خوشکی یەکێک لە قوربانیانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران لە شاری بۆکان دەستبەسەر دەکرێت

ئەسرین محەمەدی، خوشکی یەکێک لە قوربانیانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ڕابردوو، ڕۆژی چوارشەممە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

ماڵپەڕی مافەکانی مرۆڤی هرانا کە پشت بە زانیاری چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت، لە زاری برای ئەسرین محەمەدییەوە ڕایگەیاندوە ناوبراو لەلایەن 17 ئەندامی هێزە ئاسایشییەکانەوە لەناو دوکانێکی بۆکان دەستگیرکراوە.

ئەو ماڵپەڕە نووسیوێتی دایکی خاتوو محەممەدیش لە کاتی دەستبەسەرکردنی کچەکەیدا لەلایەن بریکارەکانی یەکەی تایبەتەوە لێیدراوە و بریندار بووە.

میلاد محەممەدی، برای ئەسرین لە تۆڕی تایبەتی خۆی لە ئیکس هەواڵی دەستگیرکردنی خوشکەکەی پشتڕاستکردوەتەوە و نووسیوێتی خوشکەکەم لەناو چاپخانەیەکی لافیتە کە بە مەبەستی چاپکردنی چەند شتێک بۆ ساڵوەگەڕی گیان لەدەستدانی براکەم ڕۆیشتبوو، بە هاوکاری خاوەن دوکانەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.

برای ئەو خاتوونە هەروەها لە پۆستەکەیدا نووسیوێتی " ئەسرین نەخۆشە و دوای کوژرانی براکەم تووشی چەند نەخۆشییەکی قورس بووە و چەند جارێک لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و دەبێت لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بێت."

دەشڵێت "هەرچییەک بەسەر خوشکەکەمدا بێت، کۆماری ئیسلامی بەرپرسیارە."

لە هەواڵەکاندا هاتووە تاکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی دەستگیرکردنەکەی خاتوو محەمەدی نەخراوەتە ڕوو.

ئەسرین محەمەدی خوشکی شەهریار محەممەدیە کە لە 18ی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو لە کاتی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی ئێران لە بۆکان بە تەقەی هێزەکانی ئاسایش بریندار کرا و بەهۆی قورسی برینەکانیشی گیانی لەدەستدا.