاری بۆ بدۆزینەوە لە کۆمپانیا و شوێنەکان."

محەمەد میرانی:
"من وەک سەپەرشتیاری ئەنجومەنی دەرچووە دانەمەزراوەکان، ناتوانم بڵێم بەوردی ژمارەی دانەزراوەکان چەندەیە،بەس دەتوانم بڵێم بەنزیکەیی ٤٥٠-٥٠٠هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان هەیە کە دانەمەزراون، ئەوەش کاریگەری خراپی هەیە لەسەر ئەو خوێندکارانەی ئەمڕۆ کە دەخوێنن وایان لێدەکات سارد ببنەوە لەخوێندن و بڵێن بۆچی بخوێنین کە ئایندەمان وە ئەم ٥٠٠ دانەمزراوە بێت."

"کاتێک دەچینە کەرتێکی تایبەت داوای کار دەکەین، پێمان دەڵێن دەبێت دوو ساڵ ئەزمونی کارکردنت هەبێت، ئێ باشە دەرچوویەکی زانکۆ دوو ساڵ ئەزمونی لەکوێ بوو! کەهیچ کەس کاری پێنەدابێت."

"لەناو ئەم گەنجە دانەمزراوانەدا هەیە شاگردی دوکانە مانگی ٢٠٠هەزاری هەیە، باشە ئەمە ئەگەر کرێچی بێت و خێزاندار بێت بە ٢٠٠ هەزار بەڕێوەدەچێت؟ چۆن بەمە دەوترێت کار."