لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، دوو کۆڵبەر دەکوژرێن و چەند کۆڵبەرێکیش بریندار دەبن

لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە، دوو کۆڵبەر گیان لەدەستدەدەن و چەند کۆڵبەرێکیش بریندار دەبن.

رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و هەنگاو بڵاویان کردوەتەوە لە دوایین ڕووداوی تەقەکردن لە کۆڵبەران لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، کۆڵبەرێک بە ناوی جەلال حەیدەریان شەوی چوارشەممە و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی یادگار ڕەحیمی ئێوارەی سێ شەممە لە ناوچەی سنووری هەنگەژاڵەی سەر بە شاری بانە بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور کۆژراون.

جەلال حەیدەریان تەمەن 28 ساڵان خەڵکی گوندێکی دیواندەرە بووە و یادگار ڕەحیمی تەمەن 34 ساڵان، باوکی 2 منداڵە و خەڵکی گوندێکی بانە بووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نووسیوێتی لە ڕۆژی سێ شەممەوە له ناوچه سنوورییەکان، هێزەکانی پاسەوانی سنووری له نزیکەوه تەقەیان له کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە کە جیا لە کۆژرانی دوو کۆڵبەر، له ئەنجامدا 4 کۆڵبەری دیکەش کە دوو منداڵی کۆڵبەریان له نێویاندا بووە، به ناوه کانی ئاروین محەمەدی، تەمەن 14 ساڵ خەڵکی سنە، ئیمان تەمەن 17 ساڵ خەڵکی سنە، شاهۆ تەمەن 21 ساڵ و حەسەن تەمەن 20 ساڵ بە قورسی بریندار بوون.

هەنگاو دەڵێت بەپشتبەستن بەو ئامارانەی دەستی کەوتووە لە سەرەتای وەرزی پاییزەوە تاکوو ئێستا 5 کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و لانیکەم 35 کۆڵبەریش بریندار بوون.